ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیۆمی ئیسرائیلی بڵاویکردوەتەوە، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا پاش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداریی بەعەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران داوەو پێی وتوە، دەسەڵاتەکەت لەمەترسیدایە.
ئاوێنە: سەرچاوەیەک بەڕۆژنامە ئیسرائیلییەکەی ڕاگەیاندوە، پوتن لەسەر داوای ئێران، ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی لەگەڵ ترەمپ کردوەو خامنەیی لەئەنجامی گفتوگۆکە ئاگادارکردوەتەوە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، سەرۆکی ڕوسیا ئامۆژگاریی ڕابەری باڵای ئێرانی کردوە بەخێرایی دانوستانو گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکاتەوە، ڕاستەوخۆش فەرمانی چۆڵکردنی باڵیۆزخانەی ڕوسیای لەتاران دەرکردوە.
سەرەتای جەنگەکە لەبەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، دەستیپێکرد، کاتێک ئیسرائیل بەزیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازیو بنکەی ئەتۆمی لەتارانو چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد، هاوکات ژمارەیەک لەبەرپرسانی باڵای سەربازییو زانای ئەتۆمیی کوشت.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لەسەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە تا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 244 کەس کوژراونو زیاتر لەهەزارو 480ی دیکەشیان برینداربون.
ئێرانیش لەوەڵامی ئەو هێرشانە، ڕۆژانە بەهەڵدانی دەیان موشەک بۆ نێو تەلئەبیبی پایتەختو پارێزگاکانی دیکە، وەڵامی ئیسرائیلی دەداتەوە، بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، لەئەنجامی هێرشەکانی ئێران، 20 کەس کوژراونو زیاتر لە 500ی دیکەشیان برینداربون.