کارزان ئەحمەد
پێشەکی
لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دەدەم ئەزموونی شیعری سۆران محەمەد لە ڕوانگەی «گۆڕینی سیستەمی بینین»ەوە بخوێنمەوە. گریمانەی سەرەکی توێژینەوەکەش ئەوەیە کە لە بەشێک لە دەقەکانی سۆراندا، ئامانجی دەق تەنیا گواستنەوەی مانایەکی دیاریکراو نییە؛ بەڵکوو دەق بە گۆڕینی پەیوەندی نێوان (وشەکان، شتەکان، کات، شوێن، مێژوو و ئەزموونی مرۆیی....) خوێنەر ناچار دەکات شێوازی ئاسایی بینینی خۆی بگۆڕێت. لەم چوارچێوەیەدا، توێژینەوەکە دەقەکانی سۆران لە چوار تەوەرەی پەیوەست بە یەکدییەوە دەخوێنێتەوە:
یەکەم/ گۆڕینی سیستەمی بینین.
دووەم/ کات وەک هێزێکی ناوەکی و نائاسوودەکەر.
سێیەم/ دروستکردنی جیهانێک کە لەگەڵ یاسای ئاسایی خۆیدا ناکۆکە.
چوارەم/ تێکدانی شێوازی ئاسایی بینین و دروستکردنی ئەزموونی نوێی خوێندنەوە.
بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە سوودم لە خوێندنەوەی دەقەکانی شاعیر لە ماڵپەڕی (تەم)دا وەرگرتووە، وەك «پانۆرامای گڵۆڵە»، «پارادۆکس»، «Trauma بە تەنیشت مەرگدا»، «ئەفسوونەکانی ثیتیس»، «لە پێڕستی موسافیرێکەوە» و سێ دەقەکانی «ناکات». لێرەدا هەوڵ دەدەم نیشانی بدەم کە سۆران لە شیعرەکانیدا تەنیا وێنەی نامۆ دروست ناکات؛ بەڵکوو پەیوەندی نێوان شتە ئاشناکان دەگۆڕێت و لەو ڕێگەیەوە میکانیزمی درک کردنی خوێنەر دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئیدی «نامۆبوون» زیاتر لە ئەنجامی ئەو پرۆسەیەدا بەرجەستە دەبێت، بەڵام «گۆڕینی سیستەمی بینین» میکانیزمی سەرەکیی دروستبوونی ئەو ئەنجامەیە.
گرفتی خوێندنەوە:
یەکێک لە گرفتەکانی خوێندنەوەی شیعری هاوچەرخ ئەوەیە کە دەق زۆرجار پێش ئەوەی بە وردی بخوێندرێتەوە، لەژێر ناوی قوتابخانەیەکی ئەدەبی یان چەمکێکی تیۆریدا پێناسە دەکرێت. دەکرێت دەقێک بە «سوریالیستی»، «بوونگەرایی»، «پۆستمۆدێرن» یان «نامۆ» ناوببرێت؛ بەڵام ئەم ناوانە بە تەنیا ناتوانن میکانیزمی ناوخۆیی دەقەکە ڕوون بکەنەوە.
بۆیە لە خوێندنەوەی دەقەکانی سۆران محەمەددا، پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە «ئەم شیعرانە سەر بە کام قوتابخانەن؟»، بەڵکوو ئەوەیە: دەق چۆن وا دەکات خوێنەر شتێکی ئاشنا بە شێوەیەکی نائاشنا ببینێت؟
ئەم پرسیارە ڕێگە دەدات لە پێناسەی سادەی «نامۆبوون»ەوە تێپەڕین و بگەینە چەمکێکی کاراتر، کە لێرەدا بە «گۆڕینی سیستەمی بینین» ناوی دەبەین.
مەبەست لە سیستەمی بینین ئەو کۆمەڵە چاوەڕوانییە (زمانەوانی، مانایی و فۆرمییە)یە کە خوێنەر بەهۆی زمان و ژیانی ڕۆژانە و ڕۆتینەکانی درککردنەوە لێی ڕاهاتووە. بەڵێ ڕاستە سەرەتا مرۆڤ شتەکان بە شێوەیەکی خێرا دەناسێت و پەیوەندییەکی ئاسایی لەنێوان هۆکار و ئەنجامەکاندا چاوەڕوان دەکات و وشەکان بە مانا کۆنەکانیانەوە دەبەستێتەوە.
بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگەو مەبەستمانە ئەوەیە کە شیعر وەك بەشێك لە ئەدەب و هەروەها هونەری داهێنەرانەش دەتوانێت ئەم سیستەمە تێک بدات.
