عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیدەكاتەوە كە لە هێرشە موشەكییەكەی ئەمڕۆیاندا بۆ سەر باشوری ئیسرائیل نەخۆشخانەی سۆرۆكا كرابێتە ئامانج و دەڵێت، ئەوەی كراوەتە ئامانج پێگەیەكی سەربازی بوە بەڵام زیانێكی روكەشیش بەر نەخۆشخانەی سەربازیی سۆرۆكا كەوتوە كە نزیك بوە لە شوێنەكەوە.
ئاوێنە: عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێكدا لە تۆڕی ئێكس وتویەتی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزەكانمان بە دیقەت بارەگای فەرماندەیی و كۆنترۆڵی هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیلیان كە ئامانجێكی گرنگە، لەنێوبرد.
ئەوەشی خستۆتەڕو، شەپۆلی تەقینەوە لەوبارەگایە بوە هۆی ئەوەی كە زیانێكی روكەش بە بەشێكی بچوكی نەخۆشخانەی سەربازیی سۆرۆكا بگات كە لەنزیكی شوێنەكەیەو پێشتریش چۆڵكرابو.
عراقچی لەگەڵ ئەوەش وتویەتی، ئەو ناوەندە تەندروستییە بەزۆری بۆ چارەسەركردنی ئەو سەربازە ئیسرائیلییانە بەكاردەهێنرێت كە لە 25 میل لەولاترەوە بەشداری لە "كۆمەڵكوژی" غەززەدا دەكەن، غەززەیەك كە ئیسرائیل 94%ی نەخۆشخانەكانی فەلەستینییەكانی وێرانكردوە یان زیانی پێگەیاندون.
جەختیشی كردۆتەوە كە ئەوە "رژێمی ئیسرائیلە دەستی بەم خوێنڕشتنە كردوە نەك ئێران، تاوانبارانی جەنگی ئیسرائیلن كە نەك تەنیا ئێرانییەكان بەڵكو نەخۆشخانەو خەڵكی مەدەنی دەكەنە ئامانج."
بەقسەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەرەتای هێرشەكەی ئیسرائیلەوە بۆ سەر وڵاتەكەیان تاوەكو ئێستا "سەدان ئێرانی بێتاوان و بەبێ هۆكار" كوژراون.
عراقچی وتوشیەتی، داوا لە ئیسرائیلییەكان دەكەم بەر لە هێرشەكانمان، گوێ لە هۆشدارییەكانی ئێمە بۆ چۆڵكردن بگرن و خۆیان دوربخەنەوە لە شوێنە سەربازی و ئەمنییەكان.
هەروەها جەختیشی كردۆتەوە كە هێزە چەكدارەكانیان بەردەوام دەبن لە سەر هێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل تا ئەو كاتەی ئیسرائیل دەست لە هێرشەكانی هەڵدەگرێت.