ئا: ئاوێنە
روسیا باشترین نمونەیە بۆ ئاماژەدان بەخراپترین ئەزمونی تایبەتسازی لەجیھاندا، کە بەشێوەیەکی خێرا دەیان کەس لەماوەیەکی زۆر کەمدا لەڕێگەی تاڵانکردنی سەروەتو سامانی گشتییو قۆرغکاریو سپی کردنی پارەوە بون بەملیۆنەرو ملیاردێر.
روسیا، کە میراتگری سەرەکی یەکێتی سۆڤیەتی جارانە، لەسەرەتای دەیەی ١٩٩٠ەوە سیستەمێکی نوێی ئابوری ئەزمون کرد، کە دوای ھەرەسھێنانی سۆڤیەت، خێراو لەناکاو لەسیستەمی ئابوری سۆشیالیستییەوە بەرەو سیستەمی بازاڕی ئازاد پەڕییەوە.
ھەربۆیە تایبەتسازی لەم وڵاتەشدا زۆر خێراو بەپەلە ئەنجامدرا، کە روسەکانیش خۆیان ناویان لێنا تایبەتسازی خێرا Prikhvatized ziya .
لەم پرۆسەیەدا پێشنیاری ئەوە کرا کە ئەو کۆمپانیاو کارگانەی کە دەوڵەت خاوەندارێتی دەکردن، بکرێن بەپشکو بدرێن بەھاوڵاتیان، بەڵام گەندەڵی ئیداری بووە ھۆی ئەوەی کە لەھەڵسەنگاندنی ئەو کۆمپانیاو کارگانەی دەدران بەکەرتی تایبەت، نرخی راستەقینەیان لەبەرچاو نەگیرێتو ئەو لیژنەو بەڕێوەبەرانەی ئەرکی سپاردنی کۆمپانیاکانیان لەکەرتی گشتییەوە بەکەرتی تایبەت لەئەستۆدا بوو، بکەونە ھەڕاج کردنی کۆمپانیاو کارگەکانو لەزۆربەیاندا لەبەرژەوەندیو قازانجی خۆیان کاریان کرد، ئەمەش وایکرد کە تایبەتسازی لەروسیادا بەمافیاییترین مۆدیلی تایبەتسازیی ناوببرێت.
کۆمپانیاو کارگەکان بەنھێنیو بەبێ زیادکردنی ئاشکرا بەچەند خاوەنکارێکی ساختە یان دەسەڵاتدارێک دران.
کۆمپانیای روستێل کۆم کە خاوەنی ٨٠%ی ھێڵەکانی تەلەفونە، نرخی ھەر ھێڵێکی بە ٥٠ دۆلار دانرابو، لەکاتێکدا کە ھاوشێوەی ئەم ھێڵە لەو کاتەدا لەژاپۆن نرخی ھەر یەکی ٢ ھەزارو ٣٢٠ دۆلار بوو.
تایبەتسازی لەروسیا بەخراپترین جۆری تایبەتسازی مێژو دادەنرێت، ئەوەی لەسەرەتاوە چاوەڕوان دەکرا لەم پرۆسەیە رووینەدا، کە دەرگا بەڕوی کەسانی خاوەن پارەو پسپۆرییدا بکاتەوە بەپێی ئەو میکانیزمو پێوەرانەی لەژاپۆنو بەریتانیاو ئەڵمانیا باو بوون.
ئەم جۆرە سەرمایەدارانە، زۆربەیان لەڕێگەی کڕینی پشکە ھەرزانەکانی کۆمپانیاو کارگەکانەوە بون بەسەرماداری گەورە، بۆ نمونە کۆمپانیای سێبی نەوتی کە دوو سەرمایەدار بەبڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار کڕیان، ساڵانە نزیکەی ٣ ملیار دۆلار قازانجیان لێدەکرد.
ئەنجامدانی تایبەتسازی لەروسیا، لەکاتێکدا بوو کە دراوی ئەو وڵاتە لەھەرەسھێناندابو، کاربەدەستانی حکومی گەندەڵ بون، یاسایەکی گونجاو بۆ رەخساندنی کێبڕکێی ئابوری لەئارادا نەبو، بازاڕی بۆرسە گەشەی نەکردبو، تیمێکی شارەزای ئابوری لەکایەدا نەبو کە بتوانێت ھاوسەنگی لەنێوان مەسەلە ئابوریو کۆمەلایەتییەکاندا رابگرێت، بۆیە موڵکو دارایی گشتی بەتاڵان براو تایبەتسازی بەبی ئامادەکاریی پێویستی خاوەنی پیشەسازییە نوێکان ئەنجامدرا.
لەتایبەتسازی روسیادا، کات بۆ خستنەڕووی بڕی پشکەکان دیاری نەکرا، ئابوریناسان لەمبارە ئاماژە بەوە دەکەن کە لەپرۆسەی تایبەتسازییدا ھەرچەندە وڵاتان سەقامگیریی سیاسیو ئابورییان لاوازترو کەمتر بێت، کاتو قۆناغی سپاردنی کۆمپانیاو کارگەکانیش بەکەرتی تایبەت کورتتر دەبێت. بۆ نمونە ٦ ساڵی خایاند تا موڵکایەتی کۆمپانیای دوێتچە تەلەکۆم لەکەرتی گشتییەوە گواسترایەوە بۆ کەرتی تایبەت. بەڵام ئەو وڵاتانەی کە قانونیان تیا سەروەر نییەو لەرووی سیاسیو ئابورییەوە سەقامگیر نین، زووتر گۆڕانکاری ئابوریو تایبەتسازی بەئەنجام دەگەیەنن، بۆنمونە کاتی رادەستکردنی کۆمپانیاو کارگە روسییەکان لەلایەن دەوڵەتەوە بەکەرتی تایبەت زۆر کورتو خێرا بوو، لەماوەیەکی کەمدا پرۆسەی تایبەتسازی ١٥ ھەزار کۆمپانیا، دوای ھەرەسھێنانی یەکێتی سۆڤیەت بەخێرایی ئەنجامدرا.
ھاوکات ئەم مۆدیلو میکانیزمی تایبەتسازییەی روسیا، زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای رۆژھەڵاتی گرتەوە، کە سەردەمانێک لەلایەن کۆمنیستەکانەوە حوکم دەکرانو پاش داڕمانی بلۆکی سۆشیالیستی رۆژھەڵات، دەیانویست خێرا سیستەمی ئابورییان لەسۆشیالیستییەوە بگۆڕن بەسیستەمی بازاڕی ئازاد.