تراژیدی و ئازارە سەختەکانی سابڵاغ!
  2025-09-18       767       
یای کوبرای عەزیمی - بەرگی کتێبەکە

ڕەشاد – مستەفا سوڵتانی 

 

سەیری خاکی موکوریم دێ بە دڵا – تا نەچوین خۆم و دڵ و تۆش بەگڵا ،

سەرێ هەڵبێنمەوە لەو مەڵبەندە -گەرچی لەش دوورە لەوێ دڵ بەندە

  ( هەژار)

 

مانای ژیانم، ناوی کتێبێکە کە یاداشت و بیرەوریەکانی یای کوبرای عەزیمی (١٩٢٥-٢٠٢٠ )ی زاینی، دەگرێتەبەر کە بەهیمەتی خانمی سیمینی ئیفتخاری سالی ٢٠٢٣ زاینی ئامادە کراوەو چاپ و بڵاوگەی " کتێبی هەرزان " بڵاوی کردوەتەوە. سەرجەم ٣١٢ لاپەڕەیە کە جگە لەدەسپێک لە ٣٠ باسی جیا جیا، پاشکۆ و نۆزدە وێنە پیکهاتوە. بیروەوریەکان بەزۆری لەتاڵ کاتەکان و تاڵ یادەکان پێکهاتوە. باس و گێڕانەوەی ڕۆژە شادەکانیشی بەدەگمەن تێدایە. هەندی لەوتارەکانی ڕۆژنامەی کوردستانیش، لەبەشی پاشکۆ دانراون.

مانای ژیانم بەزمانی فاخرو ستانداردی کوردی نوسراوە و ڕەوان و تا دڵت بخوازێت دڵگیرەو خوێنەر ڕەکێش دەکات و هەرگیز لەخوێندنەوەی ئەم کتێبە جاڕز، بێزارو ماندوو نابیت. بیرەوەریەکان لەمانگ ڕووناکتر، لەبەهار بەهارتر، لەشەو بێدەنگتر، لە بەفر سپیتر، لەئاوی کانیاو زولالتر، لەهەنار مزرتر، لەنێرگسەجاڕ قەشەنگترو لە سروەی شەماڵ نەرمترن. نووسەر خاوەنی مۆڕالی ئینسانی و کەرامەتی بەرزو خامەی ڕەنگینە. ستایل، فورم و دەقی نووسینەکەی پەخشان ئاساو چێژ بەخشە. کاتێک ڕەشەبا هەڵیکرد پەنابەرانی کوردو نووسەریشی بەرەو تاراوگەو ئوروپا هێنا. ئانالیز ،شیکاری و لێکدانەوەکانم لەچەند بواری سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و ڕەنجی بێ سنووری ژنان پۆلبەندی کردووە. بەسەرهاتی نووسەر دەرگاکانی هەستی منی ترازاندو برینمی کولاندەوە.

١- پێکهاتەی کۆمەڵایەتی :

سترۆکتوری مەهاباد: سابڵاغ وەک شارەکانی کەرکووک، ئامێد و قامیشڵو لەباژێڕە گەورەکانی وڵاتی کوردستانن، کە لەڕەوتی مێژووییدا، شۆینیزمی تۆخی خاوەن حکومەت لەو شارانەوە هێرشی کولتوری، فەرهەنگی و سیاسی و نیزامیان بۆ سەر خاکی کوردستان کردووە. فاکتورگەلی حاشا نەکراوە پێمان دەڵێن ئەم شارانە هەمیشە لە بواری بەرخودان و دیفاع لە کەرامەتی کورد، سەربەرزن و نرخێکی گرانبەهایان بۆ ئەو سەربەرزیە داوە. سابڵاغ شارێکی پێکەوەژیانە و شارێکی کوردیە ونەتەوەکانی تر وەک جوولەکەو ئەرمەنی بەنەفوسی زۆر کەمترەوە گەڕەکی خۆیان هەبووەو دیموگرافی جۆراوجۆر و کولتورێکی ڕەنگاوڕەنگیان پێکهێناوە. بەگشتی شارۆمەندانی سابڵاغی ڕێزیان لەبیر جیاوازەکان و نەتەوەکانی تر و ئاین و ئاین زاکانی تر گرتوە . لەدیدی بیروڕای گشتیەوە وەک هاووڵاتی چاویان لێکردوون. بەهۆی خەباتی گەلی کورد، هەندیجار تورک و فارس شاریان جێهێستوە و دەرباز بوون. لەڕۆژە رەشتر لەرەشەکان "قەرەپشی" کە دانیشتوی میاندواو بوون سابڵاغیان تاڵان کردووە.

 

٢- بارودۆخی سیاسی مەهاباد :

لە سەروبەندی شەڕی جیهانی دووهەم ، ئیران لە باکوور و باشورەوە داگیر دەکرێت تا ئاڵمانەکان نەتوانن وەک هاوپەیمان لە بارودۆخی ژیئوپولیتیکی ئیران کەڵک وەر گرن. ڕووسەکان لە باکوور و بەریتانیا لە باشور ئیران داگیردەکەن . سیستەمی پاشایەتی لە دوو دەڤەری کوردستان و ئازەربایجان دەرووخێت و بار ودۆخی سیاسی تا ڕادەیەک بۆ جیابونەوە لە ئێران دەستەبەر دەکات. ئازەربایجان دەبێتە خاوەن حکومەتی خۆی و لەسابڵاغیش کۆماری کوردستان دادەمەزرێت . کۆمار دەیەویست ژیانێکی خۆش بژێو ، پڕ داهێنان ، پڕ بەرهەم ، کۆمەڵگای مودێڕن و پێشکەوتوو، تەبایی و یەکگرتوویی دابمەزرێنێت . لە هەمان کاتدا ستراکتوری داب و نەریتە کۆنەکان داماڵێت و سیستەمی نوێ جێنشین بکات .بەپێوەری فاکتۆرە زانستیەکان، کۆمەڵگای ئەو کاتەی کوردستان و سابڵاغیش بە تان و پۆی کولتوری کلاسیک و سوننەتی تەنرابوو. نووسەر زۆر گلەمەندە کە شارۆمەندانی کورد زۆر خۆشبینانە و ساکارانە دڵیان بە یارمەتی سوڤیەت خۆش بووە و بۆ"هێزی گەل" بایەخی شیاویان دانەناوە. من لەو باوڕەدام پشت بەستن بە سوڤیەت ئوتۆپی بووە و لە واقعیدا ئاوێنەی قاقای پێکەنین و شادی لە تراژیدیای گریاندا گوزارشت دەکا. نازانم چۆناوچۆن و چەندە لە دەورانی کۆماردا خەیاڵەکان بەرز دەفڕین ؟ پەرچە کرداری ژنڕال ئیستالین بە پێی گەڵاڵە و پیلانی داڕێژراو و نەقشەمەند، لە سات و سەودایکدا لە بەرانبەر نەوتی خاوی باکوور ،ئیتر یارمەتی جمهوری ئازەربایجان و کۆماری کوردستانی نەدا و تووشی تراژیدی سامناک بوون و ئەم هەڵویستەی سۆڤیەت هیوا شکێن بوو. هێزەکەی سۆڤیەت دەگەرێتەوە و یارمەتیەکانی وشک دەبن. چەقۆی سیستەمی پاشایەتی گەردنی ئازایخوازانی کوردی ڕاو نا . سات و سەودای زلهێزەکان، سوڤیەت و شای دیکتاتور کۆماریان لە بەرزایی بەرزییەوە بەرەو هەڵدێر پاڵ پێوە نا. و ڕێگای بۆ ئەرتەشی ئێران خۆش کرد کە بێ ترس هێرش بکات . ئەرتەش بەها مرۆڤایەتیەکانی لە ژێر پێ نا و بەئاسانی پێڤاژەی گۆڕان ئامێز و دامەزراندنی کۆماریان وەک تاوانێکی گەورە و جەنایەت هەڵسەنگاند. لەو پڕۆسەیەدا بیریارانی تێگەیشتوو و بیرمەندانی کوردیان کوشت و ئاوارە کرد. هاوکات لە گەڵ گەمارۆی شاری مەهاباد خەزان و ژاکانی گوڵەکان دەستی پێکرد. و سەری هزر و بیری عەدالەتخوازانەی گەلی کوردیان بە شمشیری ژەنگ هەڵگرتووی دوواکەوتوویی پەڕاند. فاکتۆرە بزر و گومەکان سەبارەت بە هەڵویستی ڕیبەرانی کۆمار کەم نین و ڕەنگە فاکتوری جێگای متمانە لە ئارشیوی بەریتانیا ، ئێران ، ئاڵمان ، سۆڤیەت و ئامریکا تۆمار کرابێت و شارۆمەندی کورد ئاگادار نەبن. لە کوردستان نرخێکی قورس وبەرز بۆ ئارشیو دانەنراوە وزۆربەی مێژوو و ڕوداوەکانی کوردستان لای دوژمن هەلگیراون . بە قەولی جەناب دوکتور کەمال مەزهەر لە کتێبخانەی بەریتانیا هەر بۆ سەیدعەتا و حەمەتاڵ بانە چەند دیکومینت هەڵ گیراوە. لە کتێنی مانای ژیانم لاپەڕەی ١٢٤ نوسراوە کە ژنڕال ئیستالین ، پێشەوا و دەور و پشتەکانی هان داوە تا بەرەو پیری ئەرتەشی ئێران بچن و بەخێر هاتنیان بکەن .باوڕم وایە کە ڕووخانی حکومەتی مەهاباد پێویستی بە لێکۆڵینەوە و خەسار ناسی قووڵ تر هەیە .

