ئا: بارام سوبحی
بەبۆچونی فەرید زەکەرییا، پێویستە لەسەر واشنتۆن لەسەدەی ھەشتەمی کۆچیو حوکمدان لەسەر داواکارییەکانی سوننەو شیعە لەبەغدا، بچێتە نێو سەدەی بیستو یەک – بەرەو چینو ھیندو بەرازیل- بڕوات، کە تیایاندا ئایندە دروستدەکرێت.
کتێبی جیھانی دوای ئەمریکا نوسەرو رۆژنامەنوسی ناسراوی ئەمریکایی بەڕەگەز ھیندی فەرید زەکەرییا نوسیویەتیو سەڵاح سەعدی کردویەتی بەکوردی، ناوەندی ئاوێر لەدوتوێی (٣٩٠) لاپەڕەدا چاپیکردوە. لەبارەی کتێبەکەوە، نوسەر دەڵێت: ئەم کتێبە ھێندەی رابونی گشت گەلانی دیکە پیشاندەدات، ئەوەندە داڕوخانو لێژبونەوەی ئەمریکا پیشان نادات. ئەم کتێبە تیشک دەخاتە سەر ئەو وەرچەرخانە مەزنەی کە ئێستا لەجیھاندا دەگوزەرێ، وەرچەرخانێکە ھەرچەندە جێگەی گفتوگۆو بێژبازییەکی زۆرە، بەڵام ھێشتا بەشێوەیەکی باش تێینەگەیشتون.
بەکرانەوەو پەروەردە سەرکەوتین
لەم کتێبەدا نوسەر ھەڵسەنگاندن بۆ رابردوی ئەمریکا دەکات، پاشان ئەگەرەکانی داھاتو دەخاتەڕو. بەبڕوای نوسەر ھۆکاری سەرکەوتنی ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خۆی بەڕوی دنیادا کردەوە. لەوبارەیەوە دەڵێت: ئەمریکا دەرگەی بەڕوی کاڵاو خزمەتگوزارییەکانو ھزرو داھێنانەکاندا کردەوە، لەکۆی ئەمانەش گرنگتر دەروازەکانی خۆی بەڕوی خەڵکو رۆشنبیریو کلتورە ھەمەچەشنەکاندا کردەوە. ئەم کرانەوەیەش رێگەی بەئێمە داوە لەھەمبەر قۆناغەکانی نوێی ئابورییدا زۆر بەخێراییو نەرمییەوە کاردانەوەمان ھەبێتو مامەڵە لەگەڵ گۆڕانو ھەمەچەشنیدا بکەینەوەو سنورەکانی ئازادیو سەربەخۆیی تاک فراوانتر بکەین. رێگە بۆ ئەمریکا خۆشبو یەکەمین گەلی جیھانی بونیاد بنێت، شوێنێک کە خەڵکی گشت جیھان دەتوانن کاری تێدابکەنو تەڤلی ببنو ئاوێتەی ببنو بەشداری لەیەک خەونو چارەنوسدا بکەن.
پاشان لەبەشێکی تایبەتدا باس لەسیستمی پەروەردەو خوێندنی باڵای ئەمریکا دەکات، بەخاڵێکی بەھێزی ئەمریکا ناوی دەباتو دەڵێت: سیستمەکانی دیکەی پەروەردەو فێرکردن فێرت دەکەن چۆن دەچیتە نێو تاقیکردنەوەکان، بەڵام سیستمی ئەمریکی فێرت دەکات چۆن بیربکەیتەوە. بێگومان ئەم تایبەتمەندییە تائاستێک ئەوە روندەکاتەوە بۆچی لەئەمریکا ئەو ژمارە زەبەلاحەی بەڵێندەرو داھێنەرو کەسانی سەرکێش دەردەچن. لەئەمریکادا رێگە بەخەڵکی دەدرێ سەرکێشیو بوێرییان ھەبێتو بەڕەنگاری دەسەڵات ببنەوەو شکست بێننو سەرلەنوێ لەسەر پێیەکانی خۆیان بوەستنەوە.
