کۆمپانیای کی کارد ئامادە نییە مووچەی ئەندامانی حەشدی شەعبی دابەش بکات و ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، پێدەچێت مووچەکانیان بە کاش وەربگرن تا ئەو کاتە ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەکە دەدۆزرێتەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە، عودەی تەمیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی مووچەی مانگی حوزەیرانی هێزەکانی حەشدی شەعبی خەرج کردووە، بەڵام کۆمپانیای کی کارد ئامادە نییە دابەشی بکات.
ئەوەشی خستەڕوو کە بڕیارە وەزارەتی دارایی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بانکەکان بکات بۆ ئەوەی ڕێگەچارەیەکی خێرا بۆ کێشەکە بدۆزنەوە.
تەمیمی ڕاشیگەیاند، پێدەچێت مووچەی حەشدی شەعبی بە کاش دابەش بکرێت، تا ئەو کاتەی ڕێگەچارەیەک دەدۆزرێتەوە.
پێشتر موعین کازمی، کە یەکێکە لە پەرلەمانتارە شیعەکان ڕایگەیاندبوو، کۆمپانیای کی کارد ڕووبەڕووی گوشارێکی گەورەی ئەمریکا بووەتەوە و ئەوەش ئاستەنگی بۆ دابەشکردنی مووچەی حەشدی شەعبی دروست کردووە.
هاوکات مەیسەم زەیدی، فەرماندەی فیرقەی عەباس کە یەکێکە لە میلیشیاکانی سەر بە حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هەڕەشەی سزادانی لە کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکتۆرنی کردووە، ئەگەر هاتوو مووچەی ئەندامانی حەشدی شەعبی دابەش بکەن.