"فەلسەفە لە کرێکاراندا چەکە ماتێریالییەکانی خۆی دەدۆزێتەوە و، کرێکارانیش لە فەلسەفەدا چەکە ڕۆحییەکانی خۆیان دەدۆزنەوە"
نووسینی: محەمەد هیلالی
وەرگێڕانی: سامان عەلی
کارڵ مارکس 1818)– 1883) لە کتێبی "ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی"دا، دەڵێت هۆشیاریی چینایەتی مەرجێکی بنەڕەتییە لە مەرجەکانی ئامانجی شۆڕشگێڕانە. هەروەها ڕوونی کردووەتەوە کە تێگەیشتنی چینی کرێکار لە بارودۆخی مێژوویی خۆی، توخمێکی بنەڕەتییە چارەنووسی شۆڕش لە داهاتوودا دیاری دەکات. لەبەر ئەوە، بۆرژوازییەت ئەوپەڕی تەقەلا دەکات هۆشیاریی کەم بکاتەوە، تاکو تەنها لە تاکەکاندا قەتیس بمێنێت و، ڕێگە بگرێت لەوەی هۆشیاریی چینایەتی کاریگەریی و ئەنجامی سیاسی هەبن.
هۆشیاریی چینایەتی، شێوازێکی بە کۆمەڵە نەک شتێکی تاکەکەسی. لەبەر ئەوە، ئەو فەلسەفانە بە هەڵەدا چوون پێیان وا بوو هۆشیاریی دیاردەیەکی تاکەکەسییە لە ئەنجامی بەرکەوتن لەگەڵ جیهانی ماتێریالیی سەربەخۆ لە مرۆڤ بەرهەم دێت.
مارکس بەرهەڵستیی ئەم بۆچوونە چەوتەی کردووە و پێی وا بووە هۆشیاریی چینایەتی پرسێکی بە کۆمەڵ و مێژووییە هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکان دەستنیشانی دەکەن، کە پەیوەندییە بۆ چینێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراو. بایەخی هەڵوێستی مارکس سەبارەت بە هۆشیاریی چینایەتی، لە دەستپێکردنیدایە لە چینە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیانەوە کە بەرهەمی بوونی ئەو چینە کۆمەڵایەتییانەن، نەک لە تاکەکەسی دابڕاو لە تاکەکەسەکانی دیکەوە. مارکس لە ڕێگەی ئاماژەکردن بۆ دۆخی جووتیارانی فەڕەنسا لە سەدەی نۆزدەدا، کە هۆشیارییەکی چینایەتییان نەبوو لە "پەتاتە کەڵەکەکراوەکانی ناو گوێنییە پەتاتەیەک" دەچوون، هەر بۆیە لە ڕەهەندی بە کۆمەڵی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بێ ئاگان بوون، نموونەیەکی لەو بارەیەوە خستووەتە ڕوو.
گرنگیی هەر چینێکی کۆمەڵایەتی لە مێژوودا، بەندە بەوەی هۆشیاریی ئەوەی هەبێت دەستەیەکی یەکانگیرە لەسەر بنەمای بەشداریکردنی لە هەمان هەلومەرج و هەمان بەهادا، شایانی باسە چینی لە ڕووی ئابوورییەوە زاڵ بەسەر کۆمەڵدا، بۆچوونەکانی خۆی بەسەر کۆمەڵدا زاڵ دەکات، چونکە هێزی ئابووریی چینی زاڵ، لە هێزێکی هزریی زاڵدا خۆی بەیان دەکات. هەر بۆیە چینی دژبەر (بۆ نموونە وەک چینی پڕۆلیتاریا) بانگهێشتی ئەوەیە وەک هۆشیارییەکی چینایەتی پێکبێت، ئەمەش ڕێگەخۆشکردنە بۆ کاری شۆڕشگێڕانە.
دەشێت هۆشیاریی چینایەتی ماوەیەکی دوورودرێژ لە دۆخی کۆرپەییدا بمێنێتەوە، چونکە باڵادەستیی کولتووری بۆرژوازی، ڕێگری لە سەرهەڵدانی هۆشیاریی چینایەتیی دژبەری بۆ نموونە وەک هۆشیاریی چینایەتیی پڕۆلیتاریا دەکات، هەر بۆیە ئەم چینە دژبەرە، بە هۆی باڵادەستیی هەژموونی کولتووری بۆرژوازییەوە، خۆی بە پەرت پەرت و پەرتەوازە و وەک بڕێک گەردیلەی لە یەکدی دابڕاو دەبینێت، لەم دۆخەشدا دەستەیەک تاکەکەسن لە بڕێک شت دەچن (واتە چینێک لە خۆیدا، وەک شت لە خۆیدا). لەم دۆخەشدا، هۆشیارییەکی سەبارەت بە چوونیەکیی مەرجەکانی بوونی تاکەکانی خۆی نییە کە وەک چینێک پێکیانهێناوە، لەو ڕووەشەوە کە لە ژمارەیەک تاکی سەربەخۆ لە یەکدی پێکهاتووە (بە هۆی تاکخوازییەوە) نابێت بە خاوەنی ئەو شتەی کە لە ڕووی سیاسییەوە نوێنەرایەتی دەکات، چونکە بە هۆی نائامادەیی هۆشیاریی چینایەتییەوە، وەک چینێک بوونی نییە، واتە پێویستی بەوەیە بچێتە ئاستێکی دیکە کە ئاستی "چینە لەپێناو خۆیدا"، ئەم شتەش واتە تاکە پێکهێنەرەکانی، چیی دیکە بوونەتە خاوەنی هۆشیاریی سەبارەت بەو پێگە و شوێنەی لە کۆمەڵدا هەیانە و، هەروەها سەبارەت بەو بەرژەوەندییە هاوبەشانەی لە نێوانیاندا هەیە و، پێویستە بە کۆمەڵ بەرگرییان لێ بکەن.