 

کۆماری یازدە مانگەی سابڵاغ :

کۆماری مەهاباد دامەزرا و شارۆمەندانی کوردلە خۆشیدا شاگەشکە بوو بوون. بزووتنەوەی ئاشتیخوازانەی کورد مەودای دوور و درێژی بڕیوە . ئامانجی حکومەتی سابڵاغ ناراستەوخۆ ئەوە بوو کە متمانە و باوەڕ بەخۆیی تاکی کورد ،بکێشێتە ناو بیر و فیکری جەماوەر و لە ناو مێشکی خۆیان هەڵیتاوێنن . لە دەورانی کۆمار سیخوڕەکان و شۆڤارەخوێڕی و بوودەڵەکانی نێوخۆیی لە پشت قەڵغانی دەمامکەوە ڕووی خۆیان پەنهان و نهێنی کردبوو . بە تەوای هێزیانەوە بۆ ڕووخانی کۆمار تێدەکۆشان و ئەمنیەت و ئاسایشی شاریان لەق کردبوو. بە یارمەتی ئەرتەشی سەڵتەنەتی کۆماریان ماندوو کرد و کەوت و ڕووخا. ستەمی نەتەوایەتی نەیدەهێشت تەمی پەلامار و ڕاکردن ، سەرکەوتن و تێکشکان لە سەر وڵاتی کوردستان بڕەوێتەوە. ئەرتەشی ئێران وەک مێمڵ ،سن و کوللە بەر بوونە گیان و جەستەی کۆماری سابڵاغ و تا مژێنی ئاخرین دڵۆپەی خوێنی وازیان نەهێنا. پەلامار وشاڵاوی مێشکە پواوەکان و تاریک بیرانی ئێرانی بۆ سەر کوردستان ڕێکخرا. شوینیزم سنووری نیە و توانستی بزووتنەوەی کوردیش سنووردارە. پاش ڕمانی کۆمار ژنوسایدی موسیقایی، فەرهەنگی و کولتوری دەستی پێکرد. و پەڵە گەنمەکانی کێڵگەو زەوی وزاری کوردستان بەخەمباری کەروێشکەیان دەکرد.

حکومەتی پاشایەتی ، تراژیدیای بی هاوتای بەسەر دانیشتوانی سابلاغ داسەپاند. ڕۆژی ٣٠ی مارسی ١٩٤٦ رێز لێگیراوان : جەناب قازی موحەممەد ، جەناب سەدری قازی و جەناب سەیفی قازی

لە مەهاباد لە سێدار دران. و پاش چەند ڕۆژی تر چوار کەسی تر بە ناوەکانی ڕێزداران : عەبدوڵلەی ڕەوشەن فیکر ، ڕەسولی نەغەدە ،محەممەدی نازمی و حامێدی مازووجی تیرباران کران . و چوار ئەفسەری کورد کە خەڵکی باشور بوون و یارمەتی کۆماریان دەدا، بەرەو باشور گەڕانەوە و بە پیلانی ئێران و عێراق تیرباران کران . لەو ڕۆژە ڕەشانەدا، تاوان لە سەر تاوان وەک تەرزە دەبارین . ژمارەیەکی بەرچاو لە شارۆمەندانی کورد زیندانی کران و ژمارەیەکی زۆر تەبعید و دوور خرانەوە و ژماەیەکی تر لە ترسان بەرەو باشور کۆچی نابەدڵیان کرد و ژیانی ئاوارەیی داسەپا. و کۆمەلکوژی شارۆمەندانی کورد ئیستاش هەر بەردەوامە. دوای ڕووخانی کۆمارشارۆمەندانی کوردستان لە مێژوو پرسیاریان نەکرد بەرەو کام چارەنووسیان دەبا ؟ دیکتاتوری و شووینیزم کانیاوی هێوای گەلی کوردیان چۆڕ بڕ کرد. بەڵام خاترات و بیرەوەریەکانی کۆماری سابڵاغ لە یادگە و هزردان و مێژووی کورد هەر جاویدان وزیندووە .

 

خەبات وبزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی گەلی کورد :

شێخ عوبیدوللە ١٨٧٦ - شێخ سەعید١٩٢٥ – ئیحسان نوری پاشا و بزووتنەوەی ئاگری ١٩٣٠- سەید ڕەزا دەرسیم ١٩٣٧-١٩٣٨ - شێخ مەحموود مەلیک ١٩٢٠- سمائل ئاغای شکاک ١٩٢٠ – کۆماری مەهاباد ١٩٤٦- بزووتنەوەی باشور ١٩٦٠-١٩٧٥ .

