سەبارەت بە تای پەسندانی عوسمانییەکان
  2026-01-12       648       

نووسینی: وەلید فیکری

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

لە کتێبی "خێزانە ئیسلامییە فەرمانڕەواکان" (The Islamic dynasties) ـەکەیدا، نووسەری کتێبەکە کلیفۆرد ئێدمۆند بوزروس ئاماژە بۆ هەشتا و شەش خێزانی فەرمانڕەوای دەوڵەتانی ئیسلامی لەو خەلیفە و میر و پادشا و سوڵتانانە دەکات، کە لە سەردەمی "ئەبوبەکری سەدیق"ی خەلیفەی یەکەمەوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ، فەرمانڕەوایی دەوڵەتانێکی هەمەجۆریان لە هەر سێ کیشوەرەکەی جیهانی دێریندا کردووە.

لە کتێبی "ئاڵاکانی ئیسلام لە سەردەمی محەمەد تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان" (Les drapeaux de I̛ Islam de Mahomet á nos jours) ـەکەیدا پیێر ل. لوکس ورم هێما بۆ نزیکەی سەد و هەشت ئاڵا دەکات، کە بە درێژایی مێژووی دوورودرێژی ئیسلام، بەسەر دەوڵەتانێکی ئیسلامیدا شەکاونەتەوە.

لەناو هەموو ئەو خێزان و دەوڵەتانەدا، دەتوانین شەش دەوڵەت بژمێرین پێشەوایەتیی جیهانی ئیسلامییان کردووە و ئەمانەن: خەلافەتی ڕاشدی، دەوڵەتی ئەمەوی، دەوڵەتی عەبباسی، دەوڵەتی ئەیوبی، دەوڵەتی مەملوکی، دەوڵەتی عوسمانی.

ئەوەی سەیر و جێی سەرسوڕمانە، ئەوەیە لێشاوێک لە خەڵکە ئیسلامییەکە- بە تایبەتی خەڵکانی سەر بە تەوژمی ئیسلامی سیاسی- "سەروەرییەکانی شارستانیی ئیسلامی" تەنها لە کۆتا دەوڵەتیاندا کورت دەکەنەوە: واتە دەوڵەتی عوسمانی.. بە دەگمەن نەبێت باسی دەوڵەتەکانی دیکەی بێجگە لە دەوڵەتی عوسمانی ناکەن و، خوا لە حاڵی ئەوەش کە ڕەخنەی لێ دەگرێت یاخود بە چاوێکی کەم و سووک تەماشای دەکات، هەرچی چەکی خۆیان هەیە لە ڕوویدا ڕایدەکێشن، سەرەتا لە تاوانبارکردنییەوە بە نەزان و گەمژە، تا بە گومانکردن لە باوەڕی ڕەخنەگرەکە دەگات، بە تێپەڕبوون بە وتنی هەموو ئەو جوێن و قسە ناشیرینانە پێی کە بە زاریاندا دێت، گرنگ نییە ئەو بەڵگە مێژووییانە یاخود سەلماندنانە چەندن و چین کە بۆ پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونەکانی خۆی هێناونێتییەوە، بە دەگمەن دەبینیت کەسێکیان بە دەربڕینێکی دیکەی بێجگە لە دەربڕینی "ئەو خەلافەتە بەرز و باڵایەی خودا پاتی بکاتەوە" ناوی عوسمانییەکان بهێنێت، مێژووەکەشیان وەک "پیرۆزی پیرۆزەکان" چەسپاندووە، کە بۆ کەس نییە بە خراپ باسی بکات، ئەمەش ئەم پرسیارە دەهێنێتە پێش: بۆچی عوسمانییەکان بە تایبەتی لە لایەن ئیسلامییەکانەوە ئەو هەموو پەسندانە پەسن دەدرێن و ستایش دەکرێن؟

 

نموونە هەرە سادەکە

لەناو دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا، نموونەی دەوڵەتە عوسمانییەکە نموونە هەرە ئاستنزمەکەیە لە ڕووی شارستانییەوە، چونکە عوسمانییەکان هیچ میراتێکی شارستانییان لە پاش خۆیان بەجێ نەهێشتووە بەو جۆرەی هەریەک لە دیمەشق و بەغدا و قورتوبە و قاهیرە بەجێیان هێشتووە، بەڵکو دەوڵەتەکەیان بە پلەی یەکەم گرێدراوی شەڕ و جەنگ و فراوانخوازیی بوو و، خوێنەری مێژوو دەرک دەکات جەنگ یاخود شەڕ کارێکی زۆر ئاسانترە لە بونیادنانی شارستانی بە هەموو لایەنەکانی وەک زانستەکان و هونەرەکان و فێرکردن و ڕۆشنبیرکردن و ڕەچاوکردنی فرەیی و جیاوازی و پەیوەندیی ئەرێنیی مرۆییەوە.

بەم پێیە، ئەوانەی بە بیانووی "زیندووکردنەوەی شارستانیی ئیسلامی" یەوە پێی زێدەرۆیی لێ ڕادەکێشن، نەزانی و بێئاگایی خۆیان سەبارەت بە چەمکی شارستانی دەردەخەن، کاتێک ڕاستەوخۆ دەچنە سەر باسی نموونە عوسمانییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی، لەبەر ئەوەی لە ڕوانگەی ئەو کەسانەدا، شارستانی بریتی نییە لە دارولحیکمە لە بەغدا، یاخود کۆڕ و کۆبوونەوەکانی مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشق، یاخود مزگەوتی قورتوبە یاخود فێرگەکانی قاهیرە، بەڵکو داگیرکاری و ژێردەستەکردنی گەلانە.. ئەوی لەگەڵیاندا بچێتە گفتوگۆوە، زۆر بە سادەیی و ئاسانی هەست دەکات زیاتر ستایشی لایەنی شەڕ و جەنگیی عوسمانییەکان دەکەن نەک لایەنی کولتووریی.. چونکە لە ڕاستیدا خاوەنی ئەم ئەقڵییەتە ڕووکەش و سەرپۆتانە، دەسبەجێ پەنا بۆ نموونە هەرە سادەکە دەبەن، بەڵام لەو نموونانە دوور دەکەونەوە کە پێویستیان بە ناوەڕۆکێکی کولتووریی هەیە ئەوان نییانە و پێویستیان بە کۆششێکی ئەقڵیی هەیە لە توانای وزەی ئەواندا نییە و بە هۆیەوە دەستی دژوازیی بانگەشەکەیان ئاشکرا دەبێت.

 

وازیکردن لەسەر پەتەکانی نۆستالیژیا

ساڵی١٩٢٤ دەوڵەتی عوسمانی (کە فەرمانڕەواکەی تەنها لە ساڵی ١٨٧٦ بە شێوەیەکی فەڕمی نازناوی خەلافەی هەڵگرت) هەرەسی هێنا، ئەم ڕووداوە لەناو بەشێکی زۆر لە باوەڕدارە سادە و ساویلکەکاندا هەژەند و سەرسوڕمانی دروست کرد، کە پێیان وا بوو سوڵتان "سێبەری خودایە لەسەر زەوی" و دەوڵەتەکەشی "دەوڵەتی ئیسلامە"، بە تایبەتی لە دوای ئەوەی زۆربەی دەوڵەتە ئیسلامییەکانی ئەو سەردەمە، لە لایەن دەوڵەتانی بیانی و بێگانەوە ڕووبەڕووی داگیرکردن بوونەوە، ئەمەش لە یەک کاتدا هەستە نیشتمانی و ئایینییەکانیشی دەبزواند.

لەبەر ئەوە ئاسان بوو بۆ ئەو کەسانەی چاویان لە دوای ئەوە بوو ئەم "وزەی هەژەند و سەرسوڕمانە"ی خەڵک بقۆزنەوە، دەوڵەتە عوسمانییە داڕووخاوەکە بکەنە "کراسەکەی عوسمان" وەک تەپکە بۆ خەڵکی دابنێن تاکو لە دەوری کۆببنەوە و هیوای "زیندووکردنەوەی سەروەریی دێرین" یان پێبدەن، تاکو بتوانن بە ئاسانی هەستە ئایینییەکانی و "نۆستالیژیای خەلافەت" بە تای بەرژەوەندیی نەخشە و پلانەکانی داهاتوویاندا بەرەو دەسەڵات و قەڵەمڕەویی ئاراستە بکەن.. بۆ ئەوەی ئەم کارەشیان بۆ ئاسان و مەیسەر بێت، دەبێت "وێنەیەکی دەروونیی نموونەیی" بۆ دەوڵەتی عوسمانییەکان دروست بکرێت و لە دەروون و بیری هۆگرانی پەردەکانی مێژووی عوسمانیدا پەخش بکرێت.. ئەو وێنەیە پێویستە لە هەموو ڕوویەکی نەرێنی بەتاڵ و خاڵی بێت و، تەنها بەرمەبنای پێداهەڵگوتن بە سەروەریی و شکۆکانی ڕابووردوو و، ختووکەدانی هیواکانی ئەو خەڵکە سادە و ساویلکانە بێت بەوەی "بۆ ئەوەی ئێمە ئەم سەروەریی و شکۆیە پات بکەینەوە، دەبێت ئێوە پشتگیری و پشتیوانیمان بکەن، بەو پێیەی ئێمە میراتگر و ئاڵاهەڵگری ئەم بانگەوازەین".

