ئا: بارام سوبحی
مێرکڵ ئەو خانمەی ساڵانێکی تەمەنی وەکو پسپۆڕێکی فیزیا بەسەربرد، بەزویی گەیشتە ترۆپکی دەسەڵاتی وڵاتەکەیو توانی بەربەستو لەمپەرەکان تێپەڕێنێت، ماوەی زیاتر لە دەیەیەکە حکومڕانی ئەڵمانیایە. لە بەریتانیاش قەدەرێک ئەلیزابێسی کردە شاژنی وڵات.
کتێبی دەسەڵاتی دوو ژن سەربردەی ئەو دو خانمە دەگێڕێتەوە، لەنوسینی بۆدوان بۆلایرو مارک رۆشە، شێرزاد ھەینی لە عەرەبییەوە کردویەتی بەکوردی، دەزگای چاپو بڵاوکردنەوەی بەدرخان لەدوتوێی (١٧٦) لاپەڕەدا لە ساڵی (٢٠٠٩) بڵاویکردۆتەوە.
دایکم فێریکردم بەڵام نەبومە دایک
ئەنگێلا مێرکڵ لە ساڵی (١٩٥٤) لەدایکبوە، باوکی قەشەیەو بە رەگەز پۆڵۆنییە، دایکی مامۆستا بووەو لە ئەڵمانیا رێگەیان پێنەداوە وانە بڵێتەوە. باوکی ناوی ھۆرست کاسنەرەو دایکیشی ناوی ھێرلینە. برایەکی لەخۆی گەورەتری ھەیە بەناوی مارکۆسو خوشکێکی بەناوی ئایرین ھەیە.
نوسەر دەڵێت مێرکڵ ژیانێکی ئاسایی ژیاوەو لەمنداڵیەوە کەسێکی ئارامو لەسەرخۆ بووە. مێرکڵ لەبارەی دایکیەوە دەڵێت: لە دایکم راھاتمو فێربوم چۆن روبەڕوی رۆژانەی ژیانم ببمەوە.
مێرکڵ قۆناغەکانی خوێندنی بەسەرکەوتویی بڕیوە، تاوەکو لەساڵی (١٩٨٦) دکتۆرای لە فیزیا ھێناوە. جگەلە ئەڵمانی، زمانەکانی روسیو ئینگلیزی دەزانێت. لەباری کۆمەڵایەتیەوە، ناوبراو دووجار شوی کردوە، وەلێ نەبوەتە خاوەنی منداڵ.
بۆ یەکەمجار لەساڵی (١٩٧٧) لە تەمەنی (٢٣) ساڵیدا لە شاری لایپزیک لەگەڵ خوێندکارێکی فیزیا بەناوی یبولریخ مێرکڵ یەکەم ھاوسەرگیری دەکات، بەڵام ئەم ھاوسەرگیرییە بە "ھەڵەی ھەرزەکاری" ناودەنێتو لە ساڵی (١٩٨٢) لەیەکتر جیادەبنەوە، کەچی تائێستا نازناوی ئەوی ھاوسەرەی ھێشتۆتەوە.
ھاوسەری دوەمی ناوی (جواشم سویرە)و کیمیاناسەو چوار ساڵ لە مێرکڵ گەورەترە. جواشم ھاوشانو ھاوبیری ژنەکەی بوە لە کارکردنو شەیدایی زانیاریو ئۆپراو سەیرانو سەرکەوتنی شاخدا. لە ساڵی (١٩٩٨) بەشێوەیەکی مەدەنی پەیمانی ھاوسەرییان مۆرکردو رێوڕەسمە ئاینیەکەیان ھەڵوەشاندەوەو نەیانکرد.
جواشیم لە ترسی پڕوپاگەندەو ناوناتۆر، لە چاوی میدیا زۆر دور خۆی رادەگرێتو دورە پەرێزە. زۆرتر خەریکی کاری زانستیو ناو زانکۆیە. ئەوەندە دورەپەرێزە تەنانەت لە رێوڕەسمی دانانی ژ
نەکەی وەکو راوێژکار بەشداری نەکرد. ھەروەھا زۆر بەکەمی لە سەردانەکاندا یاوەری ھاوژینەکەی دەکات.
ئەنگێلا لە رەوشی بێ منداڵی خۆی راھاتوەو بەقەدەری زانیوە، ھەرچەندە زۆرجار ژنی پیاوەکەی یەکەمی توانجی لێداوەو توڕەی کردوە، بەڵام ئەو ھەرگیز باسی ئەو مەسەلەیە ناکات.
مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە سیاسییەکان
مێرکڵ لە ساڵی (١٩٧٢) لە قوناغی دواناوەندی روبەڕوی مامۆستایانی بوەتەوە، لەساڵی (١٩٧٨) رازی نەبوە ھاوکاری پۆلیسی نھێنی ئەڵمانیا بکات. پاشان بوەتە ئەندامی بژاڤی گەنجانی شیوعییەکان. بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی لە تەمەنی (٣٥) ساڵیدا تێکەڵاو بە سیاسەت بووە، بەو ئامانجەی ببێتە ئەندامی پارلەمان. نوسەر دەڵێت: ئەگەر دیواری بەرلین کە ئەڵمانیای خۆرھەڵاتو خۆرئاوای لەیەک جیادەکردەوە نەڕوخایە، ئەوا مێرکڵ لەسەر توێژینەوەی فیزیایی بەردەوام دەبوو، نەدەھاتە ناو سیاسەتەوە.
لە ساڵی (١٩٩٠) مێرکڵ بەبێ ئەوەی خۆی داوای کردبێتو کاری بۆ کردبێت، دەکرێتە وتەبێژی فەرمی حیزبی رێنساسی دیموکراتی. لە دیسەمبەری (١٩٩١) بە جێگری سەرۆکی حیزبی کریستیانی دیموکراتی ھەڵبژێردرا. پاش شانزە مانگ لە روخاندنی دیواری بەرلین، بووە یەکەم ژنە وەزیر لە حکومەتی ئەڵمانیای یەکگرتوو، پۆستی وەزارەتی ژنانو گەنجانی وەرگرت. پاشان لەساڵی (١٩٩٦) پۆستی وەزارەتی ژینگەو پاراستنی سروشتی وەرگرت.
سەبارەت بەئەزمونی کارکردنی وەکو وەزیر، مێرکڵ دەڵێت: وەزارەت ھیچی بۆ نەکردم، بەڵام فێریکردم چۆن مامەڵە لەگەڵ بەرپرسان بکەم. چۆن لەگەڵ "ئاژەڵە سیاسییەکان" کە ھیچ پێوانەیەکیان نەبوو مامەڵە بکەم.
ژن لە حکومڕانی ئەڵمانیادا
(٨٧) ساڵ دوای ئەوەی ژنانی ئەڵمانیا مافی دەنگدانیان وەرگرت، پەنجا ساڵ پاش ئەوەی لە دەستوری ئەڵمانیدا یەکسانی ژنو پیاو بەرقەرار بوو، پاش شەست ساڵ لە دامەزراندنی یەکەم وەزیری ژن، پاش سی ساڵ لە بونی ژنێک بە سەرۆکی پارلەمان، مێرکڵ بوە یەکەم ژن پۆستی راوێژکار "سەرۆکی حکومەت" وەربگرێتو لە (٢٢/١١/٢٠٠٥) لە تەمەنی (٥١) ساڵیدا بوە راوێژکاری ئەڵمانیا.
میدیاکارو سیاسەتوانانی ئەڵمانیا چەندین نازناویان بۆ مێرکڵ داتاشیوە، بەجۆرێک ھێڵمەت کۆڵی راوێژکاری پێشوتری ئەڵمانیا پێی دەوت "کیژۆڵە". ھەروەھا لە میدیاکاندا پێیانوتوە "مشکە خاکییەکە". لەبەرئەوەی لەبواری زانستو زانیاریدا زۆر شارەزایە پێیانوتوە "قودی رەشە". دوانازناویش کە بۆیان داتاشیوە "ترومارفرۆ"یە، واتە ماڵینو پاک کردنەوەی شوێنەواری شەڕی دوەمی جیھان.
لەحیزبەوە بۆ حکومەت
ساڵی (٢٠٠٠) لەکاتێکدا تەنھا دە ساڵ بو لە ریزی ئەو حیزبەدا بوو، مێرکڵ بە سەرۆکی حیزبی کریستیانی دیموکراتی ھەڵبژێردرا، بووە یەکەم ژن کە پۆستی سەرۆکایەتی ئەو حیزبەی وەرگرتبێت. لەساڵی (٢٠٠٤) جارێکی تر بە سەرۆکی حیزب ھەڵبژێردرایەوە.
دوای وەرگرتنی سەرۆکایەتی حیزب، لە وتارێکدا لە رۆژنامەی فرانکفۆرت زیتونگ نوسی: دەبێ حیزبەکەمان ھەڵسێتەوە سەرپێ، دەبێ ئێمە بەھەموو ھێزێکەوە شەڕی نەیارەکانمان بکەین، ئەو شەڕەش بە کەسی تازە دەکرێتو سوارە کۆنەکان ئەو شەڕەیان پێناکرێت.