 

دیکتاتوری هەر کۆماری تیرباران نەکرد:

لە دەورانی یازدە مانگەی کۆماری سابڵاغ زمانی کوردی گەشەیەکی بەر چاوی کردبوو. شەقە جۆگەی زمانی کوردی ئەمڕۆمان لە ئاسەوار و چۆڕاوەی بیر و فیکری نووسەران و شاعیرانی دەورانی کۆمار هەڵگیراوە. نووسەران و شاعیران و ڕۆژنامەنوسان بە دلسۆزیەوە زمانی کوردیان بە ئاستێکی بەرز گەیاندبوو. حکومەتی شا زمانی کوردی لە گەشە خست و دیسانەوە زمانی فارسی جی نشین کرایەوە. تادەهات ڕق و کینە لە دوژمن هەڵدەچوو و سەر ڕێژ دەبوو . زمانی کوردی ، زانست ، مێژوو ، وێنە ، مۆسیقا، وێژە بەهەموو چڵ و پۆپەکانیەوە بە نایاسایی دانران . جەماوەر لە ترسی گیان، کتێب و ڕۆژنامە و نوسراوە و وتاری بەنرخیان لە تەندوور هاویشت و یا لە رووباریان خست و ئاو و شەپۆلەکانی لە گەڵ چارەنووسی کۆمار نوقم و شرت و گومیان کرد. یای کوبرا هەموو نووسینەکانی، کتێبەکانی و هەرچی بۆنی زمانی کوردی لێهاتوە بە یارمەتی دایکی دەدڕێت و و پاشان لە ئاوی چۆم وڕووباری دەخەن .و شەپۆلی ڕووبارەکان بەهەموو هێز و توانایانەوە نوسراوەکان و کتێبەکانیان نقوم کردو خنکاند. بەم شێوەیە حکومەتی توتالیتری ئێران ئارشیوێکی دەوڵەمەندی زمانی کوردی هی دەورانی کۆماری یازدەمانگەی کوردستان ، سانسور و لە ناو برد. شارۆمەندان لە ترسی گیان هەموو ئاسەوارەکوردیەکانیان سوتاند و یا لە چۆم خست و، ڕووباریش دایماڵی و بردی. جەماوەر ورەیان دابەزی . ئامانجی سیستەمی پاشایەتی پاکتاوی، فەوتان و نەهێشتنی زمانی کوردی بوو .

 

سیمای مەهاباد لە ئاوێنەی دوو سیستەمدا :

لە هێرشی نیزامی پاشایەتی و ڕووخانی کۆمار، مەهاباد دەورانێکی زۆر سەختی مێژوویی تیپەڕ کرد. کۆمار دەستکەوتێکی مێژوویی بوو کە لە زۆر لایەنەوە مودێڕن و دیموکراتیک بوو. زیندانی سیاسی هەر نەبوو . دیموکراسی بە ئاستی دڵگیر گەیشتبوو ، بەجۆرێک کە یەهودیەکان بە زمانی عیبری دەیانخوێند. کۆمار ژنانی بۆ هەڵسورانی کۆمەلایەتی و سیاسی یارمەتی دەدا. باوەڕ و متمانە بەخۆ، لە لایەن کۆمارەوە بە شارۆمەندی کورد بەخشرا. کۆمار سەربەرزانە چارەنووس، سیاسەت و ڕیبازی خۆی دیاری دەکرد. ئەمما شوینیزمی ئێرانی هاوکات لە گەڵ ڕووخانی کۆمار گۆمی خوێن ، بێ هیوایی ، ئاوارەیی، ماڵوێرانیان دروست کرد. هەموو سەروەت و سامانی ئازادیخوازان بە تاڵان چوو و سەروەری زمانی کوردیش ڕووخا. پەلامار و هێڕش کردنە سەر کۆماری مەهاباد بەئاشکرا لە ناوەند گەرایی و پاوانخوازی حکومەتی شاوە سەر چاوەی دەگرت . لە بیرمە لە دەبیرستان جمهوری ئازەربایجان وەک خەیانەت بە نێشتمانی زێڕینی ئێران ، لە وانەی مێژوودا نوسرابوو و باس دەکرا ، ئەمما تەنانەت یەک وشە سەبارەت بە کۆماری مەهاباد لە دەرسی مێژوودا نە نوسرابووو هەر گیز باس نەدەکرا. نووسەر دەڵێت: کۆچە و کۆڵانەکانی مەهاباد لێواولێو لە بۆنی گوڵی گوڵاو و یاس بوو ، لە دەورانی حکومەتی سێدارە بۆنی خوێن و سووتان جێگەی گرتبوەوە. لە باتی دەنگی خۆشی باڵندەکان و موسیقا دەنگی بوردوومان ، شیوەنی جەماوەر دەهاتە بەر گوێ . شار بە یەکجاری وێران کرا بوو و پێکەنین لە سەر لێوی خەڵک بەشێوازێک نەمابوو کەبۆ هەر جێگایەت دەتڕوانی هەر خەمی لێ دەباری .

