گفتوگۆ لەگەڵ فێلیکس گواتاری سەبارەت بە فەلسەفە و دەسەڵات و ڕای گشتی
  2025-10-31       680       

وەرگێڕانی: سامانی عەلی

 

پیێر فێلیکس گواتاری (١٩٣٠-١٩٩٢) پزیشک و پزیشکێکی دەروونیی و فەیلەسووف و سیاسەتوانێکی فەڕەنسی، لە بنەڕەتدا بە هۆی هاوکاریی هزریی لەگەڵ ژیل دولوز ناسراوە و ناوی ڕۆیشتووە، لەگەڵ دولوز بە هاوبەشی، ئەم دوو کتێبەیان نووسیوە: (دژی ئۆدیپ) لە ساڵی١٩٧٢ چاپ و بڵاو کراوەتەوە و، (هەزار ڕووتەخت) لە ساڵی ١٩٨٠ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەمە دەقی گفتوگۆیەکە ماوەیەکی زۆر بەر لەوەی کۆچی دوایی بکات، لەگەڵی ساز کراوە.

 

پرسیار: فەلسەفە چییە؟

فێلیکس گواتاری: فەلسەفە چەشنێکە لە چەشنەکانی هزر. وەک چۆن چەشنێکی وێژەیی و شانۆیی و چەشنە جوانیناسی و سیاسییەکان هەن، فەلسەفەش چەشنێکە بایەخ بە بەکارهێنانی ئەو توانای بێکۆتایە دەدات کە لە چەمکەکاندا هەیە. بۆ نموونە، هاوەڵ ئەو کەسەیە کە لە ئەوی تر دەڕوانێت و، ئەوی تر پێکدەهێنێت. مەرج نییە لەسەر بنەڕەتی پەیوەندیی هاوشێوەسازی و چوونیەکی پێکیبهێنێت، چونکە هاوەڵی، هاوتای پەیوەندیی گیاندانە، بەڵام لەم پەیوەندییە سەربەخۆیە لەگەڵ ئەوی دیکەدا، بوار بە بینینی گەردوونێکی دیاریکراو دەدات. لە بەشداریی هاوڕێیانەدا، لایەنێکی دیکە هەیە لایەنی سێیەمە و ئەویش ئەو جیهانەیە کە ئێمە لە سەروبەندی چنین و سازکردنیداین. هاوەڵێتیی سوکراتییش، کێشەیەک نییە چارەسەری خۆی لە چوونییەکدا بدۆزێتەوە کە لە چوونیەکی لەگەڵ ئەوی دیکە دەچێت، لێرەدا هاوەڵی، بابەتی هەبووی تەڵە دەقێکە، بە تەواوی لە پەیوەندییەکانی نێوان کەسەکان تێدەپەڕێنێت و، یەکانگیری و تۆکمەیی بە چەشنێکی لەو بابەتانە دەبەخشێت کە لە دواییدا دەبنە بڕێک بابەتی چەمکی.

 

پرسیار: تۆ، بە گوێرەی ئەم واتایە و بەم ئاراستەیەدا، هاوڕێی ژیل دولوزیت، وا نییە؟ تۆ هاوڕێی ئەویت چونکە ئێوە پێکەوە جیهانێکی دیاریکراو دادەهێنن؟

فێلیکس گواتاری: بەڵێ وایە، بەو جۆرەی پێشتریش گوتم، من هاوەڵی دولوزم، بەڵام هاوڕێی نیم، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێمە هەمیشە بە بەکارهێنانی جێناوی ڕێز (ئێوە) دەدوێین. ئێمە هەمیشە هاوکات دەستمان بە لێکنزیکییەکی زۆر و لێکدوورییەکی دۆستانەشەوە گرتووە، وەک ئەوەی لەپێناو پاراستنی یەکانگیری و تۆکمەییی چنراوی هاوبەشمان پێویستمان بەوە هەبووبێت.

 

پرسیار: ئایا لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا هێشتا دەتوانین بەو چەشنە لە (شیزۆفرینیا) تێبگەین، کە لە ساڵی١٩٦٦دا لێی تێدەگەیشتین؟ من بۆیە ئەم پرسیارەت لێ دەکەم، چونکە تۆ گوتت شیزۆفرینیا جێگرەوەیە و، تووشیاری شیزۆفرینیا لە جڤاتی سەرمایەدارییدا، تاکێکە کاری گواستنەوە لە بەستێن و بوار و شوێنێکەوە بۆ بەستێن و بوار و شوێنی دیکە دەکات، واتە بڕێک بابەت لە بوار و بەستێنەکانی خۆی دادەماڵێت و وایان لێ دەکات لە بەستێن و بواری دیکەدا نیشتەجێ ببن (داماڵراو و گواستراوە لە بەستێنی خۆی، دەڵێیت جەستەیەکی بێ ئەندامە).

فێلیکس گواتاری: من پێشتر نەمگوتووە تووشیاری وڕێنە یاخود تووشیاری شیزۆفرینیا، پاڵەوانێکی شۆڕشگێڕ بووە و، قەرەبووی ڕابەری چینی کرێکار یاخود تێکۆشەری کارگەکانی بۆتیلۆڤ لە ڕووسیا لە ساڵی١٩١٧دا دەکاتەوە. ئەو شتەی من بەوپەڕی سادەیی تێبینی دەکەم، ئەوەیە پەیوەندیی لەگەڵ تووشیاری وڕێنە، چەند پرسیارێکی بە پەلە و پەرۆش دەخاتە ڕوو، ئێمە لایەنی زۆر هەوڵێکی زۆر دەدەین تا خۆمانیان لێ بپارێزین. ئەم پەیوەندییە چاو بە جیهانی باڵادەستی ئاماژەکان و، جیهانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و، جیهانی ئاڵوگۆڕ و، جیهانی کارلێکەکاندا دەگێڕێتەوە و، پێداگرانە چەندین ڕەهەندی هێمایی و سیمیۆلۆژی تێهەڵکێش دەکات، پەیوەندییان بەم جیهانەوە پچڕاوە کە میدیا بە سەریدا زاڵە، واتە ئەم جیهانی دەسەڵاتەی کە ئێمە تیایدا هەین. باسەکە پەیوەستە بە تاقیگەیەکی گرنگەوە.

خەڵک گرنگی و گوێ بە پزیشکیی دەروونی نادەن. پزیشکیی دەروونی لەو هەژارییە ترسناکەیدا کە تیایدایەتی، بەجێی دەهێڵن. ئێمە چۆن چۆنی دەست و پەنجە لەگەڵ وڕێنە و لەگەڵ شیزۆفرینیا و لەگەڵ پزیشکیی دەروونییدا نەرم بکەین؟ واتە چۆن چۆنی دەست و پەنجە لەگەڵ خۆمان و گێلێتیی خۆمان و ئارەزووی خۆمان و لەگەڵ پەیوەندیمان بە جیهانەوە نەرم بکەین؟

 

پرسیار: هەروەها چۆن دەست و پەنجە لەگەڵ نەستی میکانیکییشماندا نەرم بکەین؟

فێلیکس گواتاری: هەروەها چۆن دەست و پەنجە لەگەڵ سەربەخۆیی و لە دایک بوون و مردنی خۆماندا نەرم بکەین؟ ئەم دۆزانە هەن، ئایا گرنگن؟ خەڵک وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن: نەخێر ئێمە لە لامان گرنگ نین، ئێمە بڕێک بەرنامەی تەلەڤیزیۆنی و هەندێک شتی تر بەرهەم دەهێنین، لە جەرگەی بازاڕێکی هاوبەشداین، بەڵام سەربەخۆیی و مرۆڤ وەک هەبوویەک کە لە هەموو کاتێکدا مردننشینە، لە پڕۆژەکەی ئێمەدا هیچ بایەخێکی نییە. من ئەم وەڵامە زۆر واقم دەوڕمێنێت، چونکە ئەم دوو شتە لە جەرگەی بوونی مرۆییدان.

