یەکێک لە دەستگیرکراوەکانی ناڕەزایی ”ژن ژیان ئازادیی” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا
  2025-07-04       374       

پارێزەری ڕزگار بەگزادە بابامیری ڕایگەیاند، لە لایەن دادگای ئێرانەوە سزای لەسێدارەدان بەسەر ڕزگار بەگزادە بابامیری سەپێندرا، دەشڵێت: تا ئێستا ڕوون نییە ئەو زیندانییە بە کام تۆمەت سزا دراوە.

ئاوێنە: عوسمان موزین پارێزەری ڕزگار بەگزادە بابامیری لەبارەی سزادانی ڕزگار بەگزادە بابامیری لە لایەن ئێرانەوە لە لێدوانێکدا بۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا بەمجۆرە زانیاریی دەخاتەڕوو، "ڕزگار بەگزادە بابامیری، کە یەکێکە لە دەستگیرکراوەکانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ورمێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا".

وتیشی: "تا ئێستا ڕوون نییە، کە ڕزگار بەگزادە بابامیری بە کام تۆمەت سزا دراوە".

هاوکات، لە ١٧ـی نیسانی ٢٠٢٣، ڕزگار بەگ زادە بابامیری تەمەن ٤٧ ساڵ، كە باوکی سێ منداڵە و دانیشتووی بۆکانە، بە هۆی بەشدارییکردن لە خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادیی” و دابینکردنی پێداویستی تەندرووستیی بۆ قوربانییانی خۆپیشاندانەکە لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە بێ فەرمانی دادوەر لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکە دەستگیر کرا و ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا.

جێگای ئاماژەیە، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لەلایەن لقی ١٠ـی داواکاری گشتیی و شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “چەکداری، یاخیبوون، کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی، پرۆپاگەندە دژی دەوڵەت و سیخوڕی کردن” تۆمەتبار کراوە و بۆ ماوەیەکی زۆر دۆسێیەکەی ڕاگیرا، دواتر لە لایەن دادگای تاوانەکانی ورمێ بە ١٥ ساڵ زیندانی سزا درابوو.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×