ئەمریکییەکان لەنیشتیمانپەروەری تۆقیون
دوای خستنەڕوی مێژوی ئەمریکا، نوسەر دێتە سەر باسی گرفتە ھەنوییەکانی گەلو دەسەڵاتی ئەمریکی. لەبارەی گەلی ئەمریکییەوە دەڵێت: ئەمریکییەکان سەبارەت بەڕۆشنبیریو کەلتورەکانی دیکە شتێکی کەم دەزانن، وەلێ ھێشتا باوەڕ بەوەناھێنن کە پێویستیان بەچاککردنەوەی ئەم دۆخە ھەبێت. ئەمریکیەکان زۆر بەدەگمەن گرنگی بەپێوەرە نمونەییەکانی جیھانی دەدەن، چونکە دڵنیان کە رێگەو شێوازەکەیان باشترینو پێشکەوتوترە. لەبەر ئەم ھۆیە دەبینی باوەڕ بەو قۆناغە گەشەسەندوە جیھانییە ناکەن.
نیشتیمانپەروەری بەگرفتێکی دیکە دادەنێتو دەڵێت: ئەمریکییەکان شانازی بەوڵاتەکەیانەوە دەکەن – ئێمە بەنیشتیمانپەروەری لێکی دەدەینەوە- لەمەیشدا تەواو مافی خۆیانە، بەڵام کاتێک خەڵکانی دیکە شانازی بەنیشتیمانەکەیانەوە دەکەنو پێوەی پەیوەستن، ئەوا ئەمریکییەکان دەتۆقن.
پاشان باس لەدابەشبونی کۆمەڵگای ئەمریکی دەکاتو دەڵێت: لەنێوان دەستەبژێری پیاوانی جیھانیی کارو چینی رۆشنبیری ئەمریکی لەلایەک، ھەروەھا لەنێوان زۆرینەی گەلی ئەمریکی لەلایەکی دیکەوە، بۆشاییەک ھەیە کە بەردەوام لەفراوانبوندایە. جا بەبێ ھەوڵو کۆششی راستەقینە بۆ دروستکردنی پردێک لەنێوان ئەم بۆشاییەدا، ئەوا لەوانەیە ئەم دابەشبونە پێشکەوتنو سەرکەوتنە پڕ لەکێبڕکێکەیو ئایندە سیاسییەکەی وێران بکات.
جیھانی دوای ئەمریکا
نوسەر جەخت لەوەدەکاتەوە ھەڵچونو تەوژمی ئابوری ھەنوکەیی ھەنگاوی چونە نێو جیھانی دوای ئەمریکا خێراتر دەکات. چونکە ئەگەر جەنگی عێراقو سیاسەتی دەرەوەی جۆرج دەبلیو بۆش بونە لادانی سیفەتی رەوایی (شەرعی) لەدەسەڵاتی سیاسیو سەربازی ئەمریکا لەجیھاندا، ئەوا قەیرانی دارایی دەبێتە ھۆی لادانی رەوایی لەدەسەڵاتە ئابورییەکەی.
زەکەرییا دەڵێت: لەسەر ئاستی سەربازی سیاسیدا ئێمە ھێشتا لەجیھانێکی یەک ھێزدا دەژین. بەڵام ھێزەکە لەگشت ئاستەکانی دیکەی پیشەسازی، دارایی، فێرکردن، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیرییدا، دابەش دەبێتو دور لەھەژمونی ئەمریکی دەگۆڕێتو وەردەچەرخێ. ئەمەش مانای ئەوە نییە ئێمە دەچینە نێو جیھانێکی دژ بەئەمریکا، بەڵام دەچینە جیھانی دوای ئەمریکا، جیھانێک کە زۆرێک لەکەسەکانو لەزۆر شوێنی جیاجیادا ئاراستەو نەخشەڕێگەکانی دەکێشنو نەخشەکانی بۆ دادەڕێژنەوە.
