بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، ڕایدەگەیەنێت بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لەم چەند ڕۆژەدا دیاردەیەکی کاتییە.
ئاوێنە: فازڵ نەبی ، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمەڵێک هۆکاری سەرەکی لەپشت ئەم گۆڕانکارییەن، لەوانە: پڕوپاگەندەی هەندێک کەس بۆ قازانجی تایبەت، پشووەکانی سەری ساڵ کە بووە هۆی کەمکردنەوەی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، و ڕێکارە نوێیەکانی بانکەکە بەرامبەر بە بازرگانان کە وای لێکردوون پەنا بۆ بازاڕی ئازاد بەرن.
نەبی جەختی لەوەش کردەوە کە بەهۆی نەبوونی بنەمایەکی زانستی بۆ ئەم بەرزبوونەوەیە، پێشبینی دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا نرخەکە بۆ دۆخی جاران بگەڕێتەوە.
ئاماژەی بەوەش دا کە دوای پەسەندکردنی بودجە، نرخەکان جێگیر دەبن و پێشبینی دەکات ١٠٠ دۆلار لە بانکی ناوەندی بە ١٣٢ هەزار و لە بازاڕەکانیشدا بە نزیکەی ١٤٠ هەزار دینار مامەڵەی پێوە بکرێت.