لە بیرۆکەکانی بیرمەندو ڕەخنەگر (ڤیکتۆر شکلوڤسکی)دا هاتووە، هونەر بە نامۆکردنی شتە ئاشناکان و شکاندنی ئۆتۆماتیکی درککردنەوە، پرۆسەی بینین درێژتر و ئاگامەندانەتر دەکات. بەم پێیە هونەری ئەفرێنەر تەنیا شتێکی نوێ ناڵێت؛ بەڵکو شێوازی بینینی شتێکی کۆن دەگۆڕێت.
ئەم بیرۆکەیە بۆ خوێندنەوەی شیعرەکانی سۆران بەسوودە، بەڵام مەبەست ئەوە نییە یەکسەر شیعری سۆران بە سادەیی بخەینە ناو خانەی قوتابخانەی فۆرمالیستی ڕووسییەوە. بەڵكوو چەمکی نامۆکردن لێرەدا وەک ئامرازێکی ڕەخنەیی بەکاردێت بۆ ڕوونکردنەوەی میکانیزمی دەق.
لە کاتێکدا ئەم توێژینەوەیە لەسەر بنەمای خوێندنەوەو کارکردن لە ناو دەقەکانەوە دامەزراوە. لە جیاتی ئەوەی هەر دەقێک پێشوەختە بخرێتە ناو خانەیەکی دیاریکراوی قوتابخانەی شیعرییەوە، هەوڵ دەدەین دەقەکان بە وردی بخوێنینەوە و ئەو شوێنانە دەستنیشان بکەین کە پەیوەندی ئاسایی نێوان شتەکانی تێدا دەگۆڕدرێن.
هەر لەم میانەدا دەکرێت دەقێك؛ لە یەکێك یان زیاتر لەم چوار تەوەرەی تێدا هاوبەش بێت و زیاد لە یەکێکیان لە خۆ بگرێت.
تەوەری یەکەم: گۆڕینی سیستەمی بینین
یەکێك لە بنەما سەرەکییەکانی خوێندنەوەی شیعرەکانی سۆران ئەوەیە کە دەق زۆرجار تەنیا «وێنەیەکی نامۆ» پێشکەش ناکات، بەڵکوو پەیوەندی نێوان شتە ئاشناکان دەگۆڕێت.
ئەم جێگۆڕکێیە دەکرێت لەسەر ئاستی (وشە، وێنە، کات، شوێن یان پەیوەندی نێوان هۆکار و ئەنجامەکان)دا ڕووبدات. بۆ نموونە شتێک کە خوێنەر بە شێوەیەکی دیاریکراو ئاشنایەتی و دەیناسێت، لە دەقەکەدا دەچێتە ناو پەیوەندییەکی نوێ و لەوێدا مانا و کارکردنەکەی دەگۆڕدرێت.
بەم پێیە، گرنگی دەق تەنیا لە «ئەوەی چی دەڵێت»دا نییە، بەڵکوو لەوەدایە کە «چۆن وا دەکات بیخوێنینەوە».
لە بەشێكی دەقەکانی سۆراندا، شتە ڕۆژانەکان لە کۆنتێکستی ئاسایی خۆیاندا دەردەهێنرێن و لەگەڵ شتێکی (نامۆ، زانستی، مێژوویی یان خەیاڵی)دا دەبەسترێنەوە. بەرهەمی ئەم کارە تەنیا سەیرکردنی وێنەیەکی نامۆ نییە؛ بەڵکوو لەم کاتەدا خوێنەر دەبێت یاسای پەیوەندی نێوان شتەکان سەر لە نوێ دابمەزرێنێتەوە.
بۆ نموونە لە دەقی «شاری جنۆکاوی»زاراوەکانی وەك: پەردە، گەڵا، ماوس، کارەبا، ژمارەی هەڵبژاردن و شار.... هەموویان دەچنە ناو سیستەمێک کە یاسای ئاسایی کارکردنیان تێکچووە. ماوس بە پێچەوانەی ویست دەجوڵێت؛ ژمارەی خواست دەچێتە سەر خانەی پێچەوانەی لیستی هەڵبژاردن؛ شار دەبێتە «بێ ئیرادە» و «جنۆکەنشین».
لێرەدا سۆران تەنیا «مێژوویەکی سیاسی» یان «بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی» ناگێڕێتەوە. ئەگەر مەبەست تەنیا پەیام بووایە، دەکرا بە زمانێکی ڕاستەوخۆ بڵێت: جیهان پڕە لە پێچەوانەکاری و مرۆڤ لە سیستەمێکی نادادپەروەرییدا دەژی، بەڵام دەق ئەوە ناکات.