 

پڕۆسەی گیران و بەند کردنی شۆڕشگێڕان :

جمهوری سێدارە، بەمەبەستی شکانی کودی بزووتنەوەی عەدالەتخوازانەی کورد وداسەپاندنی یاسا کۆنەکان ، هەموو خاکی رۆژهەلاتی کوردستانی میلیتاریزە و زیندانێکی گەورەی دروست کردووە. بۆیە نەپساوە شارۆمەندی کورد زیندانی دەکات و جگە لە توهمەتی سیاسی بە تاوانی ئاینیش سوکایەتی و ئازاریان دەدات .زیندانەکان لە ئازادیخوازانی کوردجمکوت کراوە. لەو ئان و ساتانەدا ئاسمانی سابڵاغ هەورێکی ڕەش دایپۆشیبوو. تەقریبەن هەموو زیندانیەکانی کۆماری سێدارە لە سێ گرووپدا پۆلبەندی دەکرێن. دەستەی یەکەم لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە گیانیان لەدەس دەدەن ،و یا لەسێدارە دەدرین . گروپی دووهەم پەژیوان دەبنەوە و هەموو زانیارەکان بەدوژمن دەدەن و دەبنە تەواب و شۆڕشگێرانی کورد بۆ سیستەم ڕاو و شناسایی دەکەن .دەستەی سێهەم جگە لەوەی ڕووخاون ، لە کوشتار و ئەشکەنجەی هاو بەندکانی خۆیان و زیندانیان بەشداری دەکەن و لە بواری سایکۆلۆژیەوە ڕەوانیان تێکچوە و بە تەواوی ڕووخاو و لە خزمەت سیستمدان .

 

٣ – مەهاباد لە گؤشەنیگای کولتوری و ئابوری :

بەگشتی شارۆمەندانی مەهاباد لە وەرزی بەهار و هاوین لە نێو باخان سەیرانیان کردووە. و لە سەیرانی نێو باخان ،جەماوەر هەڵپەڕکی و گۆڤەندیان کردووە .ڕەشبەلەک وەک کولتوری شاد و خەم ڕەوینی میللەتی کورد پێشوازی گەرمی لێکراوە. ئەم داب و نەریت و کولتورە وەک دووری لە مەینەت و ڕەنجەکان پێناسە دەکرێن . شیوی چۆمی ، کە بە خاو و خێزانەوە بۆ خاوێن کردنەوەئ خوری و مەرەز دەچونە سەر ڕووبار کە تا خۆر ئاوا خۆیان پێوە خەریک دەکرد. پاشان هەموو بەرهەمەشوردراوەکانیان لە مالەوە دە ڕست. بەرهەمە جوانەکانی ڕستن و چنین پۆپەشمین ، بەرماڵ، دەستە وانە( دەسکێش )، زەنگاڵ ( پۆزەوانە )،گۆرەوی ،سەرکڵاوە ، لەباد و جاجیم بوون . کە بۆ پێداویستیەکانی پێشمەرگە تەرخان دەکرا. یا لە بازاڕ دەفرۆشران و تاڕادەیەک یارمەتی ئابوری بنەماڵەکانی دەدا. فەرهەنگی ئیشکەڕن ،کولتورێکی بێنراوی سەرشەقام بوو کە تا ئاستی بەرز لە کارناواڵی هالۆوینی ئوروپا دەچێت ، و جەماوەری خۆشحاڵ دەکرد . تورکی ورمێ و میاندووئاو کولەکەیان هەڵدەکۆڵی و دەیانکردەسەریان و جل و بەرگی سەرسورهێنەریان لە بەردەکرد وسوڕناژەن ، دەهۆڵ ژەن و بلوێر ژەن دەیانژەندو تەپڵ کوتەکان لییان دەدا و سەمایان دەکرد. لەم ڕەوتەدا جەماوەریان خۆشحاڵ دەکرد. شانۆی دایکی نیشتان پێشوازی زۆر بەرزی لێکرا و جەماوەر دەستە دەستە بۆ دیتنی دەچونە بینینی و شانۆی "دایکی نیستمان" لە سەر تەختی دڵی رزگاریخوازانی کورد وەک پیانۆ دەیژەند و وەک خوین، بە شادەماری لەشیاندا هات و چوی دەکرد. لە باری ئابوریە سابڵاغ لە سنووری نێوان دوو نەتەوەی تورک و کوردهەڵکەوتووە و بازرگانی لەم شارە بە ئاستێکی بەرز گەیشتوە . هەناردەی مەهاباد بەرهەمەکانی کشت و کاڵ و دانەوێڵە و فرۆشی مەڕ وماڵات و میوەیە کە بەرەو ئازربایجان دەڕوات و مێژوویەکی کۆنی هەیە . هاوردە لە ئازربایجانەوە بەرهەمی سەنعەتی و فەرش و کەرەسەی کارخانە و دەرمان و کۆتاڵ و پێڵاوە کە لە مەهابادەوە بۆ شارەکانی تری کوردستان بڵاو دەبێتەوە . پردی پەیوەندی دوو نەتەوەی تورک و کورد بەزۆری لە سەر بواری بازرگانی دامەزراوە .