کێشەکە بە دەستەواژەیەکی دیکە و لە بەستێنێکی جیاوازدا و بەم شێوەیە دەخرێتە ڕوو: پێویستە سەربەخۆیی ئەوی دیکە بەبێ چوونە ناو پەیوەندیی چوونیەکی و هاوشێوەسازی و کاریگەری لەگەڵیدا وەربگیرێت، بە دەربڕینێکی دیکە، پێویستە مرۆڤ وەک هاوەڵی ڕەوتێکی شیاو، ڕەوتێک کە نەگەڕێتەوە بۆ گشتایەتییە پەیوەستەکان بە خودێتییەوە، لە نموونەی گرێ فرۆیدییەکان یاخود نموونەی زمانەوانیی لۆژیکیی هێماییی تایبەتمەندی نەست، بەو چەشنەی لە ڕوانگەی لاکاندا (ماتیم) هەیە، بەڵکو پەیوەندییەکە توانای ئەوە بە تاک دەبەخشێت زانستی نەخشەکانی تایبەت بە خۆی ساز بکات و، "پاش بە نموونەکردن" ی تایبەت بە خۆی ساز بکات و، هەروەها – بە گوێرەی ئەوەی دۆخەکانی دەیخوازێت- لە ڕێگای پێکهێنانی هەندێک بواری خاکیی بوونگەرایانە کە تیایاندا تووشیاری نیگەرانییە و گیرۆدەی دوورکەوتنەوە و بەجێ هێشتنە و، هەروەها دەرفەتی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی پەیوەندی لەگەڵ جیهاندا دەڕەخسێنێت، واتە بونیادنانی توانا و شیانی تازە بۆ ژیان. بەم پێیە، بابەتەکە پەیوەستە بە چالاکییەکەوە ڕەچاوی بە نموونەکردن ناکات، کە زیاتر لەسەر بنەمای پارادایمێکی ئیستاتیکی جێبەجێ دەبێت وەک لەوەی لەسەر بنەمای پارادایمێکی زانستی جێبەجێ ببێت، بەوپێیەی دواجار بابەتەکە وەک بەشێک لە چارەسەر پەیوەندی بە داهێنانی کارێکی هونەریی جیا و سەربەخۆوە هەیە.

هونەرمەندە گەورەکان، - بە تایبەتی لەوەتەی ئەو دابڕانە چەمکییە گەورانەوە کە مارسێل دو شامپ و ژۆن کاژ و بێجگە لە ئەوان هێنایانە ئارا- بەبێ کۆت و پێوەند (بەبێ تۆڕ و بنکە) کار دەکەن. چیی دیکە پێوەری باڵایان نەماون، چونکە ئەوان گۆکردنی تایبەت بە پەیوەندییە ئیستاتیکییەکان دەکەن بە بابەتێک بۆ بیرکردنەوە، هەر بۆیە لەم پەیوەندییە داهێنەرەدا، دەبنە خۆیە هەرە ئازاکە. هەروەها منداڵان و ئەوینداران و تووشیارانی سیدا و ئەوانەش هەن کە گیان دەدەن... هەموو ئەمانە لەناو پەیوەندییەکی شڵەژاو لەگەڵ جیهاندا دەژین. بەڵام هونەرمەندەکان، بە شێوەیەک لە شێوەکان، کەرەستەکان ساز دەکەن و، ڕێگاکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ژمارەیەک پرسیاری لەم چەشنە هەموار دەکەن: من خەریکی چیم؟ ئەو هەسارەیە چییە کە لەسەری هەم؟ پشت و پەنام چییە؟ هیچ پشت و پەنایەکی باڵا بوونی نییە، بەڵام تاک دەتوانێت پشت بە ڕەوتێکی داهێنەرانەی سەر بە کرۆکی ژیان ببەستێت.

بابەتی دووەم کە من دەمەوێت لەبارەیەوە بدوێم، ئەوەیە پارادایمی ئیستاتیکی لە دەرەوەی بەرهەمهێنانی کارە هونەرییەکاندا، بابەتێکە بۆ زانست و پیداگۆگیا و شارستانی و پزیشکی و پزیشکی دەروونی گرنگە، چونکە ئەم ڕێبازە بوونگەرا و سیاسەتە میکرۆسکۆپییە بوونگەرایە، بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ڕێگای ڕوانگەیەکی ئیستاتیکییەوە ئامادە کراوە و بیری لێ کراوەتەوە و بە قووڵی لێی کۆڵراوەتەوە.

 

پرسیار: لە بیرمە تۆ دە ساڵ لەمەوبەر بە داهاتووی ئەم شەپۆل و تەوژمە پەراوێزنشینە گەشبین بوویت... بەڵام ئێستا ئەم تەوژمە پەراوێزنشینە بەرەو داکشان و پووکانەوە دەچێت...

فێلیکس گواتاری: لەو سۆنگەیەوە بابەتەکە پەیوەستە بە پەراوێزخستنی تەواوی چەندین کیشوەرەوە، هیچ داکشان و پووکانەوەیەکی تەوژمە پەراوێزنشینەکان لە گۆڕێدا نییە. بۆ نموونە ئەفریکا لە دۆخێکی پەراوێزنشینیی ترسناکدایە، شەش سەد ملیۆن مرۆڤی ئەفریکی لە ماڵوێرانییەکی سامناکدا دەژین، وێڕای ئەوەی لە ساڵی٢٠٢٥دا  ژمارەکە هەڵدەکشێت، ڕەنگە بگاتە ملیارێک، ئەو کات دەتوانرێت لەو بارەیەوە بپرسرێت کە ڕوو دەدات؟

هەر بۆیە تەوژمە پەراوێزنشینەکە لە ئەفریکا و ئەمەریکای باشوور داکشان بە خۆوە نابینێت، چونکە لە دەوڵەتانێکی وەک چیللی یان ئەرژەنتین، کە ڕێنماییەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکرێن، پێیان دەڵێن: "ئێوە توانیتان کێشەی هەڵئاوسان چارەسەر بکەن". بەڵام نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت، تەنها ٢٠%ی دانیشتوانی ئەم وڵاتانە سوود لە دۆخی زاڵ و باو وەردەگرن، هەرچی سەبارەت بە ٨٠%ی دانیشتوانەکە هەیە، لە هەژارییەکی تەواوەتیدا دەژین، دەتوانرێت نموونەی زیاتریش لەبارەی ئەو دۆخانەوە بهێنرێتەوە.

ئەمڕۆ لە پاکستان بەکۆیلەکردنێکی سامناک و خراپی ئەو منداڵانە هەیە کە تەمەنیان لە نێوان چوار ساڵان و پێنج ساڵاندایە، ناچار دەکرێن بەرد بۆ بیناسازی ئامادە بکەن و لەناو قوڕاو و لیتاودا کار بکەن، تەنانەت لە هەموو دەوڵەتانی ئاسیای بندەستی هێزە پیشەسازییە نوێیەکاندا بەکۆیلەکردنێکی سامناک و خراپ هەیە.