خۆی جیهانێک دروست دەکات کە بەپێچەوانەوە کار دەکات.
ئەمە جیاوازییەکی گرنگە لەنێوان «گوتنی بیرۆکە» و «دروستکردنی ئەزموونی بیرۆکە».
لە یەکەمدا شاعیر دەڵێت: «جیهان ئاڵۆزە».
لە دووەمدا خوێنەر دەکەوێتە ناو جیهانێکی ئاڵۆز.
لە شیعری سۆراندا زۆرجار دووەم ڕوودەدات.
تەوەری دووەم: کات وەک دوژمنێکی ناوەکی
کات لە دەقەکانی سۆراندا تەنیا بەرەنجامی ڕووداو نییە. بەڵکە بگرە لە هەندێک دەقیدا، کات خۆی دەبێتە هێزێکی ناوەکی کە لەگەڵ جەستە، یادەوەری و ناسنامەی مرۆڤدا دەجوڵێت.
بەتایبەتی لە دەقی «ونبوون لە کاتدا» و لە هەندێک لە شیعرەکانی«پانۆرامای گڵۆڵە»دا، کات لە شێوەی پێوانەکردنێکی سادەو ئاسایی، وەختەوە تێدەپەڕێت و دەبێتە دۆخی ئەزموونکردن.
لە دەقی «ونبوون لە کاتدا» کات وەک شتێکی چالاک دێتە ناو دەقەوە. کە دەکرێت هەر یەك لەمانە بێت: تارمایی، بارێکی گران، دەچێتە ژوورەوە، دەترسێت، بزر دەبێت و لەگەڵ یادەوەرییە مێژووییەکاندا تێکەڵ دەبێت. دەق لە شەوێکی تاریکدا دەگاتە سەرەتای نەوەدەکان، یاساوڵەکان، جەللاد، دەستڕێژ و دەنگەکانی پشت دیوار دێنە ناو دەقێكی پۆستمۆدێرنەوە.
ئەمە، واتە کات لە دەقەکەدا تەنیا «چەند ساڵێکی ڕابردوو» نییە. کات دەبێتە شێوەیەك لە هەبوونی مێژوو لە ئێستادا.
مێژوو لێرەدا تەنیا ئەوە نییە کە «ڕوویداوە». مێژوو ئەو شتەیە کە هێشتا لە ناخی ئێستادا دەژی. بۆیە لە کۆتایی شیعرەکەدا کات و شیعر پێکەوە گرێ دەدرێن: هاوار لە شیعرەوە هەڵدەسێت، بەڵام کەس نایبیستێت؛ ڕاکردنیش ناگاتە هیچ کوێ.
ئەمە بۆ من یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی جیهانبینیی سۆران: کات شتێک نییە کە مرۆڤ تێیدا تەنیا بژی؛ کات شتێکە کە مرۆڤ لەناو خۆیدا هەڵیدەگرێت.
لەبەر ئەمەش دەقی «ونبوون لە کاتدا» بە مانای ونبوونی مرۆڤ لە ساڵژمێردا نییە؛ بەڵکو بە مانای ئەوە دێت کە مرۆڤ ناتوانێت بە ئاسانی لە ڕابردوو دەربچێت. بەم جۆرە یادەوەری، مێژوو، ئەزموونی کارەسات... لە کاتێکی تێپەڕیوەوە دەگۆڕدرێن بۆ کەرەستەیەکی بەردەوامی ئێستا لە ناو دەقدا.
لەم ڕوانگەیەوە، دەکرێت کات وەک «دوژمنێکی ناوەکی» بخوێندرێتەوە؛ نەک چونکە کات خۆی هۆکاری کارەساتەکانە، بەڵکوو چونکە تێپەڕینی کات و مرۆڤ لەگەڵ ئەوەی ڕابردووە و هێشتا لەناخیدا ماوەتەوە، بەردەوام لە ڕووبەڕووبوونەوەدایە.
ئەمە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تەوەری یەکەمدا دروست دەکات: کات لە «پێوانەی وەختەوە» دەگۆڕێت بۆ «هێزی ئەزموونکردن».
گەر تەماشا بکەین لە دەقی «لە پێڕستی موسافیرێکەوە»، شوێن و ڕۆیشتن لەگەڵ یادەوەری و مێژوودا تێکەڵ دەبن. بەم شێوەیە، جوگرافیا تەنیا شوێنی ڕووداو نییە؛ بەڵکوو دەکرێت ببێتە جۆرێک لە یادەوەری جەستەیی و دەروونیی.
تەوەری سێیەم: جیهانێک کە لەگەڵ خۆیدا ناکۆکە
یەکێک لە بەهێزترین میکانیزمی دەقەکانی سۆران دروستکردنی جیهانێکە کە کەرەستەکانی لە جیهانێکی ئاشناوە وەردەگیرێن، بەڵام لە ناو دەقدا بەو یاسایەی چاوەڕوان دەکرێت کار ناکەن.
ئەم جیهانە بە تەواوی خەیاڵیی نییە؛ بەڵکوو جیهانی ڕاستەقینەیە کە پەیوەندییەکانی بە ئەنقەست و مەبەست لە ناو دەقدا دەگۆڕدرێن.
لە «سەدای هەقیقەت»دا، دەنگێک هەیە کە دەبێت ببیسترێت، بەڵام لە جەنجاڵی هەواڵ و بازاڕ و بۆرسەدا ون دەبێت. هەمان دەنگ سنووری زمانەکان دەبڕێت، بەڵام کۆتایی دەق دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ ونبوون لە غەڵبەغەڵبی جیهاندا. ئەمە ناکۆکییەکی سادە نییە؛ بەڵكوو کارکردنی جیهانی دەقەکەیە، بەجۆرێك:
دەنگ هەیە، بەڵام دەنگ نابیسترێت.
هەقیقەت هەیە، بەڵام هەقیقەت ناتوانێت بە ئاسانی خۆی ڕابگەیەنێت.
ڕۆژ هەیە، بەڵام شەو ڕووی شاراوەی ڕۆژ دەخاتەڕوو.
شار هەیە، بەڵام ئیرادەی نییە.
ژمارە هەیە، بەڵام هەڵبژاردنەکە دەچێتە خانەی پێچەوانەوە.
ئەم «پێچەوانەبوونەوە» بۆ من کلیلی خوێندنەوەی سۆرانە.
ئەمەیە کە وا دەکات من بە داتاشینی وەسفی«نامۆبوون» ڕازی نەبم وەک ناونیشانی کۆتایی. چونکە نامۆبوون ئەنجامەکەیە؛ میکانیزمی دروستکردنی ئەو نامۆبوونە گرنگترە.
سۆران جیهان نامۆ ناکات بۆ نامۆکردن؛ بەڵكوو یاسای پەیوەندی شتەکان دەگۆڕێت.
بۆ نموونە لە دەقی «پارادۆکس»دا، دەق لە کەرەستەی فیزیکییەوە دەست پێدەکات، بەڵام پرسیاری ڕۆیشتن لە ئاستی فیزیکدا نامێنێتەوە، بەڵكوو ڕۆیشتن دەگاتە ژیان و مەرگ و لە کۆتاییدا بە زمان و نووسینەوە پەیوەست دەکرێت.
بەم شێوەیە، زنجیرەیەک پەیوەندی نوێ دروست دەبێت:
ڕۆیشتن → فیزیک → مەرگ → ژیان → زمان → شیعر
ئەم زنجیرەیە مانایەکی پێشووەختەی ئاسایی نییە کە دەق تەنیا بە کاری گواستنەوە هەستابێت و دروستی کردبێت؛ بەڵکوو لە پرۆسەی پەیوەستکردنی ئەم ئاستانەدا شاعیر وردبینانە دروستی دەکات.
هەروەها هەمان میکانیزم لە دەقی «Trauma بە تەنیشت مەرگدا» بە شێوەیەکی تر دەردەکەوێت. سنووری نێوان (خەون و واقیع، ترس و ڕووداو، ژیان و مەرگ) تێک دەشکێت. لێرەدا پرسیارەکە تەنیا ئەوە نییە کە دەق «سوریالیستی»یە یان نا؛ بەڵکوو ئەوەیە بۆچی خودی واقیع بە شێوەیەک پیشان دەدرێت کە پێویستی بە یاسایەکی دیکەی درککردن هەبێت.
ئەگەر واقیع خۆی پڕ لە ترس، ئاوارەبوون و کارەسات بێت، ئەوا خەون دەتوانێت نەک دژ بە واقیع، بەڵکوو شێوەیەکی دیکەی دەرخستنی واقیع بێت.
هەروەها لە «ئەفسوونەکانی ثیتیس» و دەقەکانی دیکەشدا، ئەفسانە و مێژوو تەنیا کۆمەڵێك زانیاری جیاواز نین؛ بەڵکوو دێنە ناو جیهانی ئێستاوە و لەگەڵ ئەزموونی مرۆیی و کۆمەڵایەتی ئێستادا پەیوەندی نوێ دروست دەکەن.
لەوێدا مێژوو ناگۆڕێت؛ بەڵکوو گۆشەی بینین بۆ مێژوو دەگۆڕێت.
وەك چۆن لە «پانۆرامای گڵۆڵە» و دەقەکانی دیکەدا، مێژوو بە شێوەیەکی زۆر جیاواز لە ڕابردوودا دەردەکەوێت.
بۆ نموونە ناوەکانی «جولیانۆ» و «ثیتیس» و مێژووی ناوچە و شار و ڕووداوەکان تەنیا بۆ ڕازاندنەوەی دەق بەکارنەهاتوون. بەڵکو وەك لە «ئەفسوونەکانی ثیتیس»دا هاتووە، ئاماژەکانی ئەفسانە و مێژوو و زانست و کۆمەڵایەتی دەچنە ناو یەک جیهانەوە.
ئەمە ڕێگەمان پێدەدات بڵێین:
مێژوو لای سۆران ڕابردوو نییە؛ شێوەیەکی زیندووی ئێستایە.
ئەفسانە کۆنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئێستا.
ڕووداوی ڕابردوو دەچێتە ناو ناخی مرۆڤی ئێستاوەو تێیدا دەژی.
شوێنەکانیش هەر بەم شێوەیە: مەشهەد، تاشقەند، باکۆ، هەڵەبجە و شوێنەکانی دیکە تەنیا ناوی شوێن نین؛ لە دەقەکەدا دەبنە جۆرێک لە یادەوەری جوگرافیایی.
لەبەر ئەمە من لە دەقەکانی سۆراندا «جوگرافیا» و «مێژوو» بە دوو بابەتی جیاواز نابینم؛ هەردووکیان دەبنە شێوەیەک بۆ نیشاندانی ئەوەی مرۆڤ چۆن لە کات و شوێندا جێهێڵراوە.
تەوەری چوارەم: تێکدانی شێوازی ئاسایی بینین و دروستکردنی ئەزموونی نوێی خوێندنەوە
ئەگەر سێ تەوەرەکەی پێشوو پێکەوە بە شێوەیەکی پەیوەست بخوێندرێنەوە، ئەوا دەگەینە خاڵێکی گرنگ: سۆران تەنیا جیهانێکی نامۆ دروست ناکات؛ بەڵکوو خوێنەریش ناچار دەکات بە شێوەیەکی نامۆ بخوێنێتەوە.
ئەمەیە جیاوازی نێوان «نامۆکردن» و «نامۆبوون».
نامۆبوون دەکرێت ئەنجامی دەق بێت، بەڵام هەرچی تێکدانی پەیوەندییە ئاشناکانە دەکرێت میکانیزمی دروستبوونی ئەو ئەنجامە بێت.
وەك چۆن لە دەقەکانی «پانۆرامای گڵۆڵە»دا، کۆکردنەوەی (کەرەستەی مێژوویی، ئەفسانەیی، زانستی، جەستەیی و ڕۆژانە...) دەبێتە هۆکاری ئەوەی خوێنەر نەتوانێت بە یەک کلیل هەموو دەرگاکانی دەقەکە بکاتەوە. بەڵكوو دەق وەک کۆمەڵێک گۆشەی بینین کار دەکات و دەبێت خوێنەر لەو گۆشانەوە بنواڕێتە دەقەکە.
(ئاو، کات، شوێن، مێژوو، ئەفسانە و جەستە) هەریەکەیان لەناو کۆنتێکستێکی ئاساییدا دەردەکەن و لە پەیوەندییە نوێکاندا دووبارە پێکدەهێنرێنەوەو دادەڕێژرێنەوە.
بۆ نموونە، ئاو دەتوانێت لە ماددەیەکی سروشتییەوە بگۆڕێت بۆ بیرۆکەیەک دەربارەی ناسنامە و گۆڕان. وەك لە دەقی «مەزهەبی ئاو»دا تێبینی دەکرێت؛ ئاو ڕەنگی شتەکانی دەوروبەری وەردەگرێت و لەکاتێکدا خۆی ڕەنگێکی جێگیری نییە، ئەمە دەتوانێت ببێتە بنەمای خوێندنەوەیەکی دیکە سەبارەت ناسنامە و پەیوەندییەکانی مرۆڤ.
بەم پێیە، شتێکی سادەی وەک ئاو لە دەقدا تەنیا «میتافۆر»ێک نییە؛ بەڵكوو دەبێتە ئامرازێک بۆ گۆڕینی شێوازی بینین.
