ئاژانسی بلومبێرگ ئهمڕۆ پێنجشەممە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاند، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا خۆیان بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران لە چەند ڕۆژی داهاتودا ئامادە دەکەن.
ئاوێنە: ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی بلومبێرگ بە پشتبەستن بە سەرچاوەکان ئاماژەی بەوەکردوە، "دۆخەکە هێشتا لە پەرەسەندندایە و ئەگەری گۆڕانکاری هەیە"، هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان بەوەکردوە کە پلانی ئەگەری هەیە بۆ هێرشكردن لە سەرەتای هەفتەی داهاتودا.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، سەرکردە باڵاکانی چەندین دەزگای فیدڕاڵی لە ئێستاوە دەستیان کردوە بە ئامادەکاری بۆ ئەگەری هێرشکردن.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا یاریدەدەرە باڵاکانی ئاگادار کردوەتەوە کە پلانەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران پەسەند کردوە.
ڕۆژنامەکە بە پشتبەستن بە سێ کەسی ئاگادار لەو بابەتە، ئاماژەی بەوەکردوە، ترەمپ فەرمانی کۆتایی دوادەخات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا تاران دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمیەکەی دەبێت یان نا.
ڕۆژنامەکە پشتڕاستی کردوەتەوە کە ترەمپ یاریدەدەرە باڵاکانی ئاگادارکردوەتەوە کە پلانەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران پەسەند کردوە بەبێ ئەوەی فەرمانی ئەنجامدانی ئەو هێرشە بدات.
ترهمپ دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاندبو، رهنگه ڕوخانی ڕژێمی ئێستای ئێران ڕوبدات، ئیسرائیل "کارێکی باش دەکات"، ئاماژەی بەوەکرد، "هێشتا بڕیاری کۆتاییم نەداوە" سەبارەت بە لێدانی ئێران، ههروهها وتی، "گەیشتن بە ڕێککەوتن دورترە".
ناوبراو درێژەی بە قسەکانیدا و وتی، "ڕوخانی ڕژێمی ئێستا لە ئێران دەکرێت ڕوبدات، جەختی لەوە کردەوە کە دەرگای کۆبونەوەی لەگەڵ ئێران دانەخستوە و "ئەگەری هەیە بگەینە ڕێککەوتن، بهڵام لایەنگرانی من نایانەوێت ببینن ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت".