"میشێل فوکۆ" لەتاران: کاتێک هزر دەست لەملانی جەللادەکەی دەبێت
  2025-10-27       743       

حەمید زنار

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

سەردانەکەی میشێل فوکۆ بۆ تاران لە سەروەختی شۆڕشەکەی خومەینی دا، تەنها ڕووماڵێکی ڕۆژنامەوانیی پەتی نەبوو، بەڵکو سەرسامبوونێکی فەلسەفیی نامۆ و سەیر بوو بە شۆڕشێک کە مێزەری بەسەر بوو و خەونی بە ڕاستیی ڕەهاوە دەبینی. ئەوەی یەکێک لە مرۆڤە مەزنەکانی هزری خۆرئاوا پێشوازی لە شۆڕشێکی ئایینی بکات کە هەڕەشە لە سادەترین بنەماکانی نوێگەری دەکات، ئەمە داوەرییەک نییە نەیپێکا بێت، بەڵکو بوومەلەرزەیەکی ئاکاریی و هزرییە. ئایا فوکۆ قوربانیی جادوویەکی کۆنی خۆرهەڵاتیی بوو؟ یان، هۆشیارانە، ئەوەی هەڵبژارد بە ناوی "جیاوازی" و "گیانی شۆڕشگێڕییەوە" دەست لە ملانی جەللادەکەی خۆی بێت؟

ئێمە لەم وتارەدا سەرلەنوێ فوکۆ لە تاران دەخوێنینەوە: هەڵبەتە نەک وەک پەیامنێر یاخود فەلسەفەکارێک، بەڵکو وەک شایەد و گەواهی شکستی هزر لەبەردەم فریوی ئایدیۆلۆژیدا.

زۆرێک لە عەلمانییەکانی ناوچەکەمان لەبارەی هۆکاری "شەوکوێریی" بزووتنەوەی چەپ بەرامبەر بە بناژۆخوازیی ئیسلامی لە فەڕەنسا و لە خۆرئاوا بە گشتی، دەپرسن. تا ڕادەیەک زۆرێک لەم عەلمانییانە ناپەسەند لە زاراوەی “ئیسلامچەپیزم” دەڕوانن و ئەو ئاوێتەکردنە نامۆیەی نێوان بناژۆخوازی و چەپ واقیان دەوڕمێنێت! لە فەڕەنسا چەپی توندئاژۆ و بەشێکی زۆر لە چەپی سۆشیالیستی و ئایکۆلۆژی، چیی دیکە ڕاستیی خۆیان ناشارنەوە، بەڵکو بە ئاشکرا بوون بە هاوپەیمانی ئیسلامییەکان و بێ پێچ و پەنا بەرگری لە ئیسلامییەکان دەکەن!

لە ڕاستیدا بڕێک ئاستەنگی دەروونی و زانینەکی و میتۆدی زۆر، ڕێگرن لەبەردەم تێگەیشتنی چەپ بە شێوەیەکی گشتی لە پرسی بناژۆخوازی و، ئەم ئاستەنگانەش زۆر کات ڕێگای ڕاستی لە زۆربەی خۆرئاواییەکان بزر کردووە و، وای لێ کردوون نەتوانن بزانن چی ڕوو دەدات، هەر بۆیە دژ بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن، هەرچەندە هەست بەوەش نەکەن: ئەو فرەچەشنییەی پێشتر داوایان دەکرد، بووە بە مۆتەکەیەکی بناژۆخواز خەوی لە چاو زڕاندوون.

ئەم سەرسامبوونە بە تۆتالیتاریزم، بەرهەمی ئەم چەند ساڵە کەمەی دوایی نییە بەو جۆرەی لە میانی پارتی "فەڕەنسای شکۆمەند" و پاشکۆکانی بە سەرکردایەتیی ژۆن لوک میلنشۆن دەردەکەوێت، بەڵکو دەردەکە کۆنترە و تووشی ڕۆشنبیرانێکی گەورە بووە.