هەمان شت لە کەرەستە زانستییەکاندا ڕوودەدات. ئاماژەکردن بە (نیوتن یان هێزی کێشکردن) تەنیا بۆ بەکارهێنان و خستنە ڕوو، یان زیادکردنی زانیاری زانستی نییە لە دەقدا. بەڵکو لێرەدا ڕۆڵی گرنگی ئەم دالانە ئەوەیە؛ کەرەستەی زانستی چۆن دەچێتە ناو پەیوەندییەکی نوێوە و خوێنەر لە دنیای فیزیکەوە بەرەو مەرگ، پاشان لە مەرگەوە بەرەو ژیان و لە ژیانەوە بەرەو زمان دەبات.
لەمەش زیاتر، دەق خوێنەر ناچار دەکات لە مانای یەکەمین و ئاسانەوە تێپەڕێت. لێرەدا ئەزموونی خوێندنەوە دەبێتە پرۆسەیەک بۆ گەڕان بەدوای پەیوەندییە نوێکاندا لە ناو زمانی دەقەکەدا.
لەم ڕوانگەیەوە، دەق تەنیا وەڵامی پرسیارێکی ئامادە نادات بە خوێنەر؛ بەڵکوو پرسیارکردنیش شێوەی خۆی دەگۆڕێت.
ئەمە لەگەڵ بۆچوونی خودی سۆرانیشدا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش هاوتەریبە: لە وتارەکەیدا «شیعر لە ئیلهامەوە بۆ تەکنیک...» دەڵێت کەرەستەی شیعر نابێت هەمیشە لەو سیمبوڵ و زاراوە باوانە پێك بێت کە زۆر بەکار هاتوون، بەڵکوو شاعیر دەبێت بەدوای کەرەستەی نوێدا بگەڕێت و تەنانەت زانیارییە نوێیە زانستی و گەردوونییەکان بکات بە ماددەی شیعر.
ئەمە لە دەقەکانی خۆیدا ڕەنگی داوەتەوە.
بۆیە «ماوس» لە شیعری ئەودا تەنیا ماوس نییە.
«بۆرسە» تەنیا بۆرسە نییە.
«نیوتن» تەنیا ناوی زانایەک نییە.
«میتاڤێرس» تەنیا زاراوەیەکی تەکنەلۆژی نییە.
کەرەستەکە دەچێتە ناو بۆتەقەی دەقەوە و لەوێدا دووبارە مانادار دەکرێتەوە. خودی سۆران لە بۆچوونە شیعرییەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە شاعیر پێویستە مەعریفەی فراوانی هەبێت و کەرەستەی نوێ لە مێژوو، زانست و گۆڕانکارییەکانی سەردەم وەربگرێت.
پەیوەندی نێوان چوار تەوەرەکە
ئەم چوار تەوەرەیە نابێت وەک چوار جیهانی جیاواز بخوێندرێنەوە. بەڵکوو هەر یەکێکیان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆو ناوەکی بە ئەوی دیکەوە بەستراوەتەوە.
گۆڕینی سیستەمی بینین لەوێوە دەست پێدەکات کە دەق پەیوەندی ئاسایی نێوان شتەکان دەگۆڕێت.
ئەم گۆڕانە دەتوانێت کات لە پاشخانێكی بێدەنگەوە بگۆڕێت بۆ هێزێکی ناوەکی.
کاتێک پەیوەندی ئاسایی شتەکان دەشکێت، دەق دەتوانێت جیهانێکی ناکۆک دروست بکات کە لەگەڵ یاسا ئاشناکاندا ناگونجێت.
و کاتێک خوێنەر ناچار دەکرێت ئەم جیهانە بە دید و یاسایەکی نوێوە بخوێنێتەوە، ئەوا ئەزموونی خوێندنەوە خۆی لە خۆیدا دەگۆڕێت.
بەم پێیە، دەکرێت چوار تەوەرەکە بە زنجیرەیەکی تیۆریی بەم شێوەیە کورت بکەینەوە:
تێکدانی پەیوەندیی ئاشنا → گۆڕینی سیستەمی بینین → دروستبوونی جیهانی ناکۆک → دووبارە ڕێکخستنەوەی درککردنی خوێنەر.
لەم ڕوانگەیەوە، «نامۆبوون» کۆتایی و بەرەنجامی پرۆسەی خوێندنەوەکەیە، نەک دەستپێکی پێناسەکردنی دەق و چوارچێوەدارکردنی بە قوتابخانەیەکی شیعرییەوە.
هەروەها جێی ئاماژەپێکردنە لەو خاڵانەی کە زۆر بە گرنگی دەزانم، کۆتاییەکانن.
چونکە زۆرجار لە دەقەکانی سۆراندا کۆتایی شیعر مانای سەرەتا کۆدەکاتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی نوێ.
بۆ نموونە لە «پارادۆکس»دا دەق لە فیزیکەوە دەست پێدەکات، بەڵام لە زماندا کۆتایی دێت.