ئابوری ئەمریکا گرفتارە
ئەمریکا (٥%) دانیشتوانی جیھان پێکدەھێنێ، بەڵام ماوەی (١٢٥) ساڵە لەنێوان (٢٠ – ٣٠%) کۆی بەرھەمو کاڵای جیھانی بەرھەمدەھێنێ. لەبارەی ئابوری ئەمریکاوە نوسەر زۆر بەدڵنیاییەوە دەڵێت: ئەمریکا روبەڕوی رکابەرییەکی ئابوری وەھا دەبێتەوە کە لەڕابردودا ھەرگیز رکابەری وەھای توندی بەخۆیەوە نەبینیوە.. ئەو گرفتو بەڕەنگاربونەوە دژوارترەی کە روبەڕوی ئەمریکا دەبێتەوە بەڕەنگاربونەوەو تەنگژەیەکی نێودەوڵەتییە، چونکە روبەڕوی سیستمێکی وەھا دەبێتەوە تەواو لەو سیستمە جیاوازە کە راھاتوە بەنێویدا بجوڵێت.
دیارترین خاڵە لاوازەکانی ئابوری ئەمریکا بەبڕوای نوسەر بریتین لە: نرخی دراوەکەی لەدابەزینو لێژبونەوەدایە. رێژەی پارە پاشەکەوتکراوەکانی لەنزمبونەوەدایە. ھەروەھا ھەستەکانی دوژمنایەتی دژ بەئەمریکا لەگشت شوێنێکدا – ھەر لەبریتانیا تادەگاتە مالیزیا- بەشێوەیەکی نائاسایی بەرزبۆتەوە.
زەکەرییا دەڵێت: بێگومان ئەمریکا روبەڕوی بەڕەنگاریو گرفتی گەورەترو قوڵترو فراوانتری وەھا دەبێتەوە کە زۆر لەوانەی رابردوی گەورەترن، گومانی تێدانییە سەرھەڵدانو پەیدابونی ئەوانی دیکە واتای کەمبونەوەی پشکی ئەمریکایە لەتێکڕای جیھانیدا.. ئابوری ئەمریکا ھەر بەزیندوییو دینامیتەوە دەمێنێتەوە، ھەروەھا ئەمریکا ھەر بەپێشەنگی شۆڕشەکانی داھاتوی زانستو تەکنەلۆژیاو پیشەسازی دەمێنێتەوە، مادام دەتوانێ ئەو تەگەرەو بەڕەنگارییانە لەخۆبگرێتو لەگەڵیان بگونجێت کەوا روبەڕوی دەبنەوە.
جیاوازییەکانی ئەمریکاو بەریتانیا
نوسەر بەشێکی تایبەتی کتێبەکەی تەرخانکردوە بۆ بەراوردکردنی ئەمریکاو بەریتانیا، لەپوختەی ئەو باسەدا دەڵێت: زۆرێک لەدوبارەبونەوەی ھاوچەرخانەی گرفتە مێژوییەکانی بریتانیا ھەن، بۆ نمونە دەستوەردانە سەربازییە نوێیەکانی ئەمریکا لەسۆماڵو ئەفغانستانو عێراقدا، رێک ھاوشێوەی دەستوەردانە کۆنەکانی سەربازیی بریتانیان لەھەمان ئەو شوێنانەدا.
