وەزیری بەرگریی ئەمریكا و سەرۆك ئەركانی هاوبەشی هێزە چەكدارەكانی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وردەكاری هێرشی وڵاتەكەیان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران خستەڕو. وەزیری بەرگریی ئەمریكا دەڵێت، وەڵامی توندومان بۆ هەر هێرشێكی ئێران دەبێت.
ئاوێنە: پیت هێگسیت، وەزیری بەرگریی ئەمریكا لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا هێرشەكەی ئەمریكای بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران بە هێرشێكی ورد بۆ لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران ناوبردو وتی، بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانیان بەتەواوەتی لەناوبردوە.
وەزیری بەرگریی ئەمریكا وتیشی، كاتێك ترەمپ قسەیەك دەكات دەبێت بە جدی وەربگیرێت.
پیت هێگسیت وتیشی، قاسم سولەیمانی لەوە تێگەیشت، كاتێك ترەمپ مۆڵەتی 60 رۆژی دا بە ئێران، دەبو بەجدی وەریبگرێت.
وەزیری بەرگریی ئەمریكا جەختیشی كردەوە كە هەر جۆرە تۆڵەسەندنەوەیەكی ئێران بۆ هێرشەكە، روبەڕوی وەڵامێكی توندی ئەمریكا دەبێتەوەو ئێران دەبێت هۆشی هەبێت و ئەوە بەجدی وەربگرێت.
هەروەها وتیشی، ئامانجی ئەم هێرشانە بۆ گۆڕینی رژێمی ئێران نەبوە.
لەلای خۆیشیەوە دان كەین، سەرۆك ئەركانی هاوبەشی هێزە چەكدارەكانی ئەمریكا ئاماژەی بەوەدا، هێرشەكەی شەوی رابردویان بە فڕۆكەی بی2 و كۆمەڵێك موشەك ئەنجامداوە كە لەژێردەریارییەوە هاوێژراون.
وتیشی، سیستمی بەرگریی ئێران لەماوەی هێرشەكەدا نەیتوانی فڕۆكەكانی ئێمە ببینێت.
هێمای بۆ ئەوەش كرد كە وڵاتانی ناوچەكە بەر لە هێرشەكە ئاگادار نەكرابونەوە بەڵام ئەو وڵاتانەو نوێنەرانی كۆنگرێس دەستبەجێ دوای ئەوەی فڕۆكەكانی ئێمە گەیشتنەوە شوێنی سەلامەت، ئاگاداركرانەوە.
وتیشی، هێزەكانی ئەمریكا تا ئێستا لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر وەڵامێكی ئێران. ئاماژەی بەوەشدا، وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشەكە "بژاردەیەكی زۆر خراپە بۆیان."