خوێندنەوەیەك بۆ چیرۆكی پروخارچین
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
هیچ رۆماننووسێكی جیهان، هێندەی (دۆستۆیڤسكی) نەیتوانیووە وەسفی كەسایەتیی مرۆڤ بكات بەتایبەتی ئەو كەسانەی كێشەی دەروونییان هەیە، هەربۆیە هەمیشە دۆستۆیڤسكی، جگە لەوەی بە یەكێك لە رۆماننووسە مەزنەكانی جیهان دادەنرێت، لەهەمانكاتیشدا بە باوكی زانستی دەروون شیكاریش دادەنرێت، ئەمەش بە وتەی من نا، بەڵكو بە وتەی (سیگمۆند فرۆید) كە بە باوكی دەروون شیكاریی جیهان دادەنرێت.
(دۆستۆیڤسكی) لە زۆرێك لە رۆمان و چیرۆكەكانیدا، لەكاتی باسكردنی پاڵەوانەكانییدا، وەسفێكی گشتگیر و دەروون شیكاری وردیان بۆ دەكات، ئەمەش وایكرد، دواتر قوتابخانەیەكی رەخنەیی ئەدەبی بەناوی (رەخنەی دەروونشیكاری ئەدەبی) دروست بێت. هەتا ئێستاش لە جیهاندا، پاڵەوانی ناو رۆمان و چیرۆكەكانی دۆستۆیڤسكی، مایەی شڕۆڤەكردن و لێكۆڵینەوەی ئەدەبی و دەروون شیكارین.
لەماوەی پێشوودا كتێبی (بیرەوەریی زستانە و هەستی هاوینە)ی دۆستۆیڤسكیم خوێندەوە، كە (حەمە كەریم عارف) كردوویەتی بە كوردی و ناوەندی رۆشنبیریی رەهەند لە سلێمانی، چاپی كردووە، ئەم كتێبە، كۆمەڵێك چیرۆك و بیرەوەریی دۆستۆیڤسكی لەخۆدەگرێت، بەتایبەتی باسی گەشتێكی دەكات بۆ فەرەنسا، لە وتارێكی تردا قسە لەبارەی ئەو گەشتەیەوە دەكەم، كە ئەویش بابەتێكی ئێجگار جوانە، بەڵام لەم وتارەدا، باسی چیرۆكێكی زۆر سەرنجڕاكێشی ئەم كتێبە دەكەم، بە ناونیشانی (پروخارچین)، (سیمۆن ئیڤانۆفیچ پروخارچین) لە ماڵەكەی (ئوستینا ڤدیدەوفنا)دا دەژی و كونجێكی بە كرێ گرتووە، ئەمیش كەسایەتییەكی ئێجگار ئاڵۆزی هەیە. لە سەرەتای چیرۆكەكەدا نووسەر بەمشێوەیە وەسفی پاڵەوانەكەی دەكات و دەڵێت: (لە تاریك و نوتەكترین كونجی ماڵەكەدا دەژیا، پیاوێكی گەنج، عاقڵ و بەناوبانگ و دەمی لە مەشرووبەوە نەدەدا، كارمەندێكی بچووكی حكومەت بوو، مووچەكەشی كەم بوو. هەوەڵین شتێك كە سەرنجی راكێشاین، رەزیلیی و دەست نوقاوییە دەگمەنەكەی بوو، هیچ كاتێك تێر بە سكی خۆی خواردنی نەدەخوارد، رۆژێك تێر و دووان برسی، لە دنیای فانی دا، نە گۆرەوی لەپێ دەكرد و نە دەستەسڕی بەكاردەهێنا، ئەو شتانەی بە زیادە مەسرەفی دادەنا. ل61.62).
دەتوانین بڵێین، كەسایەتییەكی زۆر چروك و پیسكە لەگەڵ كۆمەڵێك كەسی تردا دەژی و ژوورێكی بەكرێ گرتووە. ئەم جۆرە كەسایەتییانە لەناو هەموو كۆمەڵگەیەكدا هەن، كە بەشێوەیەكی توندڕەوانە پیسكەن، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی نەخۆشیی دەروونییەوە.
(پروخارچین) هەموو مانگێك پێج رۆبڵ بۆ براژنەكەی دەنێرێت، دوایی دەردەكەوێت ئەمەش ئەسڵ و ئەساسی نییە و حكایەتێكە زادەی مێشكی خۆی بووە، بەڵام كەس نازانێت بۆچی ئەم حكایەتەی بۆ خۆی دروستكردووە!
بۆ ماوەیەك (پروخارچین) دیار نامێنێت و پاشان دەردەكەوێتەوە و نەخۆشی خراپ دەگرێت و تووشی لەرز و تایەكی بەهێز دەبێت و شەوانەش وڕێنە دەكات. هەرچەندە ئەو پەیوەندیی باشی لەگەڵ كرێچییەكانی تردا نییە، بەڵام ئەوان لەگەڵیدا باش دەبن و هەر شەوێك، یەكێكیان ئێشك دەگرێت، بەڵام دواتر دەمرێت، مردنەكەشی دەبێتە گرێ كوێرە بۆ دانیشتووانی ناو خانووەكە. لەمەشدا پۆلیس بەشداری دەكەن لە كنەوپشكنین و لە هۆكاری مردنەكەی دەكۆڵنەوە، هەربۆیە دەتوانین بڵێین، ئەم چیرۆكە دەچێتە قاڵبی ئەدەبی پۆلیسیشەوە، چونكە لێكۆڵینەوەی پۆلیس و دادوەر و پشكنەری پۆلیسی تێدایە. بەهەرحاڵ دوای مردنی (پروخارچین)، كە دانیشتووانی ماڵەكە دەچن ژوورە چڵكن و پیسەكەی دەپشكنن، بەتایبەتی دۆشەكە دڕاوەكەی، سەیر دەكەن، لەناو دۆشەكە دڕاوەكەدا، گەنجینەیەكی گەورەی پارە دەدۆزنەوە، تومەز (پروخارچین) هەموو پارەكانی خستۆتە ناو ئەم دۆشەكە دڕاوەوە، ئەمەش دەبێتە گرێیەكی گەورە بۆ هەموو دانیشتووانی ئەم خانووە، چونكە پێشتر (پروخارچین) هێندە خۆی داماو و هەژار پیشان دەدا، كەسیان باوەڕیان نەدەكرد، ئەم هەموو سامانەی هەبێت.
لێرەدا خاڵی سەرەكی ئەم چیرۆكە، قسەكردنە لەسەر كەسایەتییەكی ئاڵۆز، كەسێكی هێندە پیسكە، كە دەچێتە چوارچێوەی نەخۆشیی دەروونییەوە، دیارە ئەگەر سەیری كۆمەڵگەكانی جیهان بكەین، خەڵكانی زۆری لەم جۆرەی تێدایە، بەڵام لەوانەبێت كەسمان نەتوانین وەكو (دۆستۆیڤسكی) وەسفێكی ورد و درشت و جوانی ئەم كەسایەتییانە بكەین و بەشێوازی ئەدەبی جوان، چیرۆكی ژیانیان باس بكەین، لێرەشەوە گرنگی ئەدەبی دۆستۆیڤسكیمان بۆ دەردەكەوێت.