نوسەر دەڵێت: چەند مانگ دوای سەرۆکایەتیەکەی، ھەرگیز وەکو وتاربێژێکی باشو مەزن دەرنەکەوت، بەڵام ھەنگاو بەھەنگاو فێربو لەگەڵ ھاوڵاتیاندا روبەڕو ببێتەوەو قسەیان بۆ بکات. ھەرچەندە ژنێکی جیھانی ناسراو نەبوو، بەڵام خۆی وەک ژنێکی بەجوڵە نیشاندەدا. ئەوەی لەباریدا ھەبوو بۆ گوێگرتنو رێکخستنی خۆی بەکاریدەھێنا.
لەستایشی مێرکڵدا
مێرکڵ زۆر حەز لە تۆپی پێ دەکاتو ھاندەری یانەی بایرن میونشنی وڵاتەکەیەتی، لەبواری سیاسەتی نێودەوڵەتیشدا
پشتیوانی لە سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق کردوە، ھەروەھا دژی ھاتنە ناوەوەی تورکیایە بۆ ناو یەکێتی ئەوروپا، بە پاساوی پێشێلکردنی مافی کەمینەکانو یاسای ژنانو سیستمی خوێندنو کێشەی قوبرسەکانەوە.
یەکێک لەو کەسانەی زۆر بە ئەنگێلا سەرسامە ھینری کیسنجەرە. ھەروەھا نوار لۆرانواریو کە خانمە وەزیرێکی فەرەنسییە، لەبارەی مێرکڵەوە دەڵێت: ژنێکی بەباوەڕو سادەیە، سیاسەتمەدارێکی دیماگۆکی نییە، بەوەفاو ناسکە. زۆر بایەخ بە مەسەلە ئابورییەکان دەدات.
پارلەمانتارێکی فەرەنسی دەڵێت: کەسایەتی دانوستانکارێکی تایبەتی بەرزو سیاسەتمەدارێکی بەرز لەو ژنە دەبینم، توانای بێ سنوری لە بەربەرەکانیدا ھەیە، سازش نازانێت، ئەوەی زۆر جێی سەرنجە دەتوانێ بەخۆیدا بچێتەوەو چاودێری کەسایەتی خۆی بکات.
جاکلین بویسن رۆژنامەنوسی ئەڵمانیو نوسەری یەکەم ژیاننامەی ئەنگێلا، دەڵێت: ئەو خانوەی کە تێیدا دەژێت موڵکی خۆی نییە، پانزە ساڵ بەبێ بونی پەیوەندی رەسمی لەگەڵ مێردەکەی ژیاوەو پاشان مارەکراوە. زۆر بەگومانە لە ھەموو شتێک، سی سالڕ لەژێر حوکمی شیوعیەکاندا ژیاوە.
کێ مێرکڵ رادەگرێت؟
رۆژی (٢٥/٩/٢٠١٧) ھاوکات لەگەڵ ریفراندۆمەکەی ھەرێمی کوردستان، خەڵکی ئەڵمانیا رویان لە سندوقەکانی دەنگدان کرد، بەڵام پارتەکەی مێرکڵ نەیتوانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بھێنێت، ھەروەھا تائێستا ھاوپەیمانیەک بۆ پێکھێنانی حکومەت چێ نەکراوە، بۆیە تائێستا حکومەتی نوێی ئەڵمانیا پێکنەھێنراوە.
مێرکڵ دوای زیاتر لە دەیەیەک لە حکومڕانیو بەڕێوەبردنی وڵاتەکەی دەڵێت: بەدڵنیاییەوە کەس ناتوانێت لە بەرنامەو چالاکیەکانم رامگرێت، تەنیا ئەڵمانەکان نەبێت ئەو دەسەڵاتەیان ھەیە.
دوا شاژنی بەریتانیا
بەشی دوەمی کتێبەکە تایبەتە بە باسکردنی ژیانی ئەلیزابێسی دوەم شاژنی بەریتانیاو بەناونیشانی دواشاژنە. لەم بەشەدا زۆر بەوردی ژیانی رۆژانەی ناو کۆشکی شاھانەی بەریتانیاو ژیانی شاژن باسکراوە.
ئەلیزابێس لەساڵی (٢١/٤/١٩٢٦) لەدایکبوە. دایکی ناوی مارگرێت ئەنگێلا برۆس لیۆنە. دایکیو باوکی بەنیاز نەبون وەکو کچەکانی تر بەشوی بدەن، دەیانویست خەریکی منداڵ بەخێوکردن بێتو نەبێتە شاژن، لەئێستاشدا خاوەنی حەوت نەوەیە، بەڵام ئەو پلانە بەدەستی قەدەر گۆڕا.
