The genocide of Mahabad people by Russian
ڕەشاد - ،ستەفا سوڵتانی
١-داگیر کردنی مەهاباد و سوکایەتی بە ژنان و کچان :
بیرگەی مێژوویی قەڵاچۆی شارۆمەندانی سابڵاغ بەدەستی سپای رووسیا،ساڵی ١٩١٦ زاینی بەرەو بواری فەراموشی دەچێت . .تەنانەت گوندەکانی کەرێزە، عەوڵاباد ،دارەلەک ، ئیندرقاش، دریاز، قونقەڵا. لەج و سەهۆڵان قەتڵ عام کران .خەسارناسی و ئانالیزی ژنوسایدی( کۆمەڵکوژی ) سابڵاغ لە گۆشەنیگای مێژوویی و کۆمەڵناسیەوەبەشێوەی کونکریت نەکراوە. تەنیا سەر تۆپی کێوی سەهۆڵ ،لە ئاوی سەهؤڵبەندان دەر کەوتوە. ئەتک کردنی ژنان، کچان و گواستنەوەیان بۆ رووسیا و فرۆشتنیان کارەساتی کارەساتەکان بوو. بەرخودانی ژنان لەو کاتەهەستیارەدا تا بەر لوتفی قەزاق و ساڵداتی رووسی نەکەون، بە خەڵوز وبوڵەکەوە (خۆڵە مێش ) سیماو ڕۆمەتی خۆیان ناشیرین کردووە. شارۆمەندانی سابڵاغ لە نێوان شەڕی رووسیا و تورکیای عوسمانی کەوتبوون و هەردوولا خەڵکیان کوشت و ئازار دا. زستانێکی قورس و سەخت، با، بۆران ، تەم و مژ دەڤەرەکەی داگرتبوو و شارۆمەندانی ئازار دەدا. و خەڵک ناچار بوون بۆپاک کردنەوەی حەوشە، بەرماڵ ، ڕێگا و بان لە وەروەرە( بەفرە ماڵ ) وخاکەناس و بێڵ کەڵک وەر گرن. حکومەتی ناوەندی ئێرانیش هەر وەک ئیستا، گەلی کوردی وەک کۆیلە چاو لێدەکرد.
.............................................
٢- کۆمەڵکوژی ، برسیەتی و شەپۆلە نەخوازراوەکانی کۆچ :
ژنڕال" زاخاراۆف" لە پێش چاوی جەماوەری سابڵاغ نان و خوێی خەڵکی سابڵاغی خوارد ووەک نوێنەری حکومەتی ڕووسیا گوتی: نان و نمەکی ئێوەم خوارد و سویند بە نان و نمەکەتان بەخەڵکی شار خەیانەت ناکەم و متمانەی بە شارۆمەندان دا ، کە فرێوی جیهادی تورکەکان نەخون و کارتان بەسەر سپای ڕووسەوە نەبێت. بەڵام لە تؤلەی کوشتنی سەر کونسولی ڕووسیا لە سابڵاغ ئالیکساندەر ئایاس ،کە دیندارانی سابڵاغ بە تەحریکی تورکەکان فتوای جیهادیان دابوو ،دە هەزار سابڵاغیان کوشت . شەپۆلی جەماوەری سابڵاغی لە ترسی کوشتار و شەڕ گەیشتە بانە. مەریوان ،سەقز و پێنجوین. ئاکامی شەڕی دوو زڵهیزی رووسیا و عوسمانی و هەڵلوشانی هەموو داهاتی دانەوێڵەی ناوچەکە ، قات و قڕی و برسیەتی داسەپاند ، کە جەماوەر لە ناچاریدا گژو گیای دەشت ( گیا بڕ ) * گۆشتی پشیلە، سەگ ، گوێدرێژ و تەنانەت منداڵیان خوارد. خەڵکی برسی تادەهات دەمردن و لە ئارامگای "برسییەکان "و لە گؤڕی بەکۆمەڵ فڕە دەدران. جەنایەتەکان لە لایەن ڕووسەکان وتورکی عوسمانی و بەریتانیاوە تۆمار کراون . ئینگلیز لە بڕیارێک دا بەڕاشکاوی گوتویە ئارشیوکە تا ساڵی ٢٠٥٣ زاینی بەنهێنی دەمێنیتەوە .پێ دەچێت بەخاتر پەردە هەڵنەماڵین لە جەنایەتەکانی زلهێزەکان هەرگیز بڵاوی نەکەنەوە . ژنوسایدی دەرسیم ، هەڵەبجە و بارزان پژواکی هەبوو ،بەڵام هی سابڵاغ دەنگدانەوەی دڵگیری نەبوو. یەکەمین سیمفۆنیای ژنوسایدی گەلی کورد ڕووسەکان بە ئامێری" شووشکا" ( شمشیری ڕوسی ) ژەندیان، کە بە گوێی بیر و ڕای گشتی جیهان نەگەیشت و ژنڕال "باڵاساخارۆف" ڕێبەری ئورکستر بوو . جەماوەری خەڵک لە ترسی گیان ،پەنایان بۆ مالی یەهودیەکان و ئەرمەنیەکان سابڵاغ بردووە . دیاردەی پێکەوە ژیانی کورد و جوولەکەو ئەرمەنی لەو کاتانەدا ئاستێکی بەرز و ژن و ژنخوازیان هەبووە. دانیشتوانی سابڵاغ کە یارمەتی و لایەنگریان لە سپای رووسیان کردبوو و، ئەو مەلایانە کە فتوایان دژی ڕووسە کافرەکانیان نەدابوو ،سیمفۆنی تیرباران و کوشتاریان لە لایەن بەرپرسی تورکانی عوسمانی " ژنڕاڵ عومەر ناجی بەگ" ڕێبەری کرا.