بەبۆچونی نوسەر، گرفتی سەرەکی ستراتیژی ئەوەیە ئەمریکا وەک بریتانیای پێشو لەسەر گۆڕەپانی جیھانیدا تاکە یاریزانێکی راستینی جیھانییە، ھێندەش وێکچون کە سەران دەسوڕمێنن. وەلێ جیاوازییەکە ئەوەیە بریتانیای کۆن لەکاتی ھەوڵدانی بۆ پاراستنی پێگەی خۆی وەک مەزنترین ھێز، بەڕەنگاربونەوەو تەگەرە ھەرە گەورەکەی ئابوری بو نەک سیاسی، بەڵام لەئەمریکادا پێچەوانەکەی راستە. بریتانیا وەک ھێزێکی مەزن بەھۆی کارکردە خراپە سیاسییەکەیەوە دانەڕوخا، بەڵکو بەھۆی بەڕێوەبردنێکی خراپی ئابورییەوە بو. چونکە ھەژمونێکی مەزنی جیھانیی ھەبو، بەڵام ئابورییەکەی لەڕوی بونیادییەوە لاوازبو.
مافی مرۆڤ تەنھا بۆ ئەوان
نوسەر زۆر راشکاوانە رەخنەکانی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا دەکات. یەکێک لەڕەخنەکانی ئەوەیە: سیاسییەکانی ئەمریکا بەردەوامو بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی –بەھۆی چەندان شکستی بێشومار- پۆلێنو سزاو ئیدانەی گشت دەوڵەتەکان دەکەن (لەماوەی پانزە ساڵی رابردودا، ئەمریکا سزای بەسەر نیوەی دانیشتوانی گۆی زەویدا سەپاند).
نوسەر دەڵێت: ئێمە تاکە دەوڵەتی دنیاین کە راپۆرتی ساڵانە سەبارەت بەڕەفتاری گشت وڵاتانی دیکە دەردەکەین. بەمەش واشنتۆن گۆشەگیرو لوتبەرزەو لەجیھانی دەرەوە دابڕاوە... جیھان دەستی بەکرانەوە کردوە، ئەمریکاش دەرگە بەڕوی خۆیو خەڵکدا دادەخاتو گۆشەگیر دەبێت.
نوسەر پێیوایە دوای چەند نەوەیەکی تر، کاتێک مێژونوسان سەبارەت بەم رۆژگارانە دەنوسن، لەوانەیە سەبارەت بەئەمریکا بنوسن: لەدەیەکانی یەکەمی سەدەی بیستو یەکدا ئەمریکا لەئەرکە مەزنو مێژوییەکەی خۆیدا سەرکەوتنی وەدەستھێنا کە ئەویش گلۆبالیزەکردنی جیھانە. بەڵام لەوانەیە ئەوەش بنوسن ئەمریکا ئەوەی بیرچو خۆی گلۆبالیزە بکات.
ئەقڵانییەت لەسیاسەتدا نەماوە
نوسەر رایدەگەیەنێت سیستمی سیاسی ئەمریکی توانای چارەسەری لەسنورێکی بەرفراواندا لەدەستداوە، ھەروەھا ئەو توانایەشی لەدەستداوە کە لەئێستەدا بەرگەی کەمە ئازارێک بگرێت بۆ ئەوەی دواتر سودێکی زۆری پێبگات. ھەروەھا دەڵێت: ئەمریکا کارتی زۆر قازانجھێنی دەگمەنی لەبەردەستدابو بۆ ئەوەی لەکاروبارەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەشێوەیەک بەکاریبھێنێ کە تائێستە لەمێژوی ھیچ وڵاتێکدا بۆ ھیچ دەوڵەتێک نەڕەخساوە. بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا لەگشت ئاستەکاندا بەشێوەیەکی خراپ گەمەی بەکارتەکان کرد.
نوسەر نیگەرانە لەوەی لەناو سەرکردایەتی ھەردو پارتی کۆماریو دیموکراتەکاندا ئەو کەسانەی پاڵپشتی لەچارەسەرە ئەقڵانییەکانو دەرچواندنی یاساکانی چارەسەر دەکەن، لەلایەن سەرکردایەتی حزبەوە پەراوێز دەخرێن، بەردەوام لەتەلەفزیۆنو رادیۆکاندا لەلایەن لایەنەکەی خۆیانەوە ھێرشیان دەکرێتە سەر. ئەم دۆخەش بە"زۆر مەترسیدار" بۆ دەسەڵاتو حوکمڕانی ناودەبات.