لە دوی یۆنیۆی (١٩٥٣) ئاھەنگی تاجیان بۆ شاژن گێڕا. ئەو رۆژەش ساڵانە جەژنی رەسمیە لە شانشیندا. شاژن بەمنداڵی کەسێکی شەرمن بوە، لەپێش خەڵکی کەم یاری کردوە. نەچوەتە مەکتەبو بەر خوێندنو تەنھا ھەندێک مامۆستای تایبەت لەماڵەوە وانەیان پێوتۆتەوە. ھاوسەرەکەی ئەفسەرێکی دەریاوانی یۆنانی بوەو بەخۆشەویستی زەواجیان کردوە.
لەکاتی جەنگی جەنگی دوەمی جیھانیدا، چەرچڵی سەرۆک وەزیران داوای لێدەکات بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆی بچێتە کەنەدا، بەڵام لەوەڵامدا شاژن پێیدەڵێت: من ناتوانم پاشا بەجێبھێڵمو پاشاش ھەرگیز وڵات جێناھێڵێت.
سامانو کۆشکەکانی شاژن
شاژن سێ کۆشکی ھەیە ئەوانیش: بالمۆرال لە سکۆتلاند لەسەر روبەری بیست ھەزار ھێکتار دروستکراوەو پەنجا کەس دەوامی بەردەوامی تێدا دەکەن. کۆشکی ساندرینگھام لە نۆرفولک لەسەر روبەری ھەشت ھەزار ھێکتار دروستکراوە، لەبەر زۆری گەشتیارانو بێگانە کە ساڵانی بۆ دیتنی رو لەو کۆشکە دەکەن، ژمارەی فەرمانبەرەکانی دەگاتە سەد کەس. سێیەم کۆشکی کینگستۆنە لە لەندەن.
ساڵانە مەسروفی شاژن لەسەر خەزێنەی دەوڵەت دەگاتە (٣٧) ملیۆن پاوەند. دەزگاو بازاڕە بازرگانییەکانی سەر بە بنەماڵەی پاشایەتی بەھاکەی دەگاتە سەد تا (٢٠٠) ملیۆن پاوەند. حەوتسەد فەرمانبەر راستەوخۆ لە بەرژەوەندی شاژن کاردەکەن، بەڵام شاژن موچەی تەنھا (٢٠٠) کەسیان دەداتو ئەوانی دیکە لەسەر دەوڵەتن.
بەوتەی نوسەر، شاژن وەک دەوڵەمەندەکانی تر نییە کە بەردەوام خەریکی کۆکردنەوەی سامانن. ئەوەی ھەیەتی لەبابو باپیرانیەوە بە میرات بۆی ماوەتەوە. دەزگاو کۆمپانیایەک بەڕێوەنابات. ھەرگیز چاوی لە دزینی پارەو سامان نەبوە. زۆریش بڕوای بەو پەندە ھەیە کە دەڵێت: تا کامەران بژیت، واباشە لەبەرچاوان نەبیت. شاژن دەفتەری چەکو بلیتی ئیتمانی نییە. ھەرگیز پارەی ھەڵنەگرتوە. ئەگەر جاروبار پارەی بۆ مەسرەفی دەستی ویستبێت، ئەوا یاوەرەکانی لەجیاتی ئەو پارەی پێویستیان بۆ داوە.
لەبەشێکی دیکەی کتێبەکەدا نوسەر باس لە سامانو داھاتی موڵکو ماڵی شاژن دەکاتو دەڵێت: سامانی شاژن دەگاتە (٣٢٠) ملیۆن پاوەند، لەسەر ئاستی ریزبەندی ساماندارانی جیھان ژمارە (٢٢٩)ی بەردەکەوێت. ئەو ریزبەندییەش ساڵی (٢٠٠٧) لەلایەن رۆژنامەی سەندەی تایمز ئاشکرا کراوە.
حەزو ئارەزوەکانی شاژن
شاژن بەوە ناسراوە زۆر شەیدای ژیانی لادێیە، کەسیش نھێنی ئەو حەزو شەیداییە نازانێت، ئەگەر سەرپشکی بکەن لەنێوان ژیانی وەک شاژنێکو ژیانی وەک ژنە گوندییەک، ئەو ژیانی گونجی لاخۆشترە. ئێوارەی ھەمو رۆژانێکی ھەینی دەچێت بۆ گوند. بەپەرۆشەوە سەیری زنجیرە تەمسلیە میلییەکان دەکات. ئینجلی زۆر خوێندۆتەوەو زۆر شارەزایەتیو بەردەوام دەیخوێنێتەوە. بڕوای بەبەھەشتی عەدن ھەیە.
