بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، ئەڵمانیاو فەرەنسا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لە جنێڤ كۆببنەوە. بەپێی قسەی دیپلۆماتكاران، تەوەری سەرەكی دانوستانی نێوان ئەو وڵاتانەی ئەوروپاو ئێران پێشنیارەكەی ئەمریكا دەبێت لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران.
ئاوێنە: كەناڵی بی بی سی لە زاری چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی نزیك لە دانوستانەكانەوە، بڵاویكردۆتەوە، وەزیرە ئەوروپییەكان كە ئەمڕۆ لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران كۆدەبنەوە، سەرنجی تەواوەتییان لەسەر پێشنیارەكەی ئەمریكایە لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران.
بەپێی قسەی ئەو سەرچاوانە، وەزیرانی دەرەوەی ئەو سێ وڵاتە ئەوروپییە دەیانەوێت "پەیامێكی رون"ی ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و ستیڤ ویتكۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەو وڵاتە بۆ ئێران بگوازنەوە.
یەكێك لە سەرچاوەكان وتویەتی، لە كۆبونەوەكەدا هەمو شتێك دەربارەی گەیشتنە بە خاڵی سفر واتە راگرتنی تەواوەتی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە.
ئەوشە لەكاتێكدایە كە بۆ ئێران راگرتنی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆم هێڵی سورەو هەروەها پێشتر پێشنیارەكەی ئەمریكای بۆ دروستكردنی ناوەندێكی هاوبەشیی ناوچەیی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە دەرەوەی ئێران رەتكردۆتەوە.
سەعید خەتیب زادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، دوێنێ بە بی بی سی وت، لە بەردەم گەیشتن بە رێككەوتن بوین، بەڵام هێرشەكانی ئیسرائیل پڕۆسەكەی تێكدا. بەقسەی ئێران ئامانجی هێرشەكانی ئیسرائیل لەناوبردنی رێگەچارەی دیپلۆماسی بوە.
خەتیب زادە جەختیشی كردۆتەوە "هەر كە هێرشەكانی ئیسرائیل راگیران، دیپلۆماسییەت ئەولەویەتی هەرە لەپێش دەبێت."
پێدەچێت ئەو بابەتە، واتە راگرتنی هێرشەكانی ئیسرائیل یەكەم داخوازی ئێران لە دانوستانەكانی ئەمڕۆدا بێت.