تاکجەمسەریی کۆتایی دێت
ماوەی چەند دەیەیەکە ئەمریکا زلھێزترین دەوڵەتی جیھانە، وەلێ وەکو نوسەر ھێمای بۆ دەکات تاکجەمسەری وەک راستییەکی دیاریکەری سیستمی نێودەوڵەتی لەئێستەدا بەردەوام دەبێت، بەڵام لەگەڵ گوزەرکردنی ھەر ساڵێکدا زیاتر لاوازدەبێت، لەھەمانکاتیشدا ھێزی وڵاتانی دیکەو یاریزانانی دیکە زیاتر دەبن.
نوسەر ئاڵۆزییەکانی عێراق بەتەنیا بەرپرسی ھەڵوەشانەوەی سیستمی تاکجەمسەریی نازانێت، بەڵکو دەڵێت "ئەو کارە تاکلایەنەیە بو کە کاردانەوەی گشت وڵاتانی جیھانی وروژاند. سیستمی تاکجەمسەری نەک بەھۆی عێراقەوە، بەڵکو بەھۆی فراوانیی بڵاوبونەوەی ھێز لەجیھاندا دادەڕوخێت". بەڵام پێیوایە جیھان لەشەوو رۆژێکدا نابێتە جیھانێکی دوجەمسەری یان فرەجەمسەر، بەڵکو "وەرچەرخانەکە لەسروشتی پەیوەندییە
نێودەوڵەتییەکاندا بەھێواشی رودەدات".
سەبارەت بەھێزە نوێیەکانی جیھان، نوسەر دەڵێت: چینو ھیند لەناوچەی خۆیانو دواوەی خۆیاندا دەبنە دو ھێزی گەورە. روسیا رۆژ بەڕۆژ بەھێزترو دوژمنکارانەتر دەبێت. یابان ئامادەییەکی زیاتری ھەیە. ئەوروپا لەپرسەکانی بازرگانیو ئابوریدا بەھێزو بڕیارێکی زۆر مەزنەوە رەفتاردەکات. دەنگی بەرازیلو مەکسیک سەبارەت بەپرسەکانی ئەمریکای لاتینی بەشێوەیەکی زۆر بەھێز دەنگدانەوەی ھەیەو دەبیسترێ. وڵاتانی باشوری ئەفریقا پێگەی رێبەرایەتی کیشوەرەکەیان بۆ خۆیان داگیرکردوە.. کۆی ئەو ھێزانە پانتاییەکی گەورەتر بۆ خۆیان دەبەن کە لەگۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا زۆر لەو پانتاییە گەورەترە کە ھەر یەکێکیان لەڕابردودا داگیریان کردبو.
رونو رەوان نوسەر دەڵێت: ئەو سیستمە تێکەڵو فرەچەشنە نێونەتەوەییە – دیموکراسیترو دینامیترو کراوەترو پەیوەندارترە- مەزندە دەکرێ، ئەو سیستمە دەبێت کە وا لەماوەی چەند دەیەیەکی داھاتودا لەسایەیدا دەژین. بۆ ئێمە وەھا ساناترە وەسفی ئەو قۆناغە بکەین کە لێی دێینە دەرەوە نەک ئەوەی بەرەو روی دەچین، لێرەوە ناونیشانی جیھانی دوای ئەمریکا سەریھەڵدا.
لەبارەی رۆڵی ئەمریکا لەسیستمی نوێی جیھانیدا، فەرید دەڵێت: ئەمریکا لەسیستمە تازە گەشەسەندوەکەدا پێگەی بەرزتر داگیردەکات، بەڵام وڵاتێکیش دەبێت کە کەمتر سود لەسیستمە نوێیەکە وەردەگرێ. چونکە زۆربەی ھێزە گەورەکانی دیکە گەشەکردنی رۆڵو پێگەی خۆیان لەجیھاندا دەبینن، لەڕاستیدا ئەم کردەیە لەئێستەوە دەستی پێکردوە.