دەشێت تەوژمە پەراوێزنشینەکە لە دەوڵەتە پێشکەوتووەکاندا داکشانێکی بە خۆوە بینی بێت، بەڵام ئەم شتە سەبارەت بە گیتۆکانی ساوس برونکس لە نیویۆرک و تەنانەت سەبارەت بە ناوچەکانی نزیک پاریس ڕاست نییە. دەشێت هۆشیاریی سیاسی لە پەراوێزەکاندا دابەزینێکی بە خۆوە بینی بێت، بەڵام پێویستە لەو بارەیەوە دڵنیایی وەربگیرێت، چونکە شتەکە دڵنیا نییە. لە ئەمڕۆدا کاریگەرییەکانی پەراوێزەکان لەسەر میدیاکان، چیی دیکە لاوازتر بووە لەو کاریگەرییەی لە ڕابووردوودا هەبوو، هاوکات لە ئەمڕۆدا مۆد و باو بە بەراورد بە ساڵانی شەستی سەدەی پێشوو کە کولتووری دژەباو و جووڵانەوەی ١٩٦٨ی بە خۆوە بینی، لاوازترە. لە ئەمڕۆدا ئێمە دوورخستنەوە و پەراوێزخستنی دانیشتوان لەسەر ئاستی جیهان دەبینین. ناشتوانرێت بەوە گەمژەیی خەڵک ڕاڤە بکرێت کە چیی دیکە بوونەتە یەخسیری جڤاتی بەکاربردن و کڵێشە ئامادەکان و ڕیکلام و بەکارهێنانی ڕای گشتی و شارستانیکردنی تاکلایەنە، یاخود بەوەی کە چیی دیکە بوونەتە ئاژەڵ. بەڵکو بە گوێرەی تواناکانی خۆیان بوارە خاکییە بوونگەراییەکان پێکدەهێننەوە. پێشتر لاوان بە شێوەی دەستە و کۆمەڵ کۆ دەبوونەوە و بایەخیان بە مۆسیقای ڕۆک و ڕاپ دەدا، ئەمەش بە پێکهێنانی "هەندێک جڤاتی ساختە"ی دەگەیاندن، جاروباریش لە ڕێگای هەندێک ڕەفتارەوە ئەو کارەیان دەکرد کە لە ڕێ لادانیانی پیشان دەدا، هەروەها ماددەی هۆشبەریان بەکاردەهێنا و، خۆیان دەکوشت و، بە گوێرەی توانایان لە بەستێنی جڤاتێکدا کە پەیتا پەیتا دووفاقییەکەی کەڵەکە دەبوو، جڤاتێک کە ئەریستۆکراتییەتێکی سەرمایەداریی هەبوو چاودێریی دەسەڵات و سەرمایە و میدیای دەکرد، وەک ئەوەی بابەتەکە پەیوەندی بە جڤاتی هەڵقووڵانەوە هەبێت، بە بونیادنانی بوونی مرۆییەوە پابەند دەبوون، لە لایەکی دیکەوە دەستە و کۆمەڵی خەڵکە سەرگەردانەکە لە جیهاندا هەبوون، کە لە بوارە شارستانییە ترسناک و خراپەکاندا هەن کە تیایاندا گرفتاری نامۆبوونن و ناتوانن لە جیهانی بەرهەمهێناندا شوێنی خۆیان بدۆزنەوە، تەنانەت ئەوانەش کە شوێنێک بۆ خۆیان لە ڕەوتی بەرهەمهێناندا دەدۆزنەوە، گیرۆدەی پەراوێزخستنن تەنانەت لەو دۆخەشدا کە لەگەڵ ڕەوتی بەرهەمهێناندا تێهەڵکێش دەکرێن.

قەیرانێک لە گۆڕێدایە من بە قەیرانی ژینگەیی ناودێری دەکەم، تاکو زاراوەی پیسبوونی ژینگەیی ڕەهەندە ماتێریالی و کۆمەڵایەتییەکانی پیسبوون بگرێتەوە، وەک ئەو پیسبوونەی میدیاکان هۆکارەکەین، لەگەڵ پیسبوونی هزرییدا. من زاراوەی "ئیکۆسۆفیا"م داڕشتووە (واتە ژینگەی سێ ڕەهەند: ژینگەی سروشتی و کۆمەڵایەتی و هزریی) بۆ یەکخستنی هەموو ڕەهەندە ژینگەییەکان لە چوارچێوەی زاراوەی ژینگەدا.