 

٤- ستاتوس و ڕەنجی تاقەت پڕووکێنی ژنانی سابڵاغ:

پێک هاتنی ئورگانی یەکێتی یایان لەو سەردەمە لە مەهاباد دەسکەوتێکی مودێڕن و گرانبەهای مێژوویی بوو. ئەم ڕێکخراوە بەرپرس ، خەزینەدار و دەفتەداری هەبووە. حەقی ئەندامەتی وەر گیراوە و پارەکەی بۆ هەڵسوکەوت و خەباتی یەکێتی یایان و ئەوەشی دەمایەوە بۆمنداڵانی کۆڵانی هەژاری و ژنانێک کە بەر کڕێوەی ڕەنجەڕۆیی کەوتبوون و قوتابیەهەژارەکان دادەنراو پیویستی مەدرەسە و جل و بەرگیان بۆ دابین دەکرا. نووسەر بەڕاشکاوی دەڵێت: ئەندیشە وبیرۆکەی پێک هێنانی ئەم ئوڕگانە لە لایەن جەناب قازی موحەممەدوە بووە، کە دەوری پێشڕەوی لە دامەزراندنی یەکێتی یایان هەبوە. بێگومان لەو کاتەدا تەنانەت شارەگەورەکانی ئێران خاوەنی ئوڕگانی ژنان نە بوون.

 

* ژیانی سیاسی وکۆمەڵایەتی نووسەر :

