بەهۆی پێشبینییەکان بۆ زیادبونی رێژەن بارانبارین لەمشەودا، بەرگریی شارستانی ئاکرێ داوا لەو هاوڵاتییانە دەکات کە ماڵەکانیان نزیک دۆڵ و شوێنە نزمەکانە، ئەمشەو ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، بەتایبەت لەهەردو گەڕەکی شۆڕش و ئاڵەیی.
ئاوێنه: بەڕێوەبەرێتی بەرگریی شارستانی ئاکرێ، كهمێك لهمهوبهر له ڕاگەیەنراوێکدا وتی، تاکو کاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، رێژەیەکی زۆری باران لەقەزاکە باریوە و بەهۆیەوە ئاستی ئاو لەچەند شوێنێک بەرزبوەتەوە، پێشبینی دەکرێت ئەمشەو رێژەی دابارین زیاتر بێت.
بەرگری شارستانی ئاکرێ باسی لەوەشکرد، لەبەر بەرژەوەندی پاراستنی ژیان و ماڵ و موڵکی هاوڵاتییان، چەند داوایەکیان لە هاوڵاتییانی ناوچەکە هەیە، کە بریتین لەمانە:
1-ئەو ماڵانەی لەنزیکی چەم و دۆڵەکانن ئەمشەو چۆڵ بکرێن، یاخود زۆر هۆشیار بن لەئەگەری بەرزبونەوەی ئاستی ئاو، هەروەها دڵنیابن لەوەی رێگای یەدەگ هەیە بۆ حاڵەتی فریاگوزاری، بەتایبەت لەهەردو گەڕەکی شۆڕش و ئاڵەیی لە سەنتەری قەزای ئاکرێ.
2-هەرکاتێک ئاوی باراناو چوە ناو ماڵێکەوە، دەستبەجێ کارەبای ماڵەکە بپڕێنێت و دانیشتوانەکەی بچنە شوێنێکی بەرز.
3-ئەگەر بۆ کاری زەرور نەبێ نەچنە دەرەوە.
4-ئۆتۆمبێلەکانتان لەشەقام و کۆڵانێکی بەرز دابنێن، بۆ ئەوەی لەمەترسی ژێرئاوکەوتن بەدور بن.
5- ئاگاداری ئاژەڵ و پەلەوەرەکان بن و لە ڕێڕەوی ئاوی بارانباو دوربن.