ئێمە لەگەڵ کێشەی سەرلەنوێ داهێنانەوەی ژیان بە هەموو دەرکەوتە و پێکهاتە ماتێریالی و کۆمەڵایەتی و نا ماتێریالییەکانییەوە ڕووبەڕووین: لەم ڕووەشەوە ئێمە لەگەڵ پێکهێنانی "ئایکۆلۆژیایەکی گریمانەییدا" ڕووبەڕووین.

لە بواری سینەمادا بۆ بەدبەختی دەبینین سینەمای داهێنان شوێنی خۆی بۆ سینەمای پیشەسازیی، زنجیرە تەلەڤیزیۆنییەکان، چۆڵ دەکات، چیی دیکە بابەتەکە پەیوەندیی نییە بە چەرپای بە ناو (دەروونشیکارێکەوە)، بەڵکو بابەتەکە پەیوەندیی بە سڕکەرێکەوە هەیە، واتە بابەتەکە بووە بە بابەتی پەیوەندیی سەرسوڕمان و کەمەندکێشی.

تەلەڤیزیۆن دادەگیرسێنین و چاوەڕوانی دووبارەبوونەوەی هەمان ڕووخسارەکان و هەمان ڕستەکان و هەمان هێماکان دەکەین. لەگەڵ ئەو شتەدا کە دەشێت وەک دابڕانێک لەو ڕووداوانەدا ڕوو بدات کە لە جیهاندا ڕوو دەدەن و، لە لایەن میدیاکانەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت و، دەکرێنە کەرەستەیەکی بێ واتا. کەواتە لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا، بێجگە لە دووبارەبوونەوە ناشێت هیچ شتێکی دیکە ڕوو بدات. ئێمە  لە لایەن میدیاکانەوە گەمارۆ دراوین، ئەمەش ئەو شتەیە کە ڤیریلیۆ (Virilio) بە دابەزینی خێرایی تۆپ (بە واتا ئەندازەگیرییەکەی وشەکە) ناودێری دەکات.       

توانا یاخود شیانێک نەماوە بۆ گواستنەوە یاخود شوێنگۆڕکێ. بۆ نموونە لە سەروەختی شەڕی کەنداودا، بینیمان چۆن ئەوەی "ئێستا" ڕوو دەدات بەسەر ئەوەدا زاڵ بوو کە "لێرە" (لە تەلەڤیزیۆن) لە ڕێگای پەیوەندیی ڕاستەوخۆوە ڕوو دەدات. هەر بۆیە دەشێت بپرسرێت: ئایا ڕووداوێک ڕوو دەدات؟ چونکە هەرچی شتێک کە ڕوو دەدات، لە لایەن ئەو دڵنیاییەوە هەڵدەمژرێت و لەناو دەبرێت کە بێژەرێک کە هەموو شتێک ڕاڤە دەکات دەیخاتە ڕوو و، ژەنەڕاڵێک لە ڕێگای لێدوانە پووچ و بێتامەکانییەوە دەریدەبڕێت کە بە ڕوون ناودێر دەکرێن. بەڵام ئەو شتەی ئێمە لە میدیاکاندا تێبینیی ڕوودانی دەکەین، لە هەموو بوارەکاندا ڕوو دەدات، بۆ نموونە تێبینیی ڕوودانی دەکەین لە بواری ئابوورییدا: چونکە ئەمڕۆ ئابووریناسان بانگەشەی ئەوە دەکەن بابەتە ئابوورییەکان تایبەتمەندیی بابەتێتییان هەیە و، باسی بوونی ناچاریی یاخود پێداویستیی ئابووری دەکەن و، بانگەشەی ئەوە دەکەن لەبەر ئەوەی هیچ بژاردەیەکی تریان نییە و لەبەر نەبوونی جێگرەوە یان قەڵەمباز یان دووڕیانێکی شیاو، ئەو کارە دەکەن کە دەیکەن. وەک ئاشکرایە ئابووریی جیهان بە گوێرەی چلۆنایەتییەک هەڵدەسووڕێت، سەبارەت بە ٨٠%ی دانیشتوانی جیهان کارەساتی تۆقێنەر بە دوای خۆیدا دەهێنێت و، لە پیسبوون و وێرانبوونێکی ژینگەیی ترسناکەوە سەر دەردەهێنێت. بەڵام هەندێک توانا و شیاوێتیی بێجگە لەو توانا و شیاوێتییانە هەن کە ئابووریناسەکان بانگەشە دەکەن: ئابوورییەکی دیکەی شیاو و، میدیای دیکەی شیاو و، فەلسەفەیەکی دیکەی شیاو و، شێوەی دیکەی شیاوی هونەر هەن. ئەم بابەتی شیاوە واتای گرنگیدان بە خاوەنداریکردن لە بابەتێکی دیاریکراو بە چۆنایەتییەکی سەربەخۆ یاخود تاکەکەسییانە دەگەیەنێت، ئەمەش لە ئەمڕۆدا پرسێکی بە پەلە و پەرۆشە. ئەگەر شیاو نەبێت و ئەو شتەمان بەسەردا بسەپێنرێت کە نەشیاوە، ئەو کات زۆر بە سادەیی بەرەو کارەساتێکی جیهانی پاڵ دەنرێین.