وا دیارە ڕۆشنبیری فەڕەنسی هەر زوو بە ستەمکارەکان سەرسام دەبێت، لە ڤلادیمێر لینین و شۆڕشی بەلشەفییەوە بیگرە تا بە ماوزیتۆنگ و شۆڕشە کولتوورییەکەی و ئایەتوڵڵا خومەینی و شۆڕشە ئیسلامییە بناژۆخوازەکەی دەگات. 45 ساڵ لەمەوبەر زۆرێک لە ڕۆشنبیرە فەڕەنسییەکانی ئەو ڕۆژگارە، بەوپەڕی جۆش و پەرۆشی پشتیوانییان لە شۆڕشە ئیسلامییەکەی ئایەتوڵڵا خومەینی کرد و، بە سەرچاوەی کەمترین مەترسییان نەبینی. ئەو هەستە ڕەخنەییە باو و ئاساییەی خۆیان تەڵاق دا کە هەموو شتێکی دەخستە ژێر گومانەوە و بۆ شۆڕشی ئاخوندەکان کەوتنە هەلەکە سەما کە ڕوون بوو زۆر نابات بە ڕەهایی دەبێتە یەکێک لە بەدترین دیکتاتۆرییەتەکان: تیۆکراسییەکی شیعەگەرا، بناغەکەی شەریعەتێکی سەپێنراوە بناغەڕێژیی بۆ ویلایەتی فەقی دەکات، کە دەسەڵاتی ڕەهای پیاوانی ئایینییە. یەکێک لەو کەسانەی لە کاتێکی زوودا بە شۆڕشی ئاخوندەکان سەرسام بوون یاخود لەناو یەکەمین "گەمژە سوودمەندەکان"دا بوون: میشێل فوکۆی پاڵەوانی دەروونشیکارییە.

کەواتە ئەو هۆکارانە چین وایان لە دەروونناسە بەڕێزەکەی فەڕەنسا و شارەزاکەی بواری دێوانەیی کرد، لە دێوانەیی خومەینی و هەوادارانیدا "ڕۆحانییەتێک" ببینێت کە سیاسەت لە خۆرئاوادا نییەتی؟ ئەوەی لە ئێراندا سەری ئەوی سوڕماند، بەو جۆرەی فوکۆ نووسیوویەتی، نەبوونی کێشمەکێشە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا، فوکۆ لە ئێران یەک بەرەی میللی لە دژی دەوڵەتی زاڵ بینی.. ئەقڵ دەیبڕێت وا بە ئاسانی و سادەیی و لە لایەن یەکێک لە بەناوبانگترین ئەقڵەکانی خۆرئاواوە لە سەدەی ڕابووردوودا، نکوڵی لە جیاوازیی کۆمەڵایەتی و نەژادی و ئایینی و سیاسی بکرێت؟ ئایا ناتوانرێت ئەم هەڵوێستەی لە چوارچێوەی ڕوانگە و بۆچوونی هەندێک لەو خۆرئاواییانەدا پۆلێن بکرێت، کە ڕوانینێکی – جاروبار بەری و بێتاوانانە- ڕوانینێکی یەکتایانە: یەک خودا، یەک حیزب، یەک گەل، یەک سەرکردە و، چوار ژن، لە موسوڵمانان دەڕوانن!

چۆن دەبێت مرۆڤێکی وەک میشێل فوکۆ بکەوێتە ناو هەڵەی پشتیوانیکردن لە جووڵانەوەیەکی فاشیستیی وەک خومەینیزمەوە، هەر لەگەڵ جووڵانەوەکە ئاڵای ئایین بەرز دەکاتەوە و دژایەتیی دۆخ و بوویەری جیهان دەکات، هەرچەندە لە نزیکەوە و ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووداوەکانی تاران دا ژیاوە کاتێک نێردراوێکی ڕۆژنامەوانیی ڕۆژنامەی "کوڕیڕ دیلا سیرا"ی ئیتاڵی و هەفتەنامەی چەپڕەوی فەڕەنسیی "لۆ نۆڤال ئۆبزێرڤاتۆر" بووە کە ئەم هەفتەنامەیش دیسان لە ڕووداوەکانی ساڵی١٩٧٩ی ئێران دەستپێکێکی نوێی شۆڕشگێڕانە و سیاسییانەی بینیوە؟

