"هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ٨ مانگە پلانی بۆ دانراوە"
  2025-06-14       290       

ئا: ئاوێنە

 

بەگوێرەی ئاکسیۆس، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران کە ئامانجی لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و بنکە مووشەکییەکان و سەرکردە و زاناکان بوو، بە نهێنی بۆ ماوەی ٨ مانگ پلانی بۆ دانرابوو.

 

ئاکسیۆس دەنووسێت ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئیسرائیل شەڕێکی نوێی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکردووە کە ڕەنگە ئەمەریکاش بگرێتەوە. ئیسرائیل هەوڵدەدات بەم ئۆپەراسیۆنە توانا ئەتۆمی و مووشەکی بالیستییەکانی ئێران "لەناوببات"، کە وەک بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند "لانیکەم چەند ڕۆژێک دەخایەنێت". بەرپرسانی دیکەی ئیسرائیلیش دەڵێن "رەنگە چەند هەفتەیەک بخایەنێت".

ئاکسیۆس بەپشتبەستن بە بەرپرسان دەنووسێت کە ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنیا لەهێرشی ئاسمانیدا سنووردار نابێت و نوێنەرانی مۆساد سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنە تێکدەرەکان دەکەن دژی سیستەمی بەرگری مووشەکی و ئاسمانی لەسەر زەوی.

جگە لەوەش بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل دەڵێن، چاوەڕوان دەکرێت ئیسرائیل لەچەند ڕۆژی داهاتوودا بەردەوام بێت لەهێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ژێرزەمینییەکانی ئێران لەگەڵ ئامانجەکانی دیکە.

بیرۆکەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک کە لە یەک کاتدا هێرش بکاتە سەر بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران، دوای ئەوەی ئێران لە مانگی ئۆکتۆبەردا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل سەریهەڵدا، ئەمەش بەشێک بوو لە گواستنەوە بۆ قۆناغێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

ئاکسیۆس دەنووسێت "پاڵنەر" بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، جبەخانەی مووشەکی ئێران بووە کە بە خێرایی گەشەی کردووەو بەرگری ئاسمانی لاواز بووە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەفسەرانی سەربازی و هەواڵگریی ڕاسپارد کە پلانی ئۆپەراسیۆنەکە دابنێن.

ئاکسیۆس بە پشت بەستن بە بەرپرسانی سوپای ئیسرائیل نووسیویەتی فاکتەری یەکلاکەرەوە لەپلاندانانی ئۆپەراسیۆنەکەدا داتای هەواڵگری بووە کە ئێران دەتوانێت زۆر زووتر بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت ئەگەر بڕیاریدا.

بەگوێرەی بڵاوکراوەکە، تەنانەت لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کاری لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەکرد، ئیسرائیل خۆی بۆ ئەم هێرشە ئامادە دەکرد - کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و کۆکردنەوەی سەرچاوەکان و ئەنجامدانی مەشقەکان.

ئەم ئامادەکاریانەی ئیسرائیل نیگەرانی کۆشکی سپی لێکەوتەوە، بەو پێیەی ترسی ئەوەیان هەبوو بنیامین ناتانیاهۆ بەبێ ڕەزامەندی ئەمریکا ئەم هێرشە بکات، لەگەڵ ئەوەشدا دوای ماوەیەکی کەم لە دەستپێکردنی هێرشەکە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە پێشوەختە لەبارەی پلانەکانی ئیسرائیلەوە ئاگادار کراوەتەوە، هەرچەندە ئاماژەی بەوەدا کە سوپای ئەمریکا بەشداری ئۆپەراسیۆنەکەی نەکردووە.

ئاکسیۆس بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قەناعەتی پێکردووە، کۆشکی سپیش ​​بەئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، ئەگەر هێرش بکات، ئەوا بە تەنیا دەبێت. دۆناڵد ترەمپ پێش هێرشەکە ڕایگەیاندبوو کە دژی هێرشی ئیسرائیلەو ڕایگەیاندبوو کە ئەو هێرشە دانوستانەکان "کۆتایی پێدەهێنێت".

بەڵام دوای دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل، بەرپرسانی ئیسرائیل بەڕۆژنامەنووسانیان ڕاگەیاند، هەموو شتێک لەگەڵ ئەمریکا هەماهەنگ بووە. دوو بەرپرسی باڵا بەئاکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، دژایەتی گشتیی دۆناڵد ترەمپ و تیمەکەی "تەنها یارییە"و لەواقیعدا دژایەتیان نەکردووە، بۆ ئەوەی ئەو بڕوایە بەئێران بدەن کە هێرشێک ڕوونادات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×