بەهای دیناری عێراقی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی خانەی 143 هەزار دیناری تێپەڕاندووە، وتەبێژانی بازاڕی دراویش هۆکارەکەی بۆ دۆخی سیاسیی عێراق و زیادبوونی خواست بەهۆی پشووەکانی سەریساڵەوە دەگەڕێننەوە.
ئاوێنە: دانا مەولود لە بازاڕی دراوی سلێمانی ڕایگەیاندووە کە ئەمڕۆ نرخی دۆلار بەرزبوونەوەی زیاتری تۆمارکردووە، بەجۆرێک نرخی 100 دۆلاری چاپی نوێ (شین) گەیشتووەتە 144 هەزار و 500 دینار، ئەمە لەکاتێکدایە کە دۆلاری چاپی کۆن بە نرخێکی کەمتر و بە نزیکەی 144 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
کەیفی خۆشناو وەک وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر ئاماژە بە هۆکارە سیاسییەکان دەکات و پێی وایە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و نیگەرانییەکانی ئەمریکا بەرامبەر گرووپە چەکدارەکان هۆکاری سەرەکیی ناجێگیریی بەهای دینارن. هاوکات زانیارییەکان دەریدەخەن کە پشووەکانی سەریساڵ و زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار بەمەبەستی گەشتیاری، پاڵنەرێکی دیکەی دابەزینی بەهای دینار بوون لەم ڕۆژانەدا.
بەهۆی پشووەکانی سەریساڵەوە گۆڕانکاری لە کاتی کارکردنی بازاڕەکانی دراو دەکرێت، بەپێی بڕیارەکان ڕۆژی پێنجشەممە 1ـی کانوونی دووەمی 2026 بازاڕی دراوی هەولێر و سلێمانی بەتەواوی دادەخرێن. سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دەوام، ڕۆژی شەممە بازاڕی دراوی سلێمانی دەکرێتەوە و مامەڵەی تێدا دەکرێت، بەڵام لە هەولێر بازاڕەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە.