جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی لەگەڵ ئێران لە جەنگدا نییە بەڵكو لەگەڵ بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران لە جەنگدایەو هەروەها ئەوەش پشتڕاست ناكاتەوە كە لەسەدا 100 دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران لە هێرشەكەی ئەمریكادا لەناوبرابن.
ئاوێنە: جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئێن بی سی نیوز، لەبارەی هێرشەكەی ئەمریكا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، رایگەیاند، ئێمە لە دۆخی جەنگدانین لەگەڵ ئێران بەڵكو لە جەنگداین دژی بەرنامە ئەتۆمییەكەی.
هەروەها ڤانس ئەوەی پشتڕاست نەكردەوە كە لە هێرشەكەدا دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران لەسەدا 100 لەناوبرابن و وتیشی، پێی وایە هێرشەكە، توانای ئێرانی بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی "زۆر دواخستوە"و "ئەوەش ئامانجی ھێرشەكە بوە."
ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران "بەتەواوەتی لەناوبران."
جەی دی ڤانس لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی، چەند سەعاتێك لەدوای هێرشەكەی ئەمریكا، واشنتۆن هەندێك پەیامی ناڕاستەوخۆی لە ئێرانییەكانەوە پێگەیشتون.
لەبارەی ئەگەری داخستنی گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، جەی دی ڤانس وتویەتی، ئەو هەنگاوە، هەنگاوێكی "خۆكوژیی" دەبێت بۆ ئێران، چونكە تەواوی ئابوریی ئیران بە گەروی هورمزدا تێدەپەڕێت و بۆیە پێموانییە ئەوە كارێكی لۆژیكی بێت.
جێگری سەرۆكی ئەمریكا جەختیشی كردەوە كە واشنتۆن ئاشتی دەوێت لەگەڵ ئێران بەڵام لەچوارچێوەی ئەوەی كە نابێت بەرنامەی چەكی ئەتۆمی هەبێت.
جەی دی ڤانس باسی لەوەش كرد كە دەبو ئێرانییەكان ئەو چانسە بقۆزنەوە كە ترەمپ پێی دابون بۆ دیپلۆماسییەكان.