‘دەرگە شینەکەی مەڵکەندی’
  2025-11-11       1531       

د. شوان عەبدوڵڵا حەمەد

 

دەمی ئێوارەیە، چەند چرکەیەک پاش شەش، یەکەم کاتژمێری فێنکی مانگی سێپتەمبەرە. هاوین پشتی شکاوە، بارگەوبنەی لێکناوە و وا سەری خۆی هەڵدەگرێت. شار بێدەنگییەک دایپۆشیوە، بێدەنگییەک هەموو ساڵێک دوای کشانەوەی گەرما خۆی دەنوێنێت. ڕووناکی لە گیانەڵادایە، سێبەرەکان درێژ دەبنەوە، لە دوورەوە گوێم لە دەنگی بانگوسەڵایە وەکوو دووکەڵێکی درێژ بەناو هەوادا دەکشێت. گوێیەکانم دەزرنگێنەوە. هەستێکی سەیر دامدەگرێت.

 

بە کۆڵانە کۆن و گڵینەکانی گەڕەکی مەڵکەندیدا گوزەر دەکەم، یەکێک لە کۆنترین گەڕەکەکانی شاری سلێمانی. دەڵێن پێش بونیاتنانی شار، گوندێک بووە. بە بەردەمی مەکتەبەکەدا تێپەڕ دەبم و مزگەوتە کۆنەکەش بەجێ دێڵم، بە هەنگاوی لەسەرخۆ لە مەزارەکەی پیرمەسوور دوور دەکەومەوە. هەوا نەرمەبۆنی تەپوتۆز و ساردبوونەوەی بەردی لێ دێت. کۆڵانەکە باریک، لەنێوانی کۆمەڵێک دیواردا قەتیس ماوە. دیوارەکان ڕوویان بە ڕووی یەکترەوە ناوە و لەبغەکانیان لە ئانوساتی هەڵوەریندان. هەست دەکەم ساڵە تێپەڕبووەکان بەزۆر ماڵەکانیان بەیەکەوە نووساندووە و هەرچی دەنگی تەپەی پێی جارانە لاڵیان کردووە. لێرە بێدەنگی بەتاڵ نییە، بەڵکوو پڕ و ئەستوورە، چین چینە، هەست پێ دەکات و خەریکە زمان بگرێت. بەردەکانی مەڵکەندی نهێنی هەموو ئەو ڕێبوارانەیان قووت داوە، کە ڕۆژێک لێرەوە تێپەڕبوون.

 

لەو کاتەدا هەست بە بیستنی شتێک دەکەم: دەنگێک، تیژ و پچڕ پچڕ، بانگم لێ دەکات، «کاکە، کاکە، توخوا!»

 

سەرەتا ناوەستم. ئەم گەڕەکانە هەندێک جار گریانی وێڵ هەڵدەگرن، قیژەی شێتێک، زریکەی ونبوویەک، یاخود نەڕەی سەرخۆشێکی خۆشخەیاڵ. بەخۆم دەڵێم، دیارە یەکێکە لەمانە، کەسێک هاوار بەسەر سێبەردا دەکات. بەڵام شتێک لە دەنگەکەدا دەموەستێنێت. هاواری شێتی و ماڵوێرانی نییە. هیچ گومانێکی وا نادات، تەنها دەنگی داماوییەکی ڕووت و قووتە.

 

ئاوڕێکی خێرا دەدەمەوە و دەرگەیەک دەبینم.

 

دەرگەیەکی شینی کاڵی ئاسنە، بۆیاخەکەی بە تێپەڕبوونی ساڵ نەرم و کاڵبووەتەوە، لە ناوەڕاستی لاشیپانەکەیدا شێوەی گوڵێکی خەمگین هەڵکەندراوە. لایەکی لەسەرپشتە، وەکوو بڵێی ماڵەکە بۆ کەمێک هەوا هەناسەی سواربووبێت. دیمەنەکە ڕامدەچڵەکێنێت. ئەو ماڵەی تێیدا گەورە بووم، دەرگەیەکی کتومت وەک ئەمەی هەبوو، شین، نەخشێنراو، هەردوو باڵەکانی بۆ ناوەوە دەکرانەوە، دەمێک پێشوازیان لە میوان دەکرد، یاخود فەردەیەک ئاردی لێ دەبرایە ژوورەوە. بە ئەندازەی ترپەی دڵێک، بوومەوە بە دە ساڵان و بە پێی پەتی بەناو دەرگەکەدا ڕووەو بۆنی ساوەر بە شلەی مستەقاوە ڕامکرد. گوێم لە دەنگی دایکم بوو دەیوت، «حەمە، عەلی، دەی بەسە ئێوارەیە و وەرنە ژوورەوە!» ڕابردوو بەلامدا تێپەڕبوو، بەجۆرێک لەپڕ سەرسنگم گیرا و هەناسەم سواربوو، ئەم نۆستاڵجیا بەفرەتییە ڕۆژێک دەمخنکێنێت.

 

هەنگاو بەرەو دەرگە کراوەکە دەنێم.

 

پیرەپیاوێک لەناو دەرگەکەدا وەستاوە. هەست دەکەم لەنێوان دەرەوە و ناوەوەدا قەتیس بووە، سەربە هیچ جیهانێکیان نییە. لاشەی قورس و زلی بەسەر لاشیپانی دەرگەکەدا داوە، دەستەکانی بەجۆرێک ئاسنەکەی لاتەنیشتی گرتووە، وەکوو ئەو ئاسنە بێڕوحە تەنها شت بێت بە پێوە ڕایگرتبێت. بیجامەیەکی خەت خەتی شڕەڵەی لەبەردایە، کراسێکی بۆری گیرفاندار، کڵاوێکی بچکۆلانەی ناوجامانەی لەسەردایە.

 

«کاکە، کاکە،» دیسان هاوارم لێ دەکات، لە دەنگیدا لەرزەیەکی خۆنەکرد هەیە. «توخوا یارمەتیم بدە.»

 

لەبەردەمیدا دەوەستم. بۆنێکی کەسکوونی تاقەتپڕوکێنی لێ دێت؛ سەردار بێ سەر دەکات. «فەرموو خاڵە گیان چیت دەوێت؟» لێی دەپرسم.

 

مۆبایلێکی ڕەشی بچکۆلانەم بۆ درێژ دەکات. کۆنێکی ڕووشاوی هەلاهەلا بوو، قورس لەناو لەپی دەستی ڕاستمدا. «ژمارەی کچەکەمم بۆ بدۆزەرەوە،» پیرەپیاوەکە تکا دەکات. «تەلەفۆنی بۆ بکە. ناوی کەژاڵە. دەبوو دەمێک بێت لێرە بێت. پێی بڵێ باوکت بە تاقی تەنیایە. بەم شەوە بە تەنیا چی بکات!»

 

ئینجا چاوەکانی دەبینم.

 

کۆڵەوارن، تەمومژاوی، بریندار و سوورهەڵگەڕاو. خوایە تۆبە، هەردوو چاوەکانی کوێرن، کەچی ڕووانینی دەگەڕێت، ون و سەرگەردان وەکوو بەدوای ڕووناکیدا بگەڕێت، ڕووناکییەک هەرگیز جارێکی تر نایەتەوە. لە پشت دەنگە لەرزۆکەکەیەوە شتێک دەبیستم، تەنها ترس نییە، بەڵکوو تۆقینێکی بێبن لە تاریکییەکی هەتاهەتا. تەزوویەکی سارد بە جەستەمدا تێپەڕ دەبێت. دەبێت لە چ تاریکییەکی بێبڕانەوەدا بژی، تاریکییەک هەرگیز کۆتایی نایەت.

 

مۆبایلەکەی دەکەمەوە و بەناویدا دەگەڕێم. چەند ژمارەیەکی کەژاڵ دەبینم.

 

«تەلەفۆن بۆ کامیان بکەم، خاڵە؟» دەپرسم.

 

«هەرکامیان،» بە خێرایی و ترسەوە وەڵامم دەداتەوە. «قوربانتم، خێرا تەلەفۆنی بۆ بکە. پێی بڵێ با فریام بکەوێت.»

یەکەم ژمارە تاقی دەکەمەوە، زەنگ لێ دەدات، دوای چەند زەنگێک مەشغولی دەکات. دووبارەی دەکەمەوە، زەنگ، دیسان بێدەنگی، ئینجا چرکەی داخستنەوەی هێڵەکە دەبیستم.