هاوکات وەرچەرخاندنی ئەو هەستانە ڕووەو "دەوڵەتی عوسمانی"- ئەگەرچی لەگەڵ دەربەستیی بۆ ئاییندا، هەر ئایینێک بێت، ناکۆک نایەتەوە – "سۆز و هەستی نیشتمانپەروەریی" بێلایەن دەکات، چونکە بۆ نموونە لە بریی ئەوەی هاووڵاتیی میسری بەرامبەر بە داگیرکردنی وڵاتەکەی لە لایەن بەریتانیاوە تووڕە ببێت و، هاووڵاتیی لوبنانی بەرامبەر بە داگیرکردنی لوبنان لە لایەن فەڕەنساوە تووڕە ببێت- لەو دەربەستییە نیشتمانییە دوور دەکەونەوە کە لە "پێشەوایەتی/ سەرکردایەتی/ دەسەڵاتی فەرمانڕەوادا" نایکاتە مەرج بەبێ چەند و چوون سەر بە هەمان ئاراستەی ئایینی بێط، بەڵکو تەنها بە دەربەستیی نیشتمانی ڕازی دەبێت و، دەربەستییەکە دەگۆڕێت بۆ دەربەستییەکی ئایینی "دوورخەرەوەی هەر دەربەستییەکی دیکە" تەنانەت مرۆڤی سەر بەو کۆمەڵانە ڕازی دەبێت موسوڵمانێکی هاونیشتمانییەکی بێجگە لە نیشتمانەکەی خۆی فەرمانڕەوایی بکات بەڵام ڕازی نابێت هاونیشتمانییەکی مەسیحیی نیشتمانەکەی خۆی فەرمانڕەوایی بکات! (ئەمە ئەو شتەیە کە مەهدی عاکیف، ڕێبەری پێشووتری کۆمەڵەی برایانی موسوڵمان بە ڕاشکاوی وتویەتی کە ڕازییە موسوڵمانێکی خەڵکی مالیزیا فەرمانڕەوایی بکات نەک مەسیحییەکی میسری)، ئەمەش ڕێنماییەکە بەوە دەچێتە تای بەرژەوەندیی تەوژمی ئیسلامی سیاسییەوە، کە بە شێوازێکی ناشەریفانە هەر تەوژمانێکی دیکە یاخود هەر ڕکابەرێک لە ڕکابەریکردنی خۆی دوور دەخاتەوە کە لە ئایین یاخود باوەڕ لەگەڵیدا جیاواز بێت!

 

چاندن و پەروەردەکردنی گرێی چەوساندنەوە

تێمایەک هەیە خەڵکی سەر بە تەوژمی ئیسلامی سیاسی وازی لەسەر دەکات، ئەویش "گرێی هەستکردنە بە چەوساندنەوە"، چونکە بە شوێنکەوتەکانی خۆیان دەڵێن: "ئێمە خەڵکانێکی نامۆی گەمارۆدراوی چەوساوەی پشکۆ لەناو مشتین"... دەتوانین ئەمە بە "گرێی ماسادا" بچوێنین (مەبەست لەو گەمارۆیەیە کە ڕۆمانەکان گەمارۆی شۆڕشگێڕانی مەملەکەتی دێرینی جووەکان لە قەڵای ماسادا دەدەن) کە واتای "گرێی هەستکردنی کۆمەڵە خەڵکێک لە مرۆڤ بەوەی هەمیشە لە لایەن تەواوی جیهانەوە گەمارۆدراوە و هەڕەشەی لەسەرە و پیلانی لە دژ دەگێڕدرێت". دەگەیەنێت.