بە بڕوای من پێویستە زۆر وریا بین، لەبەر ئەوەی خودێتیی تاکەکەسی جیاوازە لە خودێتیی بە کۆمەڵ، چونکە هیچ خود و سەربەخۆییەک نییە ئەو خۆگری و تۆکمەییە بە خودێتی ببەخشێت کە هەیەتی. لەبەر ئەوەی خودێتی لە چەند ئاستێک پێکدێت. وەک چۆن دەشێت ڕای گشتی گەمژە بێت و دوای باو و ڕاپرسییەکان بکەوێت و، دەشێت نەژادپەرست و دابڕاو بێت لە جیهان و، لەو هەژارییە بێ ئاگا بێت کە لە جیهانی سێیەمدا بەر بڵاوە، بەڵام هاوکات ئێمە بێ ئاگا نین لەوەی ڕای گشتی وەرچەرخانی کتوپڕ و توندوتیژانەی هەن. بۆ نموونە دەبینین ڕای گشتی لە فەڕەنسا لەوەتەی شەڕی کەنداو و ڕووداوەکانی تیمیشوارای ڕۆمانیاوە، چیی دیکە بە وریاییەوە ڕەفتار دەکات، هەروەها دەبینین بەرامبەر بە دەسەڵاتی سیاسییش بە وریاییەوە مامەڵە دەکات. ڕای گشتی، لە کەسێک دەچێت کە گوێ بە خۆی نادات، لەبەر ئەوەی گوێ بە هیچ شتێک نادات. بەڵام جاروبار بە شێوەیەکی کتوپڕ و توندوتیژانە هۆشیارییەکەی جارانی بۆ دەگەڕێتەوە، هەر بۆیە دەشێت ڕای گشتی بە چڕی و ژیرییەکی بە کۆمەڵ بگۆڕێت. پێشتر گۆڕانی کتوپڕی ڕای گشتیمان لە چین بە هۆی ڕووداوەکانی تیان ئان مین و ئەو داواکارییانەیەوە بینی کە داوای ڕاگرتنی کۆمەڵکوژییەکەی کرد. هەروەها گۆڕانی ڕای گشتیمان لە دەوڵەتانی ئەوروپای خۆرهەڵات بینی، کە گۆڕانێک بوو لە هاوسەنگییەکانی هێزە سیاسییەکان و هێزە کۆمەڵایەتییە کۆنەکان گرنگتر بوو و، بووە هۆی ئەوەی جیهانی بیرۆکراتیی کۆن لە ماوەیەکی کەم و کورتدا تێک بدات، هەر بۆیە پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕای گشتیدا بکرێت، چونکە چەندین هەژەندی هەن.