لە «سەدای هەقیقەت»دا دەنگ لە دوورەوە دێت، بەڵام کۆتایی لە غەڵبەغەڵبدا ون دەبێت.
لە «ونبوون لە کاتدا»دا کات دێت و دەڕوات، بەڵام لە کۆتاییدا شیعر خۆی دەبێتە هاواری نەبیستراو.
ئەمە نیشانی دەدات کە کۆتایی دەق بۆ سۆران تەنیا خاڵی کۆتایی نییە؛ بەڵكوو خاڵی دووبارە خوێندنەوەی سەرەتایە.
هەروەها لە دیقەتدانی دەقی «حەزێکی شێتانە بۆ شڕ/ۆش»دا خاڵێکی زۆر گرنگ سەرنجمان ڕادەکێشێت، کاتێك دەبینین سۆران تەنیا شاعیری تاریکی و مەرگ و نامۆبوون نییە، بەڵکوو دەقەکە خۆی دەبێتە دەنگێک کە بە شاعیر دەڵێت بنووسە. لەکاتێکدا لە سەرەتاوە تا کۆتایی هەرچەندە مەرگ، درۆ، خیانەت، بێهیوایی و کۆمەڵێک وێنەی تاریک هەن، بەڵام ئەو دەنگەیە لە کۆتایی دەقدا دەڵێت: «هێشتا زۆر ماوە بۆ گوتن».
ئەمە بۆ من یەکێکە لە جوانترین بنەماکانی ئەم تەکنیکە: نووسین لەناو بێهیواییدا، نەک دوای بێهیوایی.
واتا شیعر چارەسەرێک نییە کە دوای ڕوودانی کارەسات دێت؛ بەڵكوو خودی بەردەوامبوونی نووسین دەبێتە شێوەیەک لە بەربەرەکانێ.
بەرئەنجام
خوێندنەوەی دەقەکانی سۆران محەمەد لە چوارچێوەی «گۆڕینی سیستەمی بینین»دا پێمان دەڵێت کە ناسنامەی ئەم ئەزموونە شیعرییە بە ناونانی قوتابخانەیەکی دیاریکراوەوە کورت هەڵناهێنێت.
هەروەها ئەوەی لە دەقەکاندا گرنگە، تەنیا بەکارهێنانی وێنەی نامۆ یان کۆکردنەوەی کەرەستەی سەیر نییە؛ بەڵکوو گۆڕینی پەیوەندی نێوان ئەو کەرەستانەیە.
بەم پێیەو لەم ڕوانگەیەوە: کات لە پێوانەی ماوەو زەمەنەوە دەگۆڕێت بۆ هێزێکی ناوەکی.
شوێن لە جوگرافیاوە دەگۆڕێت بۆ یادەوەری و ئەزموون.
مێژوو لە ڕابردوویەکی داخراوەوە دەگۆڕێت بۆ بەشێک لە ئێستا.
کەرەستەی زانستی لە زانیارییەکی دەرەکییەوە دەگۆڕێن بۆ ئامرازی دروستکردنی مانا.
شتە ڕۆژانەکان لە دۆخە ئاشناکانی خۆیانەوە دەردەهێنرێن و لە پەیوەندییە نوێکاندا دووبارە پێکدەهێنرێنەوە.
هەروەها خوێنەر لە وەرگری مانای ئامادەوە دەگۆڕێت بۆ بەشدارێک لە دروستکردنی مانادا.
لەبەر ئەمە، دەتوانین بڵێین «گۆڕینی سیستەمی بینین» لە شیعری سۆراندا تەنیا بەکارهێنانی شێوازێکی وێنەسازیی نییە؛ بەڵکوو میکانیزمی دەقە، کە (کات، شوێن، مێژوو، زمان و پەیوەندی نێوان شتەکان) دووبارە ڕێکدەخاتەوە.
ئیدی لە کۆتایی خوێندنەوەی ئەم دەقانەدا نابێت پرسیاری سەرەکی تەنیا ئەوە بێت کە:
«ئەم شیعرە چی دەڵێت؟»
بەڵکوو پرسیارەکە دەبێت بگۆڕدرێت بۆ:
«ئەم شیعرە چۆن وا دەکات من شتێک بە شێوەیەکی دیکە ببینم؟»
ئەگەر ئەم پرسیارە ببێتە ناوەندی پرۆسەی خوێندنەوە، ئەوا «نامۆبوون» دەبێتە ئەنجام، «تێکدانی ئاسایی» دەبێتە میکانیزم و «گۆڕینی سیستەمی بینین» دەبێتە چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان ئەم دووانەدا.