ئەگەرچی فوکۆ بوونی خۆی وەک ڕۆژنامەوان لە ئێران لە ڕۆژانی یاخیبوون و شۆڕشەکەدا پاساو داوەتەوە هەرچەندە پێشتر کاری ڕۆژنامەوانی نەکردووە، ئەگەرچی فوکۆ بوونی خۆی لەو کاتەدا لە ئێران بەو گوتە بەناوبانگەی پاساو داوەتەوە کە دەڵێت: "پێویستە لەو شوێنە بین کە هزرەکان لە دایک دەبن" بەڵام فوکۆ هزرە فاشیستییە ئایینییەکانی نەبینی کە لە دایک دەبوون، وێڕای بوونی لە هەمان شوێن و ئەو چاوپێکەوتنەی چاوی بە خومەینی و زۆرێک لەو کەسانە کەوت کە لەم ڕووداوە لەگەڵیدا بەشدار بوون. فوکۆ ئەگەر بە خێراییەکیش بووایە چاوێکی بە کتێبەکەی خومەینی سەبارەت بە "حکوومەتی ئیسلامی"دا بگێڕایە- کارێک کە هەموو ڕۆژنامەوانێکی ڕاستەقینە دەیکات- ئەو کات دەرکی بەو مەترسییانە دەکرد کە لەو کاتەدا لە دایک دەبوون. هەروەها ئەو دەم دەرکی بەو خۆسەپاندنە دەکرد کە ئاخوندەکان خۆیان بەسەر جووڵانەوەیەکی میللیی فرە ڕەوت و تەوژمدا سەپاندووە و بە زەبری هێز دەستیان بەسەردا گرتووە.

ئایا ئاخوندەکان کاتێک خۆیان کردە ڕاسپێر و دەمڕاستی گەلی ئێرانی و لە ڕێگای داخستنی دەمی بەرهەڵستکاران و کفنکردنی ژنانەوە لە عەبا و چارشێودا و بە سەپاندنی ئاکار و ڕەوشتی سەدەکانی ناوەڕاست بەسەر کۆمەڵدا مافەکانی مرۆڤیان پێشێل کرد، ئەو شتەیان بەدی هێنا کە میشێل فوکۆ بە شێوەیەک لە شێوەکانی ئەو "ڕۆحانییەتە سیاسییە"ی دەبینی کە بە بڕوای ئەو لە ئەوروپای نوێدا نەبوو؟ ئایا ڕاستە ئەو شتەی ئەو بینی و بە سەرسوڕمانەوە لەبارەیەوە نووسی، یاخیبوونێکی دەگمەن بوو دژ بە سیستەمی جیهانی، بەو جۆرەی فوکۆ دەیگوت؟ ئایا "شۆڕشی ئێران" ڕاپەڕینێکی تەواوەتی بوو لە دژی دەسەڵات بەو جۆرەی کە فوکۆ بانگەشەی دەکرد؟

ئەگەر فوکۆ زیندوو بووایە، تۆ بڵێی سەبارەت بەو دۆخە "ڕۆحانییە" چی بگوتایە کە ئێرانی وڵاتی نەتەوە داپڵۆسێنراوەکان لە سای عەبای ویلایەتی فەقیدا پێی گەیشتووە؟ ئەو چارەسەرە چی دەبوو دەشیا فوکۆ بە ئافرەتانی ئێرانی بدات تاکو ئەو تووڕەیی و ئازارانەیان کەم بکاتەوە بە هۆی چەرمەسەرییان لە ژێر جەوری "سیاسەتی ڕۆحانی" دا تووشیان هات کە فوکۆ لەو کاتەدا لەبارەیەوە مزگێنی دا و پەرۆشی بوو؟

فوکۆ هیچ گرنگی و گوێیەکی بەو ڕەخنە و سەرنجانە نەدا زۆرێک لە ئەنجوومەن و کۆمەڵەکانی ئافرەتان و ترسی خێرا و زوو بە زوویان سەبارەت بەو ئاراستە مەترسیدارە دەریانبڕی ئەو جووڵانەوەیە هەڵدەخزایە ناوی کە ئیسلامییەکان گۆڕییان بۆ جووڵانەوەیەکی کۆنەپەرستانە و، بە درۆ و ناڕەوا ناوی "شۆڕش"ی لێ نرا.