نووسەر چارەنووسی نەتەوەی کوردی لە لوتکەدا داناوە و باوەڕمەندێکی سوننەتی و کلاسیک بووە،کە بیر و هزری، تان و پۆی دینداری پێوە دیارە . خاوەن هیمەتی بەرز و لە هیچ لەمپەر و کۆسپیک سڵی نەکردووەتەوە . لە هەڵویستی نووسەردا ژێر دەستی بیگانە نە شەوی و نەڕؤژی ژین نیە و ڕاسپاردەکانی بەرەو دەروازەی ئازادی ملیان ناوە . منداڵەکانی نووسەر بەیارمەتی وەرگرتن لەباوکیان پلەی بەرزی زانستیان خوێندووە و دەوری دایکیان لەم رەوەندە بەرجەستەیە . نووسەر بە مەبەستی نەجات و ڕزگاری گیانبەخت کردوو سارم ئیفتخاری و پێڤاژەی نهێنی کردنی کچ و کوڕەکەی تری ، زۆر جار تا کازیوەی بەیانی ئیشکگر بووە و فرمێسک و ئەسرین چۆڕ چۆڕ بەچاوانیدا هاتوتە خوارێ و لەش و جەستەی هێلاک و ماندووتر کردووە . لە سەرەتای گەنجی کە مامۆستای مەدرەسە بووە وتاری بۆ " ڕۆژنامەی کوردستان " نوسیوە. وتارەکانی هەندی جار لە لایەن بەرپرسانی گۆڤارەکە کورت کراونەتەوە و هەندی جاریش تیغی سانسور هەندی پاراگرافی هەڵپاچیوە. وەک ژنێکی لیبڕاو و لێهاتوو و خاوەن قەڵەم ، وتاری نوسیوە و خزمەتی ڕؤژنامەی کوردستانی کردووە. شایانی باسە جەناب " ئیبراهیمی نادری" کە سیاسەتوانێکی خوێندەوار ، کوردی زان، لایەق وبە ئەزمونی خانەقین بووە و لە ئاستێکی بەرزدا لە کومیتەی رێبەری کۆماردا هەڵسوڕاوە ، لە بواری زمانی کوردی هاوکاری نووسەری کردووە . لە دوو قۆناغی بێرەحمی دیکتاتوری سەڵتەنەتی و ئیسلامی کە خۆیان داکوتابوو، بەستێنی ژیانی نووسەر لە تاڵ تاڵتر کراوە. لە لایەن ساواکەوە ماڵەکەیان دووجار پشکێندراوە و ناچار بووە نادڵخوازانە هەندی کتێب و نوسراوەکانی شرت و گوم بکات. و دەیسەلمێنی لە تەواوی ژیانیدا قەت خۆی لە پیاو بە کەمتر نەزانیوە ، لە پێڤاژەی هاوسەرگیری لەسەر یاسا و بەڵینێکی نە نوسراو ساق بووە کەلە پرۆسەی هاوسەرگیری نابی تەنیا پیاوان مافی هەلبژاردنیان هەبێت و ژنانیش دەبی هەر وەک پیاوان بەخاتر ژیانێکی بەختەوەرانە مافی هەلبژاردنی مێردی داهاتوویان هەبێت ، ئەگێنا دیموکراسی پێ شێل و مافی ژنان گالتەی پێ کراوە. موخالیفی ڕازاندنەوەی کچانێک بووەکە لە لایەن دایکیانەوە لە زەماوەندو گۆڤەند بەشێوەیەکی تۆخ ڕازێندراونەتەوە . و لە ئاستێکی بەرزدا باوەڕی هەیە کە ژنان و کچان کەل و پەل نین تا لە شایی و زەماوەند وەک بازاڕی کۆیلە فرۆشی دابندرین و شێوازی ڕازاندەویان تۆخ بێت . وەک ئەرکێکی نەتەوایەتی لە پێناو خوێندنی کەنیشکەکانی سابڵاغ لە سەر هەڵویستی خۆی فرە جیددی ومکوڕ بووە . فرمانبەرە غەیرەکوردەکان کە لە مەدرەسەکان ئیشیان کردووە ، لەلایەن ئایین ودەسەڵاتەوە مێشکیان لە قسەی پر و پۆج و خورافاتەوە ئاخێندراوە. وراستەوخۆ هان دراون، سوکایەتی و تەوهین بە کولتور و زمان و فەرهەنگی کوردی بکەن. هەر کەس چ لە بازاڕ ، مەدرەسەکان و لە دەورەی پەروەردە و بارهێنانی هاوینان لە شارەکانی تر سوکایەتیان کردبێت خیرا وڵامی شیاوی داوەتەوە و نە ترساوە و نەیهێشتوە بەسەریدا تێپەڕ بیت. نەبوونی کتێبخانە لە مەهاباد لە سەردڵی قورسایی کردووە، لە حاڵیکدا لە پادەگانی سابڵاغ دەیان کەرەسە گرانبایی ، وەک تانک و تۆپ و کەرەسەی شەڕهەر ژەنگ دەیخواردو لە ژیر زەوی شاردرابونەوە . لە شێوازی وانە گوتنەوەی خۆی ڕەخنەی هەیە و پەژیوانە کە وەک پیداگۆگێکی پسپؤڕ وشارەزا کچەکانی مەدرەسەی بارنەهێناوە. لەو پێناوەدا ئاڵ و گۆڕی بنەڕەتی لە شێوەی وانە گوتنەوەی خۆی پێک هێناوە. نووسەر لە کولتوری سرتەسرت و چپە چپی ژنان لە نێو کۆڵانان ، سەر شەقام و گەڕەکەکان ڕاستەوخۆ فرە ناڕازی ،دڵمەند ودڵشکاو بووە .

نووسەر نەترسانە و بوێرانە باسی ڕەنج و مەینەتی ژنان لە شاری سابڵاغ دەکات. کە ڕاستەوخۆ رەخنە لە دیاردەی کۆن و کلاسیکی پیاوسالاری دەگرێ. کتێبی دەچمەوە سابلاغ نووسینی زیندوو یاد " شیلانی حەسەن پوور" و مانای ژیانم ، لە بەستێنی ئاماژە بە کولتوری دەوڵەمەندی کوردەواری لێواولێوە و ڕەنجی شکۆمەندی ئەم دوونووسەرە شیاوی ڕێز و قەدەردانیە. ژیانی پڕ لە مەینەت و هەوراز و نشێوی نووسەر، ئاستی بەرەنگاری وپژواکی خەباتی فەرهەنگی نووسەر بەشێوازی مرۆڤدۆستانە نوێنەرایەتی دەکات. لە پاڵ بەرخودان و قورتەکانی ژیان، دووجار ناچار دەکرێت دەس لە خوێندن هەڵگرێت. ناوی چەند ژن دەبا کە برینەکانیان بە ئاستانەی ئازار گەیشتوون ولە بواری سیسیولۆژیەوە شایانی باسن.

...........................