ئاسیا بونی نییە
بەبڕوای نوسەر قسەکردن سەبارەت بەڕابونی ئاسیا نالۆژیکییە، چونکە "شتێک نییە ناوی ئاسیا بێت، لەڕاستیدا ئەمە چەمکێکی خۆرئاواییانەیە. بەڵکو چەندان وڵاتی زۆرو زەوەند ھەنو لەنێو ئەو شتەی کە بەئاسیا ناودەبرێ زۆر لەیەکتری جیاوازن، وەک چین، یابان، ھیند، ئەندۆنیسیا، ھەر یەکێکیش لەوانە گومانێکی لەھەمبەر ئەوانی دیکەدا ھەیە". ھەروەھا دەڵێت: ئەو وەرچەرخانە گەورەیەی ئێستا لەجیھاندا دەگوزەرێ ئەوە بەدیاردەخات کە ھێندە پەیوەندیی بەڕۆشنبیرییەوە نییە، بەقەد ئەوەی پەیوەندی بەھێزەوە ھەیە.
بەدەر لەئاسیا، نوسەر ئاماژە بەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکاتو بەپێویستی دەزانێت گۆڕانکاری تێدا بکرێت، چونکە: ئەندامە ھەمیشەییەکانی ئەنجومەنی ئاسایش سەرکەوتوی جەنگێکن کە ماوەی شەست ساڵە کۆتایی ھاتوە، ئەنجومەنەکە یابانو ئەڵمانیای تێدانییە کە دوەمو سێیەم گەورەترین ئابوری جیھانن، ھیندیش ناگرێتەوە – کە مەزنترین وڵاتی دیموکراسییە لەجیھاندا- ھیچ وڵاتێکی ئەمریکای لاتینو ئەفریقیاشی تێدانییە.
دەبێ ئەمریکا چین سنوردار بکات
بەشێکی ئەم کتێبە تەرخانکراوە بۆ باسکردن لەچینو ھەڵکشانی ھێزی سیاسیو ئابوری ئەم دەوڵەتە، بەحوکمی ئەوەی چین مەزنترین وڵاتی جیھانەو ئابورییەکی ھەیە لەئابوری گشت شوێنەکانی دیکە زیاتر دەکات، ھەروەھا گەورەترین کارگەو دوەم گەورە بەکاربەرو گەورەترین وڵاتە لەپاشەکەوتکردن، دوەم وڵاتە لەخەرجییەکانی سەربازییدا.
نوسەر پێیوایە چین شوێنی ئەمریکا ناگرێتەوە وەک مەزنترین ھێز لەجیھاندا، ھەروەھا لەبوارەکانی سەربازیو سیاسیو ئابوریشدا لەچەند دەیەیەکی داھاتودا پێش ئەمریکا ناکەوێت، بەڵام "لەزۆر لایەندا گرنگترین وڵاتە لەجیھانداو رەگەزێکی نوێی ھەمەکی بۆ سیستمی نێودەوڵەتی زیادکردوە".
زەکەرییا بەپێویستی دەزانێت ئەمریکا سنورێک بۆ چین دابنێت، بەڵام "دەبێ درک بەوەش بکات کە ناتوانێ لەگشت شوێنێکدا ئەم سنورەی بۆ دابنێت. بەداخەوە گەورەترینو مەترسیدارترین کۆسپو تەگەرە کە ئەمریکا لەکاتی داڕشتنی سیاسەتێکی وەھادا روبەڕوی دەبێتەوە، کەشە سیاسیەکەی ناوخۆیەتی، کەوا ھەر حەز بەوەدەکات کە ھەر چارەسەرێک وەک سازشکردنو رازیکردن لەقەڵەم بدات".
