هێرشێكى چڕ كرایه‌سه‌ر حه‌شدى شه‌عبى‌و كوژراوو بریندار هه‌یه‌
  2026-03-16       637       

بەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، ناوچه‌ى جەرف سەخەر (جەرف ئەلنەسر) لەباکوری پارێزگای بابل ڕوبەڕوی بۆردومانێکی ئاسمانیی بوەوە، به‌گوێره‌ى سەرچاوە ئەمنییەکان، هێرشەکە باره‌گایەکی چه‌كدارانى حەشدی شەعبی لەو ناوچە ستراتیژییە کردوەتە ئامانج.

ئاوێنە: له‌وباره‌یه‌وه‌ کەناڵی (جەزیرە)ى قه‌ته‌رى لەهەواڵێکی بەپەلەدا نوسیویه‌تى، "بەهۆی ئەو بۆردومانەوە، تائێستا دوو چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون‌و چەند کەسێکی دیکەش برینداربون".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، دوای تەقینەوەکان، هێزە ئەمنییەکان لەناوچەکە کەوتونەتە ئامادەباشییەوەو تیمە فریاگوزارییەکان، بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانەکانی نزیک له‌شوێنى بۆردومانه‌كه‌ گواستوەتەوە.

ناحیەی جەرف سەخەر، یەکێکە لەناوچە هەرە هەستیارە ئەمنییەکان‌و پێشتریش چەندینجار کراوەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان، تائێستاش لایەنە فەرمییەکانی عێراق هیچ ڕونکردنەوەیەکیان سەبارەت بەناسنامەی فڕۆکە هێرشبەرەکان‌و ورده‌كاریى زیانەكان بڵاونەکردوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×