ئەم شتە لەو بۆچوونەیاندا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە دەڵێن دەوڵەتی عوسمانی "دەوڵەتێکی ستەملێکراوی بوختان بۆ هەڵبەستراوە لە ئەنجامی ئەو پیلانگێڕییە هەرەسی هێنا کە جیهان (خۆرئاوای بێباوەڕ) پیلانی لە دژ گێڕا و ناپاکانیش لە ناوخۆدا هاوکاریی هەرەسپێهێنانیان کرد"، وەک جۆرێک لە لەخشتەبردنی ئاشکرا و پێشێلکردنێکی ڕوونی ڕاستییەک هەر خوێنەرێکی مێژوو دەرکی پێ دەکات و ئەوەیە کە "دەوڵەتان ناکوژرێن بەڵکو خۆیان دەکوژن" و، "هەموو دەوڵەتێک قۆناغەکانی گەشەکردن و گەنجێتی و پیرێتی و گیانکێشان و مردنی هەیە" و، ئەستەمە هۆکارەکانی داڕمانی دەوڵەتێک تەنها لە پیلانگێڕیی دەرەکی و ناپاکیی ناوخۆییدا قەتیس بکرێت... بەڵام ئامانجی ئەم لەخشتەبردنە، چاندنی بیرۆکەی گەمارۆ و گەورەکردنێتی لەناو دەروونی وەرگردا تا ئەو کاتەی دەبێتە گرێیەکی دەروونی جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ پارانۆیادا نییە تەنها لەو ڕووەوە نەبێت کە "گرێیەکی دەستەجەمعییە".

پەروەردەکردنی ئەم گرێیە بە سوودێکی زۆر بۆ لایەنگرانی خەڵکی سەر بەم تەوژمە دەگەڕێتەوە، چونکە شوێنکەوتەکەیان بە دیوارێک لە گومان و دوودڵی لە دەوروبەرەکەی خۆی دادەبڕن، بەم جۆرە ئەو بۆچوون و بیر و باوەڕانەی لە مێشکیدا دەیچێنن، لە هەر کارتێکردنێک پارێزراو و دوور دەبێت کە دەشێت "کارەکەیان" تێکبدات، بۆ خزمەتکردنی ئەم مەبەستەش، هیچ شتێک لە هێنانەوەی نموونەیەکی نوێی دەوڵەتێکی ئیسلامی چاکتر نییە کە لەبەر ئەوە هەرەسی هێنا چونکە هۆکارەکانی هەرەسهێنانی خۆی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوون، کورتکردنەوەی ئەو هۆکارانەش لە "پیلانگێڕیی لە دژی ئیسلام و موسوڵمانان" بە چەشنێک کە ببێتە بەڵگەیەک بۆ وەرگر لەو بارەیەوە کە ئەو هەمیشە لە لایەن هەمووانەوە بە ئامانج گیراوە (لەبەر هیچ شتێک نا تەنها لەبەر ئەوەی خۆیەتی) بەم جۆرە کەندەڵانێک لە گومان و تاوانبارکردن بە ناپاکی لە نێوان ئەو و ئەوانەدا دروست دەبێت کە جیاواز لە ئەو بیردەکەنەوە، بەڵام زیاتر وابەستە و گرێدراوی ئەوانە دەبێت کە یاری و گاڵتەیان بە ئەقڵی کرد!

بەم پێیە، ستایشکردنی نموونەی دەوڵەتی عوسمانی و کردنی بە "بتێکی مێژوویی" ئامانج نییە، بەڵکو شێوازێکە زۆر زیاتر لەوە لە پشتییەوە خۆی حەشار داوە کە تەنها "پەرۆشییەکی زێدەڕۆیی تێدا کراو" یاخود "هەست و سۆزێکی کوێرانە" بێت.

لەو سۆنگەیەشەوە کە پەندێک هەیە دەڵێت: "ئەگەر ئەقڵ لاواز بوو، بەیدەستی وەژارە و خەیاڵی پووچ دەبێت"، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بۆچوونە پووچە بە خستنەڕووی خوێندنەوەیەکی نوێی بابەتییانە بۆ مێژووی عوسمانی و، شیکردنەوەیەکی زانستییانەی دروستی وردەکارییەکانی ئەو مێژووە و، بێلایەنکردنی پێشداوەرییەکان دەبێت لە ڕەوت و کاری هەڵسەنگاندن و ڕەخنەکردنەکەدا.

زێندەڕۆییش ناکەم ئەگەر بڵێم ئەم کارە: کاری هەرە گرنگی هەر کەسێکە کە بە تەنگ مێژووەوە دێت، هەم لە ڕووی پیشەیی و هەم لە ڕووی دڵسۆزیی و دەستپاکیی زانستییەوە.

..

تێبینی: ئەم نووسینە پێشەکیی کتێبی "تاوانە عوسمانییەکە"ی وەلید فیکرییە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×