شاژن حەزی لە ئەسپسواریو پێشبڕکێی ئەسپسوارییە، سەمای فۆلکلۆری سکۆتلاندی لاخۆشەو بایەخی پێدەدات. لەژیانیدا دوجار مۆڵەتو پشودانەکەی لەدەرەوەی بەریتانیا بەسەربردوە، ئەو دو سەفەرەشی بۆ کڕینی ئەسپ بوە بۆ کێڵگەکانی کۆشک. ھەروەھا زۆر حەز بە راگرتنو بەخێوکردنی سەگیش دەکات. کە سەگێکی دەتۆپێت بەدەستی خۆی پرسەی بۆ دەنوسێت. کەچی بۆ ئەو کەسانەی کە ژیانی دەپارێزن کاتێک نەخۆش دەکەون، بۆ پرسینو سۆراخکردنیان ھێشتا نامەیەکی نەنوسیوە، ئەگەر کەسە زۆر نەخۆشیش بێت.
ھەروەھا حەز بە راگرتنو بەخێوکردنی کۆتریش دەکات، لەڕوی وەرزشیەوە بە یانەی ئارسناڵ سەرسامە. لەبواری ھونەردا تەنھا حەز بە وێنەگرتن دەکات، حەزی لە مۆزیکی کلاسیکو ئۆپێرا نییە. حەزی لە سینەمای کلاسیکی ئەمەریکیە. لەنمایشی شانۆیی بێزاردەبێتو دەقەکانی شکسپیر بە درێژو ئاڵۆز دەزانێ. بێجگەلە بەڵگەنامە رەسمییەکانو بروسکەکانی وەزارەتی دەرەوە ھیچی تر ناخوێنێتەوە.
لەبەرئەوەی باوکی بە شێرپەنجەی سی مردوە، زۆر رقی لە جگەرەیە. قژی بۆیە ناکاتو حەزدەکات رەنگە بۆزو سپییەکەی خۆی بێت. سەرباری تەمەنەکەی توانای ئەوەی ھەیە چەند سەعاتێک بەپێوە بوەستێت. حەزی لە قاقاو بەزمی گەرمی پێکەنین نییە. لەجلوبەرگدا حەز بە مۆدە ناکاتو ھەرگیز پانتۆڵ لە پێ ناکات. زۆرتر حەزی لە جلی ئاساییو سادەیە. جلی چارەکە سەدەیەکی پاراستوە. بۆ ئەوەی کارەبا زۆر سەرف نەکات زۆر دەست بەکردنەوەو ھەڵگیرسانی چراکانو ئاو گەرمکەرەکانی ناو کۆشک دەگرێت.
شاژنو سیاسەت
شاژن ژنێکی زۆر پابەندە بە مەراسیمی پرۆتۆکۆلەکان. بەمەرەکەبی رەش واژو لەسەر پۆستە فەرمییەکانی دەکات، بەڵام پۆستە تایبەتەکانی بە مەرەکەبی سەوز واژو دەکات. ماوەی زیاتر لەنیو سەدەیە ھەرگیز بەرنامەو کاتی دیاریکراوی خۆی نەگۆڕیوە. ساڵانە بیست ھەفتە پشوو وەردەگرێت. ساڵانە لەوەرزی پایزدا بەبۆنەی کردنەوەی خولی پارلەمان وتەیەک پێشکەش دەکات. پێشوازی لە سەرۆکەکان دەکات کەبەسەردان دەچنە لەندەنو خۆشی سەردانی دەرەوەو ناوەوەی وڵات دەکات. حەز بە تەوقەکردن ناکاتو ماچکردن ناکاتو لە قسەکردنیشدا درێژدادڕ نییە.
بۆ کاتی دەرچونو گەشتەکانی، ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی تابلۆی ژمارەی ھاتوچۆی پێوەنییە. سێ ئۆتۆمبێل پاسەوانێتی دەکەن. دەستەی پارێزگارییەکەی لە سێ پیاوو ژنێکو ئەفسەرێک لە تیمی تایبەتی قەڵاچۆکردنی تیرۆر پێکدێت. ھەشت ئەفسەر پاسەوانی تایبەتی شاژنن، خەفارەتەکانیان ھەر (٢٤) سەعاتێک جارێ دەگۆڕێ.