بیانییەک لەوڵاتی غەریباندا!
  2025-10-08       636       

ھێمن مەحمود


مرۆڤ کاتێک لە نیشتمانی خۆی ھەڵدەکەنرێت ئیدی لە ھیچ نیشتمانێک نە ئارام دەگرێت، نە دەبێتەوە بە ڕۆحەکەی جارانی نیشتمانی خۆی، بە مانایەکی دیکە ھەموو کەسێک لە نیشتمانی خۆیدا نەبێت، لە ھەر کوێیەکی دیکەی ئەم جیھانەبێت ھەر بیانییەکە بۆ خۆی.

ڕەنگە ڕای جیاواز و بۆچوونی جیاواز لەسەر چەمکی نیشتمان و چەمکی غوربەت و چەمکی بیانی ھەبێت، بەڵام تاقەشتێک کە ڕای جیاواز و بۆچوونی جیاواز ھەڵناگرێت ئەوەیە ڕۆحی کەسی ئاوارە و دەربەدەر و پەنابەر و بیانی لە وڵاتی غەریباندا ڕۆحێکی تێکشکاو و ماندووە، ڕۆحێکی ئازارچێژ و ھەلاھەلایە، شێوەیەکی بە لەش زیندوو و بە ڕۆح مردووە، بۆ ھەموو ئەوانەشی کە دەردی دووری نیشتمانیان چێشتبێت ئەم بۆچوونە مایەی مشتومڕ نییە.

لە ڕۆمانی (بیانی) تیۆدۆر کالیفاتێدێس زۆر بە قووڵی بەسەر چەمکی بیانی و غوربەت و نیشتمان و تەنیایی دا دەکەوین.

تیۆدۆر کە ڕۆماننووسێکی یۆنانییە و ھەر لە تەمەنێکی زووەوە ئاوارەی وڵاتی سوێد بووە، زۆرینەی زۆری ڕۆمانەکانی باس لە غوربەت و نیشتیمان و ئاوارەیی دەکەن.

وڵاتێکی نوێ، بیانی، عیشق و غەریبی، بەفێنکایی لێوەکانی، نامەیەک بۆ کچەکەم، لە نموونەی ئەو ڕۆمانانەن کە تێیدا بە قووڵی ڕۆدەچێتە ناو ڕۆحی مرۆڤەوە و نیشتمان و غوربەت شیدەکاتەوە.

تیۆدۆر تەمەنی ٣ ساڵ دەبێت کە نازییەکانی ئەڵمانیا باوکی دەستگیردەکەن، کاتێکیش دەبێتە ٥ ساڵان نازییەکان لەبەرچاوی خەڵکی گوندەکەیدا شێتێک گوللەباران دەکەن، ئەم نووسەرە ئەو ڕووداوەی بە بیر دێتەوە و دەڵێت تەقەیان لێکردوو کوشتیان، پاڵی بە دیوارەکەوە دابوو، بۆیە بە دەمدا کەوت و باوەشی بە عەرزەکەدا کرد دەتگوت دەیەوێت خۆی بگرێتەوە، وەختێک خەریک بوو گیانی دەربچێت، نیگای لە نیگای من گیربوو.

ڕۆمانی (بیانی) کە یەکەمین ڕۆمانی نووسەرە ژیانی کۆمەڵێک ئاوارەی یۆنانیمان بۆ دەگێڕێتەوە کە لە وڵاتی سوێد دەژین و ھەر یەکەیان ڕووبەڕووی چارەنووسی جیاواز دەبنەوە.

بیانی کەسێکە کە دەیەوێت لە وڵاتی خۆی ڕزگاری بێت و لە وڵاتێکی دیکە بگیرسێتەوە و دابمەزرێت، کەچی تەنیایی و بێکەسی و حەسرەت و پەراوێزخستن و بە چاوی سووک سەیرکردن دەبێتە چارەنووسی.

کەسی بیانی کەسێکە ھەمیشە ھەر بە بیانی دەمێنێتەوە، تەنانەت ئەو کاتانەشی کە عەشق دەکات و لە باوەشی ژنێکدایە ھێشتا بۆنی کۆڵانەکان، شەقام و کوچەکان، ڕەشەبا و زریان و لافاوەکانی وڵاتی خۆی دەکات.

لەم ڕۆمانەدا مرۆڤ سەنتەری ھەموو شتێکە، دۆخە دەروونییەکەی مرۆڤ زاڵە بەسەر ھەموو شتێکدا، ئەوەی ڕووداوەکان دەبات بەڕێوە ڕۆحە، ئەوەی بڕیارەکانی مرۆڤ دەدات جەستە نییە، بەڵکوو ئەو شەپۆلی ھەست و سۆزەیە کە مرۆڤێکی بیانی لە ئێوارەیەکی غوربەتدا دادەگرێ و ھێندەی تر تەنیای دەکات.

تیۆدۆر ڕۆماننووسێکە زۆر بە قووڵی لە مانای نیشتمان، غوربەت، حەسرەت، ھاونیشتمانی و بیانیبوون گەیشتووە، خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی چێژێکی لەڕادەبەری ھەیە و تەمەنادەکەم ھەموو کەس بیخوێنێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×