بە گوێرەی بۆچوونی مارکس، تاکەکان تەنها کاتێک چینێکی کۆمەڵایەتی پێکدێنن، کە لە دژی چینێکی دیکە کێشمەکێشێکی بە کۆمەڵ بەرپا دەکەن، (هەرچی سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان تاکەکانی چینێکیش هەیە، پێویستە لە ڕێگەی کێبەرکێکردن لە نێوان خۆیانەوە، وەک نەیار و دوژمن ڕووبەڕووی یەکدی ببنەوە).
بۆرژوازییەتی زاڵ، لەو ڕێگەیەوە بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆی دەسەپێنێت، کە ئەم بەرژەوەندییانە وەک بەرژەوەندییەکانی چینی پڕۆلیتاریا دەخاتە ڕوو، لە ڕێگەی درۆ و دەلەسە و ساختەکاری و پڕوپاگەندە و گرتنەبەری هەموو ڕێگەکانەوە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە. بە شێوەیەکی گشتی، زیادبوونی ژمارەی کرێکاران پێویستە هێزیان زیاتر بکات و یەکێتیی نێوانیان بسەپێنێت، ئەم شتەش ڕێگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لە نێوان دوو چینی بنەڕەتیدا خۆش دەکات: چینێکی باڵادەست و چینێکی بندەست.
هۆشیاریی چینایەتیی کرێکار، دەبێت بە پاڵنەرێکی بە ڕوونی دەستنیشانکار لە قۆناغی شۆڕشدا، هاوکات تایبەتمەندییە هەڵاوێردەکەی ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە چینی کرێکار، شوێن و پێگەیەکی گرنگ و دەگمەنی لە مێژوودا هەیە. هەروەها سەرهەڵدانی هۆشیاریی چینایەتیی کرێکار، ئەوە دەردەخات چینی کرێکار چینێکی جیاوازە لە هەموو چینەکانی دیکە، چینێکە لە هەموو لایەکەوە کۆت و پێوەندەکانی چەوسانەوە کۆت و پێوەندیان کردووە، لەناو کۆمەڵی ژیارییدا گەشە دەکات بەبێ ئەوەی سەر بەو کۆمەڵە ژیارییە بێت، تەنها لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی ڕژێمی باڵادەست و باویشەوە دەتوانێت لە دەست چەوساندنەوە و کۆت و پێوەندەکان ڕزگاری ببێت. هەر بۆیە، چینی کرێکار تاقانە چینی شۆڕشگێڕە، لەبەر ئەوەی خاوەنی هیچ شتێک نییە، چینێکی بە کۆمەڵ چەوساوەیە و گیرۆدەی کێشمەکێشە لەگەڵ بۆرژوازییەتدا، کێشمەکێشێک لە لایەن ئەو بۆرژوازییەتەوە بە سەریدا سەپێنراوە کە دەیچەوسێنێتەوە، هیچ چارەسەرێکیش بۆ ڕزگاربوون لەم هەلومەرجە نییە، تەنها ڕێگەی توندوتیژی و شۆڕش نەبێت.
ئەگەر ئەزموونی چەوساندنەوە پێویستە بۆ پێکهاتنی هۆشیاریی چینایەتی، بەڵام ئەم ئەزموونە بەس و قایلکەر نییە بۆ بەجێهێنانی ئەم ئەرکە. چونکە چینی کرێکاران پێویستی بە سەرچاوەیەکی دەرەکیی یارمەتیدەر هەیە بۆ بوون بە خاوەنی هۆشیاریی چینایەتی، ئەو سەرچاوەیەش لە بنەڕەتدا و بە گوێرەی بۆچوونی مارکس، فەلسەفەیە.
لەبەر ئەوە، فەلسەفە لە کرێکاراندا چەکە ماتێریالییەکانی خۆی دەدۆزێتەوە و، کرێکارانیش لە فەلسەفەدا چەکە ڕۆحییەکانی خۆیان دەدۆزنەوە.