کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕەنگە لە چەند هەفتەی داهاتودا شەڕ لەگەڵ ئێران کۆتایی پێبێت و ڕەنگە زوتریش کۆتایی بێت، لەکاتێکدا نیگەرانییەکان لەسەر بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی زیاتر دەبن.
کریس ڕایت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ABC News، باسی لهوهكرد، "پێموایە ئەم ململانێیە بە دڵنیاییەوە لە هەفتەکانی داهاتودا کۆتایی دێت، ڕەنگە زوتر ڕوبدات، بەڵام بە دڵنیاییەوە چەند هەفتەیەک کۆتایی دێت".
ئەو وتانەی ڕایت لە کاتێکدایە کە ئەمریکییەکان لە ئەنجامی شەڕەکەدا ڕوبەڕوی بەرزبونەوەی نرخی بەنزین بونەتەوە. کۆنتڕۆڵکردنی گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە سەرچاوەیەکی سەرەکی فشارە لە بازاڕی وزەدا، بەو پێیەی ڕێڕەوی ئاوەکە خاڵی ترانزێتە بۆ نزیکەی 20%ی دابینکردنی نەوتی جیهان، کەنداوی فارس بە کەنداوی عومانەوە دەبەستێتەوە.
داخستنی دیفاکتۆی گەروی هورمز بوەتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوتی خاو و زیادبونی تێچوی سوتەمەنی لە ئەمریکا، بهوهش فشارهكانی سهر ئیدارهی ئهمریكا بۆ راگرتنی شهڕهكه زیاتر بوه.
بەپێی داتاکان، تێکڕای نرخی بەنزین لە ئەمریکا لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگەوە نزیکەی 76 سەنت بۆ هەر گاڵۆنێک بەرزبوەتەوە، ئەوەش زیادبونێکی بەرچاوە لە ماوەیەکی کورتدا.
کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا پێشتر ئاماژەی بە ئەگەری بە یاوەرییکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا لە گەروەکەدا کردبو، بەڵام دواتر رونیكردهوه، کە هێزی دەریایی ئەمریکا هێشتا ئامادە نییە ئەو هەنگاوە بنێت.
ئهوهشی وت، ئەمریکییەکان دەتوانن لە چەند هەفتەی داهاتودا دابەزینی نرخی بەنزین ببینن"، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ گەرەنتییەک لە ژێر بارودۆخی سەردەمی جەنگدا نییە، هیچ گەرەنتییەک لە شەڕدا نییە. ئەمە ئازارێکی کورتخایەنە بۆ گەیشتن بە دۆخێکی زۆر باشتر".
ئهمریكا و ئیسرائیل له 28ی شوباتی ئهمساڵ هێرشیان بۆ سهر ئێران دهستپێكرد و له یهكهمین رۆژی هێرشهكاندا عهلی خامنهیی، ڕێبهری پێشوی ئێران و دهیان سهركردهی دیكهی ئهو وڵاته كوژران، دواتریش سوپای پاسداران وهڵامی هێرشهكانی دایهوه و بنكهكانی ئهمریكا له رۆژههڵاتی ناوهڕاست، وڵاتانی كهنداو و ههروهها ئیسرائیلی بۆردومانكرد.