 

«وەڵام ناداتەوە،» لەبەرخۆمەوە دەڵێم، «زوو زوو هێڵەکە مەشغوڵ دەکات…» هەناسەم لەگەڵ هەر هەوڵدانێکدا هێندەیتر سوار دەبێت، خەریکم لە پێستی خۆم دەچمەدەر. بەڵام لە تەنیشتمدا، پیرەپیاوەکە هێندەیتر ناڕەحەت دەبێت، لەشی دەکەوێتە لەرزە و هەناسەی پچڕ پچڕ و قورس.

 

«بۆچی وەڵام ناداتەوە؟» پیرەپیاوەکە ڕووەو من وا دەڵێت. «تەلەفۆن بۆ سەلام بکە. کوڕە گەورەکەم،» پاڕانەوەیەک لە دەنگیدا دەبیستم.

 

بە مۆبایلەکەدا دەگەڕێم، تا ناوەکەی دەدۆزمەوە و زەنگی بۆ لێ دەدەم. خۆشبەختانە وەڵامم دەداتەوە. «کاک سەلام،» بەخێرایی دەڵێم، «باوکت دەیەوێت قسەت لەگەڵدا بکات.» مۆبایلەکە دەخەمە دەستی چەپی پیرەپیاوەکەوە. هەست دەکەم پەنجەکانی وەکوو گەڵای بەر تاوەبارانی پایزان دەلەرزن.

 

مۆبایلەکە سەرەوخوار دەنێت بە دەمییەوە، «کوڕم، کە دەڕۆیت بۆچی پێم ناڵێیت؟ ئەی تۆ نازانیت من نابینم؟» ئینجا، دوای ئیستێک، دەنگی تیژتر دەبێت: «ئا، مەبەستم ئەو ژنە نەفرەتییەتە، کە دەڕوات بۆچی ناڵێت مامە وا دەڕۆم و ملم دەشکێنم؟!» هەست بە توڕەیی وشەکانی دەکەم، ڕەق و حەق. لێرەدا کوڕ و باوک لێیان دەبێتە دەمەقاڵە، بەناو هێڵی تەلەفۆنەکەدا هاوار بەسەریەکدا دەکەن، دەنگیان پڕە لە مێژوویەک من ناتوانم لێی تێبگەم.

 

کەمێک پاشەکشە دەکەم، بێدەنگ دەبم و خۆم لە تاوانبارکردنیان دەپارێزم. بڵێی هەردەم ئاوا بووبێت، تیژ و ڕەق، دەمبەبۆڵە و توڕەوتۆسن؟ یاخود ترس، تەنیایی و نابینایی وەکوو بەرد حەوسەڵەیان ڕەق و تاڵ کردووە. نازانم، بەڵام لەژێر هەموو ئەو توڕەییەدا هاوارێکی ڕاستەقینە دەبیستم: تکایە بە تەنیا جێم مەهێڵە.

«خاڵە،» کاتێک مۆبایلەکە دەداتەوە دەستم، بە دەنگێکێکی نەرمونیانەوە پێی دەڵێم «تکایە مەترسە، من لێرەم.»

«توخوا مەڕۆ، بە تەنیا جێم مەهێڵە،» بە چرپەیەکەوە دەڵێت، «توخوا.» دووبارەی دەکاتەوە.

 

«ناڕۆم، وەڵڵا ناڕۆم، خاڵە گیان.» پەیمان دەدەم. «تکایە نیگەران مەبە.»

سکرینی مۆبایلەکە لەناو دەستمدا ڕووناک دەبێتەوە، وێنە چەسپێنراوەکەی سەری پیاوێکی بەخۆی باڵابەرز نیشان دەدات. تەمەنی هەر سی ساڵێک دەبێ، سەرتاپا ڕانکوچۆخەی کوردی لەبەردایە، قژێکی پڕی ڕەشی هەیە. پیاوەکە دەستە بچکۆلانەکانی منداڵێکی گرتووە، هەر شەش ساڵانێک دەبێت. ئەویش جلوبەرگی کوردی لەبەردایە، شانازی لە ڕووی هەردووکیان دەبارێت.

 

«ئەوە خۆتی لەو وێنەیەدا خاڵە؟» بە نەرمییەکەوە دەپرسم.

«بەڵێ،» بە شتێک لە سەرکێشییەوە وەڵامم دەداتەوە، «کاتێک گەنج و بە گوڕ بووم، کەچی ئەوەتا ئێستە ئاوام. خوایە شوکرم بە بەشت.»

