پێگەی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای واشنتنەوە ئاشکرای کرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە پلانێکی ستراتیژی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوەندە نەوتییەکانی ئێران لە دوورگەی "خارک"، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لە ئەگەری بەردەوامیی داخستنی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیڕانی نێودەوڵەتیدا.
ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتەکە، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە پێویستی بە بڵاوکردنەوەی هێزە مەیدانییەکانی ئەمریکا دەبێت لە ناوچەکەدا بۆ دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە و تێرمیناڵە نەوتییەکان. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام ئەم بژاردەیە وەک کارتێکی گوشار لەسەر مێزی گفتوگۆیە.
دوورگەی خارک بە شاخوێنەری هەناردەکردنی نەوتی ئێران دادەنرێت. شارەزایان پێیان وایە کۆنترۆڵکردنی ئەم شوێنە، تاران لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی دۆلار بێبەش دەکات و دەبێتە هۆی داڕمانی خێرای ئابووری ئەو وڵاتە، کە لە ئێستاوە بەدەست جەنگ و گەمارۆکانەوە دەناڵێنێت.
هاوکات ڕێکخراوی بازرگانی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) هۆشداری داوە کە مەترسی لە گەرووی هورمز بەردەوامە. ئامارەکان دەریدەخەن لە سێ هەفتەی ڕابردوودا ٢٠ کەشتی لەو سنوورەدا کراونەتە ئامانج.
دۆناڵد ترەمپ، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا، داوای لەو وڵاتانە کرد کە پشت بە نەوتی کەنداو دەبەستن (وەک چین، فەرەنسا، ژاپۆن و کۆریای باشوور) کە "بەرپرسیارێتی پاراستنی ناوچەکە بگرنە ئەستۆ، چونکە ئەوە خاکی ئەوانە و وزەکەیان لەوێوە دابین دەبێت.
گەرووی هورمز تەنیا ٢١٢ کیلۆمەتر درێژە، بەڵام ڕۆژانە ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوت و بڕێکی زۆری گازی سروشتی پێدا تێپەڕ دەبێت. بۆ وڵاتانی وەک عێراق، کوێت و بەحرەین، ئەم گەرووە تاکە دەروازەی هەناردە و بازرگانییە و داخستنی بە واتای پەککەوتنی تەواوی ئابوورییان دێت.