وەرگێڕانی: دلاوەر قەرەداغی
_____________________________
کانەخەڵوزی گوندی گریبڤیتسا
١٨ ی نۆڤەمبەری ١٩٢٢
ئازیزم جەنابی کازانتزاکیس،
نامەکەی ڕۆژی ٢٠/ ١٠/ ٢٢ تم پێگەییشت و وا وەڵام دەدەمەوە.
من باشم. شت دەکەم. پرۆژەیەکی زۆر گرینگم تەنانەت بە لای تۆشەوە هەیە. واتە دەبێ شوێنپێی ژیانم هەڵبگریت و ئیقنا بیت بەوەی مرۆڤ هەرچییەکی بوێ، ئەوا بە یارمەتی خودا دەتوانێ بیکات.
من ماوەیەکی کەم لەمەوبەر زانیم، من بۆ نموونە وەک ئەسپ یان گا بۆ جیهان نەهاتووم. ئەوە تەنها ئاژەڵانن دەژین تا بخۆن… جا بۆ ئەوەی خۆم لەم جۆرە ژیانە ڕزگار بکەم؛ شەو و ڕۆژ کار دەکەم، بەوەش بەختەوەرم بە شەڕی ترسناکی ژیان. لەگەڵ ئەوەشدا دەگەمە هەڵوێستگەلێکی ئەوپەڕی پێچەڵپێچ…
با ئێستا باسی نیشتمانەکەمان؛ یۆنان بکەین… تەنها یەک ئامانجمان هەیە. یۆنان هەمیشە یۆنان بێت… جەنابت زۆر دەزانیت، زۆر شتی گەورە دەزانیت، زۆر لە من زیاتر، تەنها باسی ئەوەیانت بۆ دەکەم کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە خێزانەکەی خۆمدا لێی تێگەییشتم و زانیم…
…. کەواتە مەزەندە بکەن، پزیشکێکی یۆنانی، کە برای خۆمە، وڵاخ* ێکی خۆش دەوێ… وێنەی پیاوێک کە هیچ بەهایەکی نییە. ئەدی من ج بڵێم، منێکی سادەی نەخوێنەوار کە شەخسپەرستیی ناکەم؟ بەڵام جیهان بۆ نموونە ئەگەر وەک من بێت، ڕەنگە بەختەوەر بێت. کاتێک لێرە درەختێکی گەورە، زۆر گەورە دەبینم، دارنارەوەن و دارکەستانە، پێیان سەرسام دەبم. ئێستا کاتێ بەردی توتیا (بەردێکە چاوی پێ دەڕێژرێت)؛ بەردێکی سەوزی تۆخ، زۆر تۆخ، بە ڕەنگی ئۆکسیدی پرشنگدار لە کێڵگەکەدا دەبینم، پێی سەرسام دەبم، یان وەکی تر بە ئیشی خودا و بە سروشت سەرسام دەبم.
مەحاڵە مرۆڤێکی مردەنیی، نزمتر لە خۆم؛ خۆش بوێ یان بپەرستم، چونکە من پێم وایە مرۆڤ کە هەوڵی کاری خێر نادا… و شتگەلێک بەبێ بێزارکردنی هاوسێکەی نادۆزێتەوە، مرۆڤ نییە.
حیزب لە یۆنان واتە بەرژەوەندی و پادشاش کەرەستەی بەرژەوەندییە. دەبێ هەموو کەرەستەیەکی خراپیش تەلەف بکرێ؛ چەک، تۆپخانە، چەقۆی نووکتیژ.. هتد…هتد…
جەنابی کازانتزاکیس، مەزەندە بکەن، پزیشکێکی مەکەدۆنیی لە گەمەی ئەوروپیی تێناگات، تێناگا کە ئەم ئەوروپایە میللەتێکی چەوساوەی دۆزیوەتەوە و دوو جۆرە پۆلیسی لە یۆنان بۆ دروست کردووە بەبێ ئەوەی مووچەیان بداتێ. پۆلیسی پادشایەتی کە پێویستە لەسەری لایەنگرانی فینسیزیلیۆس بکوژێ و پۆلیسێکی تر فینسیزیلیی کە پێویستە لایەنگرانی شا بکوژێ. بەڵام گەل جەخت دەکاتەوە کە فینسیزیلیۆس هاوڕێی ئاشتی و گوناریسیش هاوڕێی ئەڵمانە….
میللەت تێناگا… گرینگیی نادا بە دۆزینەوەی وەزیرێکی خۆشەویست بۆ یۆنان و بە توانا لە بینینی بەرژەوەندییەکانی یۆنان. مانای ئەمەش ئەوەیە کە میللەت ئاشتی دەوێ تا لە قەسابخانەکان ڕزگاری بێت…
کاتێک یەک دەبینین سەبارەت بە هەموو ئەوانە قسان دەکەین. بەڵام ئێستا هەوڵ دەدەم ژیان و گوزەرانم دابین بکەم و، نامەت بۆ بنووسم تا بۆ ئێرە بێیت و بزانیت بە ڕاستیی چەند جوانە کە هەین. ژیان بە بڕی زۆر لەسەر ڕووی زەوی هەیە، گوڵ هەیە، شتی جوان هەیە، بەڵام دڵم خۆش ناکەن چونکە جۆرەها شەڕانگێزی و ئازاری تێکەڵە لە هەموو جێگەیەک لەسەر ڕووی زەوی هەیە. لە کاتێکدا کە پاچەکۆڵە زەوی هەڵدەکەنێ و کەنز، جا چ زێڕ بی یان زیو دەردێنێ، یاخود ئاسن کە ڕەنگە ئەمەیان بەسوودتر بێت و دەکرێتە کەرەستەی کیڵان و درەو، خەڵووز دەردەهێنرێ لەپێناو گەرمکردنی ماڵەکەت و هتد… هتد….»
_________________________________
* مەبەست لە پادشای یۆنانە.