……………………………………………….
٣-بەرەنگاری و بەرخودانی شارۆمەندانی مەهاباد :
لە تاریکستانی ئەو ڕۆژانەدا ، شارۆمەندانی سابڵاغ خەباتی نهێنی و ئاشکرایان دژی ڕووسەکان هەبووە . ڕێبەری بەرەنگاری میزا فەتتاحی قازی بووە .کەبە هاندانی تورکەکان دەستوری جیهادی داوەو لە بەرەی خەباتدا کوژراوە . ڕووسەکان ژمارەیەک لە جەنگاوەران و نزیکەی دووسەد منداڵی شاریان بۆ وەڵاتی ڕووسیا دوور خستوەتەوە . منداڵانیان بەمەبەستی خویندن و فێر بوونی زانست و عیلم و پیشەسازی گواستبوەوە ، کە لە داهاتوودا لایەنگرانی ڕووسیا لە نێو گەلی کورد گارانتی دەکرا . پاش شۆڕشی ئوکتوبر ١٩١٧ دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەیان دەستەبەر بوو. هەندی لە دانیشتوانی کاڵفامی سابڵاغ ، سەربازی کوژراوی رووسیان ، لە قەراخ ڕێگا فڕە داوە و هەڵسوکەوتیان بێ ڕێزی ،دوور لە هیمەتی بەرز و کەرامەتی مرۆڤدۆستانە بووە. کەخولقێنەری دیاردەی تۆڵە سەندنەوە بووە . .
........................................................
٤-سکوتی ناجوامێرانەی زلهێزەکان :
حوزوری دووزلهیزی جیهانی لە کوردستان ، مەسرەفی خێرای دانەوێڵە، ئازوقە ،خوارەدەمەنی و دەست بەسەرا گرتنی پاشەکەوتی ماڵان بووە . دووئەرتەشی مێمڵ و پاڕازیت یانی عوسمانی و رووسیا، خواردەمەنیان تاڵان کرد. شارۆمەندانێ تووشی قات و قڕی،گرانی ، برسیەتی ،بێکاری، هەڵتەکاندنی ژێرخان و سەرخانی ئابوری، گەشەی کولتوری توند و تیژی ، چونە سەرەوەی نەخۆشینەکانی : خەمۆکی ، تاعوون( چاو قووڵکە ) سیل، وەبا، کەوتوویی بوون. کە شەپۆلی کۆچێکی نادڵخوازی لێکەوتەوە . کۆچبەران بەرەو دەڤەری مەریوان سەفەری نابەدڵیان کرد و لەو ناوچەیە گیرسانەوە. بە هۆی قات و قڕی نرخی گەنم و جۆ و خواردەمەنی ڕانەدەوەستا و هەر بەرز دەبوەوە وسەری لە ئاسمان دەکوتا. سێ زلهێزی جیهانی لەو کۆمەلکوژیەی سابڵاغ ،بەشداریان ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆیان هەبووە. ئەگەر چی دیکومینت و ئارشیوی کارەساتەکانیان هەڵگرتوە و تۆماریان کردووە ، بەڵام هەرگیز باسیان نە کردووە. بەتایبەت کاتیک بولشویکەکان دەسەڵات و هێژمونی سیاسی ڕووسیایان وەر گرت و سیستەمی تەزاریان ڕووخاند ودەستیان بە ئارشیوی کوشتاری خەڵکی سابڵاغ گەیشت ، ناجۆامێرانە سکوتیان کرد و لە بەرانبەر ئەرکی نێو نەتەوایەتی خۆیان درۆیان کرد .
.......................................
* گیا بڕ – کاتێک قات و قڕی داسەپێوە و خواردەمەنی نەماوە ، شارۆمەندان لە ناچاری گژو و گیایان خواردووە . کرمێک لە نیو گیایاندا دەژی، کە ئاژەل و ماڵات بیخوا ، نەخۆش دەکەوێت و دەمرێ . وئەگەر مرۆڤ لە برسیەتیدا گژ و گیای خوارد سیستەمی هەرس کردنی لەشی تێک دەچیت و دوای ماوەیەک مرۆڤ دەمرێ . بەو دیاردە و فینۆمنە دەڵێن گیابر . کۆتایی
......................................................................
زانیاری سەبارەت بە کارەساتەکانی گەلی کورد - کوردی :
1-مێژووی گەلی کورد ، دوکتور کەمال مەزهەر ٢٠٠١ ئامادە کردنی ع - زەنگەنە
2-ئەحمەد ئەسکەندەری ، بیرەوەری و یاداشت ١٩٨٠-١٩٤٨ چاپی یەکەم ٢٠٢١
3-کارەساتێکی مێژوویی ، عەزیز وەلیانی ، سوید ٢٠٢٥ وەشانخانەی ٤٩ی کتێب
4-دوکتور کەمال مەزهەر ئاوڕ لە مێژوو دەداتەوە ز- س - قڕگەیی ٢٠١١-
فارسی :
Fallen in the whirl wind
1-فتادگان در گرد باد . تورج اتابکی و لانا راوندی فدائی
2-قحطی بزرگ ، محمد قلی مجد ، تەرجومەی محمد کەریمی بهار١٣٨٧