بەم پێیە نوێبوونەوەی شیعری سۆران تەنیا لەوەدا نییە کە چ کەرەسەیەك دەخاتە ناو شیعرەکانییەوە؛ بەڵكوو نوێبوونەکە لەوەدایە کە چۆن ڕێگای بینین و خوێندنەوە دەگۆڕێت.
بەشێوەیەکی گشتی؛ لە کۆی ئەو دەقانەدا دەتوانرێت میکانیزمی کارکردنی شیعری سۆران بەم زنجیرە ڕیزبەندییە بخوێندرێتەوە:
شتێکی ئاسایی → جێگۆڕکێی پەیوەندی → ناکۆکی → سەرسوڕمان → پڕسیار → خوێندنەوەی دووەم.
ئەمە بە ڕای من گرنگترە لەوەی بڵێین «سۆران شیعری سوریالیستی دەنووسێت».
چونکە ئەگەر سوریالیسم لە دەقێکدا هەبێت، ئەوە دەتوانێت یەک شێوەی جێبەجێکردنی ئەم میکانیزمە بێت؛ بەڵام میکانیزمەکە خۆی زۆر لەوە فراوانترە.
لەبەر ئەمە، «گۆڕینی سیستەمی بینین» بۆ من ناوی قوتابخانەی شیعریی نییە؛ بەڵكوو ناوی میکانیزمی داهێنانی دەقە.
بۆیە لەسەر ڕۆشنایی ئەو شرۆڤەیەی ڕابوورد، من وای دەبینم سۆران: شاعیری گۆڕینی سیستەمی بینینە، چونکە شتە ئاساییەکان لە دەقەکانیدا بە یاسایەکی نوێ پەیوەندییان بە یەکترەوە دەبێت.
کات لای ئەو دوژمنێکی ناوخۆییە، چونکە ڕابردوو تەنیا تێپەڕیو نییە؛ بەڵكە لە ناخی ئێستادا بەردەوامە.
ئەو جیهانی ناکۆک دروست دەکات، لە کاتێکدا شتەکان هەن، بەڵام کارکردنیان زۆرجار پێچەوانەی چاوەڕوانی خوێنەرە.
شاعیر مانایەکی دیاریکراو بە زۆرەملێ بە خوێنەر نادات؛ بەڵکوو ئەزموونێک دروست دەکات کە خوێنەر خۆی لەناویدا مانا دروست بکات.
و لە هەموویان گرنگتر، ئامانجی کۆتایی ئەم تێکدانە گۆڕینی بینینە، نەک تەنیا دروستکردنی حاڵەتێك لە شۆك و نامۆیی.
بەم پێیە، دەکرێت پێناسەیەکی کورت بۆ ئەزموونی شیعری سۆران بکەم بەوەی:
شیعری سۆران زۆرجار هونەری گۆڕینی پەیوەندییەکانی نێوان شتەکانە، بۆ ئەوەی خوێنەر لە هەمان جیهاندا، بە چاوی جیاوازتر بڕوانێت.
لە کۆتاییدا، ڕەنگە گرنگترین پرسیار لەبەردەم ئەم ئەزموونەدا ئەوە نەبێت کە:
«سۆران چی دەڵێت؟» بەڵکوو: «سۆران چۆن وامان لێ دەکات شتێک ببینین کە پێش ئەوە هەر لەبەردەم چاوەکانماندا بووە، بەڵام بەو شێوەیە نەمانبینیووە؟»
ئەگەر ئەم پرسیارە بتوانێت خوێنەر بباتەوە بۆ ناو دەق، ئەوا شیعرەکە تەنیا مانایەکی نوێی نەداوە؛ بەڵكوو شێوەی بینینێکی نوێی دروست کردووە.
سەرچاوەکان
- محەمەد، سۆران. «پانۆرامای گڵۆڵە.» تەم.
- محەمەد، سۆران. «پارادۆکس.» تەم.
- محەمەد، سۆران. «Trauma بە تەنیشت مەرگدا.» تەم.
- محەمەد، سۆران. «ئەفسوونەکانی ثیتیس.» تەم.
- محەمەد، سۆران. «لە پێڕستی موسافیرێکەوە.» تەم.
- محەمەد، سۆران. «ناکات.» تەم.
- محەمەد، سۆران. «شیعر لە ئیلهامەوە بۆ تەکنیک...» تەم.
Heidegger, M. (2002). “The Origin of the Work of Art.” In J. Young & K. Haynes- (Eds. & Trans.), Off the Beaten Track (pp. 1–56). Cambridge University Press.
Schmitt, C. (2019). “Refamiliarizing Viktor Shklovsky.” Victorian Literature and- Culture, 47(1), 187–201