و/ دلاوەر قەرەداغی
هیراکلیون، ٧ ی یولی ١٩٢٤
هاوڕێ هەرە ئازیزەکەم،
ئۆدیسیۆسی دووەم بۆ نیشتمانەکەی گەڕایەوە. سەر* ی چیا بەرزەکەی بەژوور شارەکەیەوە بینی، کەونە رێگەی نزیک ئاوەکەی گرتە بەر، سەرلەنوێ لە دەرگای ماڵەبابی دایەوە. حەوشە بە بۆنی ڕەیحان و جاترەکێویلە و مێخەکی هیندیی پۆنگی خواردووە. شێخ "لایرتی" پیریی زەفەری پێ بردووە، دایک میهرەبان، ئارام، بێدەنگ، لە کوڕەی فرەسەفەر دەنۆڕێ؛ بە خۆی دەڵێ ئای چەند لەڕولاواز بووە، لاجانگەی چەند چاڵ بووە، چاوانی چەند چوون بە قووڵدا، نێوچەوانی چەند پان بووە و چەند هەتاو بردوویەتی و چ بەفرێکی لەسەر باریوە!
ئۆدیسیۆسی دووەم ئەی هاوڕێکەم، هاودەمی پیاسەی ئێوارانت، پیاوێک کە چێژی لە هاودەمییت دەبرد و زۆر دەدوا و پاشان بێدەنگیی درێژ درێژ دایدەگرت، بە پێپلیکانەکەدا سەرکەوت و پاشان دووبارە دابەزی، ماڵە باوانی جێهێشت. هەموو شتێک وەک خۆی بوو، پاک، سادە، ڕێکوپێک. شەقامەکەی زۆر بە لاوە تەنگەبەر بوو، چما هەموو شتێک زیاتر چووبێتنە ئاو و زۆرتر کرچ و کاڵ بووبن. باوک لەبارەی ترێ و زەیتوونەوە پەیڤی، دایک لەبارەی وڵاتانی بیانییەوە ئاخڤی، لێی پرسی چەوا لە وڵاتانی دوور و لەنێو پیاوان و ژنانی بیانییدا دەژی، بۆچی لەڕولاوازتر بووە، خەم و خولیای چییە و کەنگێ دەستبەرداریان دەبێ....
ئەودوای ئەندامانی خێزان هاتن. ئامۆزا و پوورزایانی ملیۆنەر و قەڵەو قەڵەو– نێوانمان کەندەڵانی قووڵ – وەک میوەیەکی بیانیی غەوارە و ترازاو لە درەختی خێزان تەماشام دەکەن. منداڵەکانیان چاوبرسی، بێدەنگ گوێ ڕادەدێرن، چاودێریی دەکەن، هەر لە ئێستاوە سەروەت کۆ دەکەنەوە، تا دواتر، دوای دەیان ساڵ لە مامە ڕەشتاڵە گۆشەگیرە زاهیدە موسافیرەکەیان تێ دەگەن (خۆ ڕەنگیشە قەت قەت تێی نەگەن).
لە ماڵە بابدا دێم و دەچم، بە هێوریی تاڵاوی هەموو ئەو شتانەی خۆشم دەوێن دەچێژم و، ئێستاش کە لە بیرکردنەوەدا ڕۆ چووم، بیر لە بەرلین دەکەمەوە، بیر لە گەرمەتای دردۆنگیی مرۆیی لەوێ، لەگەڵ ئابا لا یا – توباری**؛ دوو ژنە جووە ترسناکەکەدا، بیر لە ناچاریی توندم بۆ ئەفەرزۆکردنی باوک و دایکم و دوورکەوتنەوە لێیان و جەختکردنەوەیەکی خودیی لە ڕووبەڕووبوونەوەی مۆراڵ و ئایین و پرنسیپی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندییەکانیان.
دوێنێ ئێوارە باسی بەڵشەفیزمم بۆ باوکم کرد، خوێن هوروژمی بۆ سەری برد، بەڵام متەقی نەکرد. بۆ ژوورەکەی کشایەوە. ئەوەش ددانپێدانانێکی ئاشکرا بوو بە نکوڵیی و ڕەتکردنەوە.