* یەکەم: خەجیج خێران کاراکتیرێکی تری دەڤەری سابڵاغە و هەڵسو کەوتی تان و پۆی سیاسی و بەرنگارانەی هەیە. خەجیج خێران دەرگای هێلانەی خەمەکانی لە هەژاری و نەداری جمەی دەهات .کە زۆر بەشەهامەتەوە ئاڵایەک بەدەستەوە دەگرێت و نەداران و هەژارانی سابڵاغ لەدەوری خۆی کۆدەکاتەوەو پێکەوە هێرش دەکەنە سەر دووکانەکانی بازاڕ و دەست بەسەر خواردەمەنی و زۆر و شتی تردا دەگرن ، کە لە پێناو ڕزگاری ڕەنجدەران هەڵویستەکەی خەجیج خێران شۆڕشگێڕانە و لە مێژوودا بێ هاوتا بووە. * دووهەم - ئاماژە بە فیداکاری و کۆلنەدانی ژنێک بە ناوی خات زبێد دەکات کە بەچوار منداڵەوە لە داخ مێردەکەی کە بەخاتر لێدان و ژن بەسەردا هێنان ئازاری داوە ، ئاوارەی مەهاباد بووە . کە ژیانی سەربەرزانەی بە نان کردن بۆ ماڵان دابین کردووە و پاشان ناهەمواریەکان و رەنجی ژیان پەلاماری دا و، بۆ ئاخرین جار وەک دایک منداڵەکانی جێهێشت .

* سێهەم : ئامین بن ئاڵا : ژنێک کە شارۆمەندان بە ناوی ئامین بن ئاڵا، دەیناسن. ئەم ژنە کە بە نابەدڵی بە مێردی دەدەن ، پەنا بۆ ئاڵای ئەرتەشی عوسمانی کە لە سابلاغ جێگیر بووە دەبا. دەس بەئالاکەیانەوە دەگرێ و تەمەنا دەکات تەڵاقی وەرگرن و بەم جۆرە تەڵاق وەردگرێ . بەتەنیا ژیانی خۆی دابین دەکات و سەربەرزانە ژیاوە.

* چوارم : منیچ حەیران ، کە مێردەکەی جێ دێڵێت و لەسابڵاغ دەگیرسێتەوە ، و لەسەر جلی ژنانە فەرەنجی پیاوانی لە بەرکردوەە. هەموو سنوورەکانی پیاوسالاری و ئاین و ئاین زاکانی تێک شکاندووە وسەربەستانە ژیاوەو دەف ژەن و ستران بێژی مەجلیسی پیاوان و ژنان بووە.

و لە یەک کەلامدا:

دەتوانین گوڵ لە ژێر پێمان ورد و خاش کەین ،

بەڵام بۆنی هەرگیز !

دەتوانین نەتەوەیەک ،

ژنوساید و قەڵاچۆ کەین ،

بەڵام مێژوو و شارستانیەتی ،

هەرگیز!

......................،...!

بۆ بەدەس هێنانی زانیاری کونکریت سەبارەت بە سابڵاغ ،ژیانی پڕ لە شکۆ و سەربەرزانەی نووسەر، فینۆمنی ئاسیمیلاسیون ، تاکتیک و ئیستڕاتژی سیستەمی پاشایەتی و ئیسلامی ، بەرخودان و خەباتی ڕەوا و عەدالەتخوازانە گەلی کورد خوێندنەوەی کتێبی پڕ ناوەڕۆک و بەنرخی "مانای ژیانم " بە هەمووخوێنەرانی گرانقەدر، خۆشەویست وڕێزداری کورد ڕادەسپێرم . شیکاری و لێکدانەوەکانم ناتوانی بێ کەم و کورتی بێت و بێگومان لە هەموو بابەتێکەوە ئامانج و نیشانەی نە پێکاوە .

تکایەک : لە رەخنە، لیکدانەوە، تەفسیری بیر جیاوازان ،هەڵویستی خوێنەرانی ئازیز و ڕووناکبیرانی خۆشەویست بە مەرجێک پێشوازی دەکەم ،کە یاساکانی ڕۆژنامەگەری و حورمەتی ئینسانیان لە بەرچاو گرتبێت.

………………….

مانای هەندی وشەی بیگانە بە زمانی کوردی :

1.Status 2.concrete 3.Structur 4.Demography 5.Sociology 6.Assimilation 7. Fennomen 8.Pedagogy

١- ستاتوس = پێگە و نرخی کۆموڵایەتی ٢- کۆنکرێت = دەقیق ، دروست، لە ئەزموندا بێنراو ٣- ستراکتور = ساختار ، بینا، پێک هاتە ٤- دیموگرافی = ئامار نگاری ، نەفوسی مرۆڤ لە جێگایەک ٥- سیسیولۆژی= کۆمەڵناسی٦- ئاسیمیلاسیون = تواندنەوە و تێک دانی پێوەرەی نەتەوەیی ، سڕینەوە، لەناو بردن. ٧- فینۆمین=

دیاردە ،پەدیدە ٨- پیداگۆگی: هونەر و شێوازی فێر کردن و بارهێنان. کۆتایی

 

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×