ھیند ئامادەی بەھێزبون نییە
ھیندستان یەکێکە لەو دەوڵەتانەی بەشێکی ئەم کتێبەی بۆ تەرخانکراوە، بەتێڕوانینی نوسەر ھیند وڵاتێکی بەھێزە، بەڵام حکومەتەکەی بێھێزە، ناتوانێ ھێزە نەتەوەییەکەی خۆی لەپێناو وەدیھێنانی ئامانجە نەتەوەییەکەیدا بەکاربھێنێ. پاشان دەڵێت: ھیند لەجاران پتر رۆڵێکی گەورەتری نێودەوڵەتی دەگێڕێو ھەژمون بەسەر باشوری ئاسیادا پەیدادەکات، بەڵام نابێتە ئەو ھێزە جیھانییەی کە ھەندێک ھیوای بۆ دەخوازنو ھەندێکیش لێی دەترسن. ئەمە لەئایندەیەکی نزیکدا رونادات.
سەبارەت بەکۆمەڵگەو دەسەڵاتی ھیندی، نوسەر دەڵێت: سیستمی سیاسی لەھیند لاوازەو دەکرێ ببڕدرێتو دەستی تێوەربدرێ، لەبەرئەوە ھێشتا ئامادەیی ئەوەی تیادانییە رۆڵە شایستەکەی لەجیھاندا بگێڕێ. لەوانەیە زنجیرەک قەیران کۆی ئەو واقیعانە بگۆڕێت، بەڵام بەبێ ئەوەی ھێدمە بەسیستمەکە بگات، ئەوا جڤاکی ھیندی لەگەمە جیھانییە نوێیەکەدا پێش دەوڵەتەکەی کەوتوە.
توندڕەوو تیرۆیستەکان کەمینەن
بابەتی تیرۆرو بەڕەنگاربونەوەی تیرۆریستان بەشێکی تایبەتی ئەم کتێبەیە، بەڵام نوسەر تیرۆریستان بەکەمینەو لاواز ناودەبات. لەبارەیانەوە دەڵێت: راستە کۆنەپەرستەکانی نێو جیھانی ئیسلامی ژمارەیان زۆرەو لەھەر کەسێکی نێو کەلتوری دیکە توندڕۆترن، بەڵام لەنێو ئەو موسڵمانانەی جیھاندا کە ژمارەیان لەملیارێک دانیشتوان زیاترە، ھەر بەکەمینە دەمێننەوە... راستە ئەو کەمینەیە راستەقینەن کە حەز بەجیھاد دەکەن، بەڵام کاری نێو ئەو کەمینەیە دەکەوێتە نێو چەند جڤاکێکەوە کە تیایدا جەماوەریبونی ئەو جۆرە چالاکییانە رۆژ بەڕۆژ لەکەمبونەوەدایە.
زۆرجار شیمانەی ئەوە دەکرێت گروپە تیرۆریستییەکان ببنە خاوەنی چەکی کۆکوژ، بەڵام نوسەر ئەم ئەگەر بەدور دەزانێت، لەوبارەیەوە دەڵێت: چەکی کۆکوژ بەئاسانی ناکەوێتە بەردەستی تیرۆریستەکان ھەروەک زۆربەی خەڵک پێیانوایە، دەستڕاگەیشتن بەھەر رێژەیەکی ئەو چەکانە بەتەواوی ئەستەم دەبێت، ئەگەر واشنتۆن بۆ رێگەگرتن لەمە ھەوڵی خۆی بخاتەگەڕ... لەم قسانە مەبەستم ئەوەنییە کە بڵێم بەڕەنگاربونەوەی تیرۆر پێویست نییە، بەڵکو دەڵێم پێڕەوکردنی سیاسەتی ئاگاداریو وردو زیرەکانە دەرەنجامی زۆر سەرکەوتوانەی دەبێت.