 

لە دڵەوە هاوسۆزی دەکەم، بەڵام فزوڵییەت خەریکە بەسەرمدا زاڵ دەبێت، دەپرسم، «ئەی منداڵەکە؟»

 

«ئەوە سەلامە،» بە شتێک لە تاڵییەوە دەڵێت، «کوڕە گەورەکەم، ئەوەی مۆبایلەکەی بەسەردا داخستمەوە.»

 

چاوم لە وێنەکەوە دەگوازمەوە بۆ پیرەپیاوەکەی بەردەمم، پاشان تەماشای وێنەکە دەکەمەوە. خۆیەتی، هێشتا سیمای جارانی ماوە. خۆی پێم دەڵێت، ئەوسا شۆفێری بارهەڵگری گەورە بووە، لە ڕێگەی ئوردن و عێراق کاری کردووە. شتوومەکی لە عەمانەوە بۆ بەغدا و بەسرە هێناوە. ئەو دەمانەی لە پشت سوکانی بارهەڵگرەکەیەوە چەندان کاتژمێر دادەنیشت، کەتە و خۆڕاگر و بە حەوسەڵە بوو. کەچی ئێستە، کوێر و لاواز، لە غەریبەیەک دەپاڕێتەوە تا تەلەفۆن بۆ کچەکەی بکات. ئەو نادادپەروەرییە خەریک بوو هەناوی کون کون دەکردم.

 

دەکەومە پەلەقاژە، دووبارە زەنگ بۆ کەژاڵ خان لێ دەدەمەوە. ئەمجارەیان زەنگ دەڕوات، درێژ و بەردەوام: هیوا وەکوو چاوانی پشیلەی ناو تاریکی لە دڵمدا دەدرەوشێتەوە. دڵنیام وەڵام دەداتەوە. ئینجا پێی دەڵێم چەندە باوکی ترساوە، چەندە پەرۆشی کچەکەیەتی. بەڵام زەنگەکە بەردەوامە، درێژ و بێبەزەیی، هەتا دەگاتە کۆتایی و دیسان تەلەفۆنەکە مەشغول دەبێت. ئینجا هیوا لە هەناومدا دەمرێت، مردنێکی ساردوسڕ. لە خۆم دەپرسم، بۆ؟! تەنها بزانم بۆ وەڵامی تەلەفۆنی باوکی ناداتەوە.

 

پیرەپیاوەکە هەستی پێ دەکات و لێم

دەپاڕێتەوە، «توخوا، تەلەفۆن بۆ کوڕەکەی ترم بکە. سەردار. ئەو باشترە، ڕەنگە ئەو بێت بە هانامەوە.»

 

تەلەفۆن بۆ سەردار دەکەم، جارێک، دووان، سیێجار. وەڵام ناداتەوە. تەنها بێدەنگییەکی کشومات.

 

بێقەراری پیرەپیاوەکە دادەگرێت، سەری بادەدات و دەڵێت، «تەلەفۆن بۆ سەلام نەکەیتەوە. بێسوودە، کەڵکی بۆ کەس نییە. هیچ بۆ منیش ناکات.»

 

بە قسەی ناکەم، تەلەفۆن بۆ سەلام دەکەمەوە. ئەمجارەیان دەنگم تیژە و پەلەپەلییەکی تێدا دەبیسترێت. «کاک سەلام، باوکت دەترسێت. دەیەوێت دڵنیا بێت ئایا کەژاڵ خان ئەمشەو دێت بۆلای یاخود نا.»

 سەلام وەڵامم دەداتەوە، بێخەیاڵ و بگرە کەمتەرخەم. «دێت، بەڵێ دێت. لە ترافیکدا گیری خواردووە. بە باوکم بڵێ خەمی نەبێت. بە دڵنیاییەوە دێت.»

 

ویستم بڵێم، باشە کە هەر دێت، ئەی بۆچی وەڵامی تەلەفۆنەکانی باوکی ناداتەوە، بەڵام کاک سەلام تەپ تەلەفۆنەکە دادەخاتەوە. من پەیامەکەی دەگەیەنم، پیرەپیاوەکە وا دیارە باوەڕ بە قسەی من زیاتر دەکات تا کوڕەکەی. هەناسەی هێمن دەبێتەوە، شانەکانی نزم دەکاتەوە. لەو ساتەوەی لەبەر دەرگەکەیدا وەستام، ئێستە هەست دەکەم ترس خەریکە کەمێک پاشەکشە دەکات و ئاهێک بە هەناویدا دێتەوە.