ئایا شەیدایی فوکۆ بە مردن لە پشت سەرسوڕمانیی فوکۆوە بوو بە پەڕگیرە ئیسلامییەکانی شەیدای شەهیدبوون؟ فوکۆ باسی “دەستپێکردنی ڕەهەندێکی ڕۆحیی بۆ سیاسەت” کردووە، ئایا ئەم دەستپێکردنە ڕوونە، ئەو دادگاییە شەرمهێن و لەسێدارەدانە ئاشکرایانەی چەپڕەو و دیموکراسیخوازەکان و هەموو ئەو بەرهەڵستکارانە بوو کە بەرهەڵستیی سەرشێتییەکانی ئایەتوڵڵایان دەکرد؟ ئایا خاوەنی کتێبی "چاودێریی و سزا" نەیدەزانی دەسەڵاتی ئایینی هەمیشە شێت و شەیدای لە مل دانە؟ لە کۆتایی وتارەکەی فوکۆدا ئەمە دەخوێنینەوە: "ئێرانییەکان خەون بە چییەوە دەبینن؟"، گەڕان بە دوای شتێکدا کە ڕەنگە ژیانیانی لەسەر دابنێن و، گەڕان بە دوای شتێکدا کە لە سەردەمی ڕێنیسانس و قەیرانە گەورەکەی مەسیحییەتەوە و کە "ڕۆحانییەتی سیاسییە"، چ واتایەکی هەیە بۆ دانیشتوانی ئەم سەرزەمینە؟

هەروەها دەڵێت “خەریکە گوێم لە فەڕەنسییەکان بێت پێدەکەنن، بەڵام پێم وایە فەڕەنسییەکان بە هەڵەدا چوون.” لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا هیچ کەس پێ ناکەنێت، بەڵکو قسەکەی فوکۆ، بۆ کەسێک کە ئاگای لە دۆخی خراپی مرۆڤە لە ئێران، جێی بەزەییە.

کاتێک ئەو ڕۆژە دادێت "مێژووی دێوانەیی" بە شێوازێکی بابەتییانە دەنووسرێتەوە، قۆناغی "کۆماری ئیسلامی" لاپەڕەیەکی زۆر لە لاپەڕەکانی کتێبەکەی بەر دەکەوێت و، ئەو کات ئێمە وردەکارییەکانی بوونی میشێل فوکۆ بە تەڵەی "خواپەرستی" ی شیعەگەرایی دەخوێنینەوە. ئایا هەڵوێستی فوکۆ بەرامبەر بە خومەینیزم تەنها هەڵەیەک بوو و هیچی تر، کە تیایدا هەڵە لە ڕووداوەکان تێگەیشت، یاخود دۆزەکە بەرەو بوونی جۆرێک لە پەیوەندی لەگەڵ هەموو نووسینە تیۆرییەکانی و ڕوانگە فەلسەفییەکەی دەپەڕێتەوە؟

ڕەنگە فوکۆ ساویلکە نەبووبێت، بەڵکو فریوی ئەوەی بیرۆکەی شۆڕشی خواردبێت کە ڕووداوێکە پۆلێنکارییە ئاکاری و سیاسییەکان تێدەپەڕێنێت. بەڵام مەزەندەکەی کورتی هێنا کاتێک پێی وا بوو خومەینیزم هاوارێکی بوونگەرایانەیە لە دژی نوێگەریی خۆرئاوا و، چاوپۆشی کرد لەوەی خومەینیزم دامەزراندنی ڕژێمێک بوو گوێڕایەڵی پیرۆز دەکات و بە ناوی باوەڕەوە تاکەکەس دەهاڕێت.

لە ڕاستیدا هزر دەست لە ملانی جەللادەکەی بوو، نەک لەبەر ئەوەی ئەو ئەمەی نەدەزانی، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەو ویستی بڕوا بەوە بکات کە پێچەوانەی هەست و مێژوو و لۆژیکە. زامە ئاکارییەکەی فوکۆش، لێرە لەم شوێنەدایە: لە سەرسامبوونیدا نییە، بەڵکو لە بێدەنگبوونیدایە، لە دوای دامرکانەوەی پرشنگی شۆڕش و سەرهەڵدانی دێوەزمەکەی.

فوکۆ دەڵێت: ”هەموو زانینێک دەسەڵاتە و، هەموو دەسەڵاتێک زانین بەرهەم دەهێنێت” ئەی کاتێک دەسەڵات بە ناوی ئایینەوە جێگیر دەکرێت، زانین چی بەرهەم دەهێنێت؟ ئایا فەلسەفە بە زیندوویی دەمێنێتەوە، کاتێک بیرمەندەکانی دەست لە ملانی جەللادەکانی دەبن؟

لە تاران فوکۆ هەر خۆی بە تەنها نەکەوت؛ بەڵکو خەیاڵی پڵاوی بێلایەنیی فەلسەفییش داڕما کاتێک بەرەنگاری ستەمکاریی پیرۆز دەبێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×