ڕای گشتی چییە؟ ڕای گشتی بڕێک هزر و ڕووخسارن دێن و دەچن، تۆپی پێ و دیدارەکانن... دەبنە تۆپی ڕەقی بەفرین و پاشان نامێنن. ئەم شەپۆلانە کە ڕای گشتین، هەندێک لە سیاسییەکان و گۆرانیبێژ و سینەماکارە بەناوبانگەکانی جیهان ڕادەماڵن و، جاروباریش، بە هۆی دابڕان یاخود پچڕانێکەوە کە لەو شەپۆلانەدا ڕوو دەدات "دەخەن".

ڕای گشتی ڕایەکی گشتی نییە. هەڵقووڵانی لە ژمارە نەهاتوو و، ئەو خودانەن یەکتری دەسمن و کار لە یەکدی دەکەن. ئەوەی لێرەدا گرنگ و بنەڕەتییە، نەبوونی دەسەڵاتێکە قورسایی خۆی بخاتە سەر ڕای گشتی و، نەبوونی کاریگەریی ئەم خۆراکە ئاسنینەیە کە لە میدیاکان پێکهاتووە. پێویستە ڕای گشتی خۆی سەربەخۆ بکات و جیا ببێتەوە و ببێت بە پێکهێنەرێک لە پێکهێنەرەکانی دەسەڵات و، پێکهێنەرێکی بەهاکان و، قەڵەمبازێکی نوێ لە جیهانی بەهاکاندا.

پێویستە تاک بەوە قایل بێت کە لەناو خۆیدا مردنی هەڵگرتووە و، بە بوونێکی مرۆیی بەبێ ڕزگاربوون و یارمەتیدان ڕازی بێت، بەو جۆرەی کە ئێمە ئەمە لە هزری ساموێل بیکێت دا دەبینین. لەسەر بناغەی ئەم دۆخە سەربەخۆیەی هزریش، ئێمە دەتوانین ئەم پرسیارە بکەین: بەرامبەر بەو چەقبەستن و بیرۆکراسیزمە کە دامەزراوە زانکۆییەکان و دامەزراوەکانی پزیشکیی دەروونی تووشی داخوران و داڕزین دەکەن، چار چییە؟ خستنەڕووی وەڵامێک بۆ ئەم پرسیارە کارێکی سەختە، چونکە بارودۆخەکان بە پلان و پڕۆگرامەکان ناگۆڕدرێن. شتێکی بەڵگەنەویستە ئێمە تەنها کاتێک دەتوانین بارودۆخەکان بگۆڕین، ئەگەر هۆکار و ئامراز هەبن ئارەزووی گۆڕان دروست بکەن و پاڵی بیرۆکەی گۆڕان و بیرۆکەی داهێنانی بە کۆمەڵ بدەن. بە داخەوە من دەبینم داهێنانی بە کۆمەڵ لە بیر چووەتەوە (یاخود بووە بەو شتەی کە من بە بەشێک لە دوێنێ ناودێری دەکەم) بە بەراورد بەوەی کە لە ساڵانی شەستی سەدەی پێشوو ڕووی دەدا.

وێڕای هەموو شتێک، هێشتا پەراوێزێکی پچووک و، توانا یاخود شیانێکی کەم ماوە. چەند ڕەهەندێکی ناوخۆیی، میکرۆسکۆپی ماون، دەشێت لەگەڵ ئەو گۆڕانانەدا کارلێک بکەن کە لە ئاستی دیکەدا ڕوو دەدەن، چونکە ئەوە ناوخۆییە کە ئەمڕۆ لەگەڵ جیهانیدا لە پەیوەندیدایە. بابەتەکە پەیوەندی بە بایەخدان بە پاراستنی دار و درەختەکان و، داکۆکی لە ئاژەڵان و، سروشت و، قەڵاچۆکردنی پیسبوونەوە هەیە. ئەم ڕێ و شوێنانەش لەگەڵ پرسیارکردن سەبارەت بە چۆنێتیی بوونمان لەسەر گۆی زەویدا کارلێک دەکەن.

    

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×