 

«خاڵە،» بە نەرمییەکەوە دەکەومەوە قسە، «ئێستە تۆ بچۆ ژوورەوە، لە جێگەی خۆت دانیشە و مەجوڵێ. نیگەران مەبە، کچەکەت بە ڕێگەوەیە و وا دێت.»

 

سەرێکم بۆ دەلەقێنێت، بە تەواوی متمانەم پێ دەکات و بە سۆزێکی باوکانەوە دەڵێت، «باشە کوڕی خۆم. خوا مەحفوزت بکات وەکوو ئەم ئێوارەیە یارمەتی منت دا. لە خوا داوا دەکەم ئەم خێرەت بۆ بنووسێت و ئەجر و پاداشتت بداتەوە. خوایە هەرگیز ئازار نەیەتە ڕێت.»

 

پاڕانەوە و نزاکانی وەکوو بزمار بە هەناومدا دەچەقن، چاوم تەڕایی تێدەزێت. توڕەییەکەی پێشتری لە بیر دەکەم و دەستم دەبەم بە شانیدا دەدەم. دەمێک نزیکتر دەبمەوە، پڕ بە سیەکانم بۆگەنی میز و گووی وشکەوەبووی ناو بیجامە خەت خەتەکەی هەڵدەمژم. هێڵنجێک بەر بینم دەگرێت، بەڵام خۆ ڕادەگرم و نایەڵم شەرمەزار بم. کەمێکیتر خۆم دەخڵافێنم، لە ڕۆیشتن دوودڵم، بەڵام دواجار هەنگاو بۆ دواوە دەنێم. بە هێمنی بە کۆڵانە تەنگەبەرەکەدا سەر دەکەوم، هەنگاوەکانم قورس و لەشم داهێزراو. چەند جارێک ئاوڕ دەدەمەوە، چاوم لەسەر دەرگە شینەکە لانابەم، زەینی شێوەی گوڵەکەی ناوەڕاستی دەدەم. بۆیەکەی کاڵ بووەتەوە و وا خەریکە ئیتر دیارنامێنێت. لە ڕووناکییە ماتەکەی ئەو ئێوارەیەدا شینی ڕەنگی دەرگەکە وەکوو یادەوەرییەکانی من بێنازە.

 

ئێستە وا ئیتر شەوە و کاتی خەوتن هاتووە. لە ژوورە تاریک و فێنکەکەمدا ڕاکشاوم، بەڵام پیرەپیاوەکە لەگەڵمدایە. چاوە کۆڵەوارەکانی، دەستە لەرزۆکەکانی، هاناهێنانی بۆ غەریبەیەک کە بە تەنیا جێی نەهێڵێت. بیر لە ڕابردووی دەکەمەوە، ئەوسا گوڕ و توانای ژیان ئۆتۆبانەکانی نێوان عەمان و بەغدای بە بارهەڵگرێکی زەبەلاحەوە تەی دەکرد. ئێستەیش ئەوەی ماوەتەوە، بێچارەییەکی ڕەقوتەق و بێ داهاتوو.

 

خۆم ناگرم، قینم لە تاریکی دەبێتەوە، خۆم لار دەکەمەوە و گڵۆپی تەنیشت تەختەخەوەکەم پێ دەکەم. بەرچاوم ڕووناک دەبێتەوە، سوپاسگوزارم چاوەکانم دەبینن. بەڵام هێشتا بیر لە مەڵکەندی دەکەمەوە، لە مزگەوتە کۆنەکەی، لە خوێندنگەکە، لە مەزارەکەی پیرمەسوور، لە کۆڵانە پێچاوپێچ و تەسکەکانی، ئەو کۆڵانانەی نسیبی منیان بردە لای خاڵۆی نابینا. بەخۆم دەڵێم، ڕەنگە قسمەت وای کردبێت من لەو ساتەدا لەوێ بم. ڕەنگە چارەنووسی من وابووبێت بە بەردەم ئەو دەرگە شینەدا تێپەڕم و بۆ یەکجار لە ژیانمدا سوودێکم هەبێت. ڕەنگە ژیان هیچی تر نەبێت جگە لەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان لووتمان بە لووتی کەسێکدا بتەقێت کە لە تاریکی ترسێکدا گینگڵ دەدات. هیچ نەکەین، تەنها دەستی بگرین و بڵێین، مەترسە، من ئەوەتا لێرەم و جێت ناهێڵم.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×