ئەمریکا دەبێت چی بکات؟
بەبڕوای نوسەر ئەمریکا گشت جۆرە ھێزەکانی بەڕێژەی گەورە ھەیە، تەنیا یەک ھێز نەبێت ئەویش شەرعییەتە. بۆیە دەڵێت: لەجیھانی ئەمڕۆدا نەبونی شەرعیەت بەکەموکورتییەکی کرۆکی دادەنرێ. چونکە شەرعیەت رێگە بەمرۆڤ دەدات ئەجێندا دابنێتو قەیرانەکان دەستنیشان بکاتو پشتگیرییو ھاودەنگی لەنێوان دەوڵەتانو ھێزەکانی ناحکومیدا کۆبکاتەوە". ھەروەھا دەڵێت: رەنگە وێنەی ئەمریکا ھێندە جوانو خۆشخوانە نەبێت وەک ئەمریکییەکان تێیگەیشتون، بەڵام لەکۆتاییدا لەئەلتەرناتیڤی دیکە باشترە. ھەر ئەمەشە وایکرد جیھان بۆ ماوەیەکی زۆر دورودرێژ بەرگەی ھێزەکەی بگرن.
لەبەشی کۆتایی کتێبەکەدا کە تەرخانکراوە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری دەبێت ئەمریکا چی بکات، نوسەر دەڵێت: لەسەر ئەمریکا پێویستە چەند بنەماو خزمەتگوزارییەک پێشکەش بکات کەوا یارمەتیدەری چارەسەرکردنی گرفتە سەرەکییەکانی جیھان بن، ھەروەھا پێویستە لەھەمانکاتدا پشکێک لەسیستمو دەسەڵات ببەخشێتە وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کەوا تازە گەشەیان کردوە.
لەخاڵێکی دیکەشدا دەڵێت: گرژییەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست گرنگن، بەڵام گشت سەرچاوەو وزەو گرنگیدانێکی ھەڵمژیوەو لەماوەی حەوت ساڵی رابردودا لەگشت پرسێکی دیکەی نێو سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا زیاتر گرنگی پێدەدرێ. لەسەر واشنتۆن پێویستە لەسەدەی ھەشتەمی کۆچیو حوکمدان لەسەر داواکارییەکانی سوننەو شیعە لەبەغدا، بچێتە نێو سەدەی بیستو یەک – بەرەو چینو ھیندو بەرازیل- بڕوات، کە تیایاندا ئایندە دروستدەکرێت.
فەرید زەکەرییا
* ساڵی ١٩٦٤ لەمۆمبای لەدایکبوە
* لەزانکۆی ھارڤارد دکتۆرای لەزانستە سیاسییەکاندا ھێناوە.
* خۆی بەڕاگەیاندنکارێکی لیبراڵو کەسێکی نزیکی دیموکراتەکانی نێو ئیدارەی ئەمریکی دەناسێنێ.
* بۆ ماوەی ھەشت ساڵ سەرنوسەری گۆڤاری "کاروباری دەرەوە" بوە.
* بۆ ماوەی دە ساڵ لەگۆڤاری نیوزیک نوسەری ستون بوە.
* لەساڵی (٢٠١٠)ەوە لەگۆڤاری تایم کاردەکات.
* لەساڵی (٢٠٠٨)ەوە لەکەناڵی سی ئێن ئێن بەرنامەی فەرید زەکەرییا گی بی ئێس پێشکەش دەکات.
* لەزانکۆکانی ھارڤاردو کۆڵۆمبیاو کایس وسترندا وانەکانی پەیوەندی نێودەوڵەتیو فەلسەفەی سیاسی وتۆتەوە.
* ساڵی (٢٠٠٣) یەکەم کتێبی بەناوی "ئایندەی ئازادی" چاپو بڵاوکردەوە.
* گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی لەساڵی (٢٠٠٨)دا لەریزی ئەو (٢٥) راگەیاندنکارەی داناوە کە لەمیدیای ئەمریکیدا زۆرترین کاریگەرییان ھەیە.
* گۆڤاری فۆرن پۆلەسی لەساڵی (٢٠١٠) لەڕیزی گرنگترین بیرمەندانی جیھانی داناوە.