ئازیزە قەدرگرانەکەم، بە ویستی خودا، هەمیشە بە غەمێکی قورسەوە لەو کەسانە دوور دەکەومەوە کە خۆشم دەوێن و ناتوانن هاودەمم بن. بە هیراکلیۆن*** دا دەگەڕێم، لە دەریا دەنۆڕم کە زۆر باش پێی ئاشنام؛ لە چیا کە خۆر بردوویەتی، لە زەوینی سپی، لە بەرد، لە گژوگیا، لە دەرگا دێرینە ئاشناکان، لەو هاوڕێیانەی کە بە تەمەندا چوون، ڕادەمێنم. چما لە خەونێکی دێریندا بژیم، چما لە ئاوێکی ڕوون و قووڵەوە لە شارێکی غەرقبوو بنۆڕم.
مام و خاڵە بەساڵاچووەکانم پرسیاری ئینگلستان و فڕەنسام لێ دەکەن، پرسیاری سیاسەت؛ ئایا شەڕ هەڵدەگیرسێ؟ کێ دەیباتەوە؟ ئامۆزایەکم پرسیاری ئەو زانکۆیەی لێ کردم کە بۆ خوێندن هەڵی بژاردووە. یەکێ لە کچەکان پرسیاری لێ کردم ئاخۆ باش دەکا سەفەر بۆ ئەمەریکا بکا، چونکە لەوێ دەتوانێ شوو بکات. »پێم گوت: پەلەتە؟ گوتی: بەڵێ. گوتم: بۆچی؟ گوتی: حەزم لە منداڵە. ئیرەیی بەو ژنانە دەبەم کە منداڵیان بە باوەشەوەیە».
منیش پارێزگاری بە ئارامیمەوە دەکەم. هەندێ جار پێدەکەنم، هەندێ جار لە حەژمەت وروژانی خەفەکراو فیکە دەکێشم، وەڵامی هەموو ئەو ترسە مرۆییانە دەدەمەوە، تەقەلا بۆ خۆشویستنی هەموو ئەو ڕۆحە نامۆیانە دەدەم، خۆمیان لەگەڵ ڕادێنم. گرینگیی بە ئینگلیستان دەدەم، بەشداری لە هەڵبژاردنی زانکۆدا دەکەم، بۆ دۆزینەوەی مێرد خۆم دەگەیەنمە ئەمریکا، شەکەت دەبم، تەلەف دەبم، ئای لینوشکا، لە حەوشە بچووکەکەماندا، هیچ فەرامۆش ناکەم، دەژیم، خۆشەویستیی دەکەم، لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەدا کە بۆ سەردانمان دێن؛ تا بە ترس و کونجکۆڵییەوە لەم سەندیبادی دەریای فیکرە بنۆڕن، ئازار دەکێشم.
ئەو مێزەی ئەم نامەیەی بۆ تۆ لەو ژوورەی کە تیایدا گەورە بووم، لەسەر دەنووسم، پۆشراوە بە میوە و شیرینەمەنی و مۆز و هەر شتێ دڵم بیبا. تامەزرۆی سەردانی دەریام تا دردۆنگییم لە گۆشەگیرییدا وەدیار بکەوێ؛ پاشان خودا ئەوەی لە چارەی نووسیوم، جێبەجێ بکا. ڕووسیا؟ بۆ نا، بەگوێرەی خواستی خودا. بەڵام من لێرەش لە بەختەوەرییم کەم نییە؛ چونکە ئیش دەکەم.
هەر کە بگەمە لیدا نامەت بۆ دەنووسم و چاوەڕێت دەکەم. میهرەبان بە! ئارام بە! ئاگات لە لەشت بێت، خەڵکت خۆش بوێ، یارمەتییان بدە، قسەکانمانت لە یاد نەچێ، پیاسەکانمان، ئەو گابەردە سووتاوانەی کە لەسەریان دانیشتین، سنەوبەر، چیاکان، ئەو ئەستێرانەی نائومێد یان بەختەوەر بینیمانن….
_______________
* مەبەست لە ترۆپکی چیای "یوختاس" ــە کە لە سەری مرۆڤ دەچێ.
** لە ژنە قارەمانانی فروبنیوس لە یەکێ لە حەکایەتە ئەفریقاییەکانیدا.
*** هیراکلیۆن: پایتەختی دوورگەی کریت.