نووسینی: یورگن هابەرماس
وەرگێڕانی: سامان عەلی
مردنەکەی میشێل فوکۆ، بە ڕادەیەک ناکاو و چاوەڕواننەکراو بوو، مرۆڤ تەنها دەتوانێ پێی وا بێت هەلومەرجەکان و هەڵاوێردیی ئەم مردنە، ژیان و فەلسەفە و بۆچوونەکانی ئەم فەیلەسووفە تۆمار دەکەن. تەنانەت لە دووریشەوە، مردنی ئەم مرۆڤە لە پەنجا و حەوت ساڵیی تەمەندا، ڕووداوێکی ناکاو دەردەکەوێت. توندیی دەسەڵاتی کات و دەسەڵاتی ڕاستی دەسەلمێنێت، کە بێ هیچ هەست یاخود شادییەکی سەرکەوتن، بەسەر واتای پێکهێنەری سەرەتای ژیانی هەر کەسێکدا زاڵ دەبێت. ئەزموونەکەشی (کە سنووردارێتییە) بۆ فوکۆ، بوو بە پاڵنەرێکی فەلسەفی. چونکە فوکۆ زیاتر لە ڕوانگەیەکی ڕەواقییەوە لە دەسەڵاتی هەڵاوێردیی ڕوانی وەک لە ڕوانگەیەکی مەسیحییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لە فوکۆدا هەڵوێستی ڕەواقیی ئەو چاودێرە کە بە هۆی ئەو هۆگرییەوە بۆ بابەتایەتی هەیەتی، پارێزگاریی لە دوورایەتیی وردی خۆی دەکات، لەگەڵ پێچەوانەکەیدا تێهەڵکێش دەبێت کە سەرقاڵبوونی سۆزداریی چالاککراوە لەناو بوویەری چرکەساتی مێژووییدا.
تا ساڵی ١٩٨٣ چاوم بە فوکۆ نەکەوت و، ڕەنگە بڵێم باشیش لێی تێ نەگەیشتم. تەنها دەتوانم ئەو شتە بخەمە ڕوو، کە لەودا سەرنجی منی بەرەو خۆی ڕاکێشا. ئەو شتەش ئەو نیگەرانییەیە، کە پۆلێنکردنی سەختە، لە نێوان پارێزی زانستیی تا ڕادەیەک پەتیی لێکۆڵیارێک، کە لە لایەکەوە هەوڵی بابەتیبوون دەدات و، لە لایەکی دیکەوە چالاکیی سیاسیی بیریارێک کە شیاوی ڕەخنەکردنە و لە ڕووی ئاکارییەوە هەستیارە. پێم وایە فوکۆ، هاوشێوەی ئەو ویستەی لێکۆڵیارێکی کۆڵنەدەر بۆ کنەکردن و پشکنین هەیەتی، بە دوای بەڵگەدا کنە و پشکنینی کرد. فوکۆ لە مانگی ئازاری ساڵی١٩٨٣، پێشنیازی کرد لەگەڵ هەندێک هاوڕێی ئەمەریکی لە کۆنگرەیەکی تایبەت چاومان بە یەکدی بکەوێت، ساڵی١٩٨٤ بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بەو وتارەی کانت ساز دەکرێت، کە دووسەد ساڵ لەمەوبەر نووسراوە و، وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە: ڕۆشنگەریی چییە؟ لەو کاتەدا من هیچ شتێکم لەبارەی ئەو وانەیەوە نەدەزانی، کە فوکۆ بە تایبەتی سەبارەت بەم بابەتە ئامادەی دەکرد. بێگومان من بەو جۆرە لە پێشنیازەکەی تێگەیشتم، بانگهێشتکردنە بۆ گفتوگۆکردن (لەگەڵ هیوبەرت دریفوس و پۆڵ ڕینبۆ و ڕیچارد ڕۆرتی و چارلس تایلەر) سەبارەت بە چەندین دەربڕینی هەمەچەشن لەبارەی ڕووداوەکەوە، بە پشتبەستن بەو دەقە کە- بە واتایەک لە واتاکان- بەردی بناغەی گوتاری فەلسەفیی نوێی دانا. بەڵام ئەمە ئەو شتە نەبوو کە فوکۆ کتومت لە پێشنیازەکەیدا مەبەستی بوو و، منیش تا مانگی ئایاری ساڵی١٩٨٤، کە بەشێک لە وانەکەی بڵاو کردەوە، نەمزانی.
لێرە لە کتێبی "سیستەمی شتەکان"ی فوکۆدا، ڕووبەڕووی کانتی ناسراو و باو نابینەوە، واتە ئەو زانای زانینەی لە ڕێگای ئەو شیکردنەوەیەوە کە بۆ سنووردارێتی کرد، دەروازەی سەردەمی بیرکردنەوەی ئەنترۆپۆلۆژی و زانستە مرۆڤایەتییەکانی واڵا کرد. لەبەر ئەوەی مرۆڤ لەم وتارەدا ڕووبەڕووی "کانتێک"ی جیاواز دەبێتەوە، کە کانتی پێشینی هیگڵییە لاوەکان و یەکەم کەسە بە تەواوی لە میراتی میتافیزیکی دوور کەوتەوە، کاتێک فەلسەفەی لە دەست ڕاستەقینە و نەمر ڕزگار کرد و، لە بریی ئەوە ڕۆشنایی خستە سەر ئەو شتەی کە فەلسەفە تا ئەو کاتە بە نەبوو و بەتاڵ لە واتا و کاتی و ناکاوی دەزانی. هەروەها فوکۆ لە کانتدا ئەو هاوچەرخە دەدۆزێتەوە، کە فەلسەفەی کەمایەتی دەگۆڕێت بۆ ڕەخنەکردنێکی ئێستا لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی چرکەساتی مێژووییدا. هاوکات فوکۆ لەو وەڵامەدا کە کانت وەڵامی پرسیاری: "ڕۆشنگەریی چییە؟" دەداتەوە، سەرەتای ئەو "ئۆنتۆلۆژیای ڕاستییە" دەبینێت، کە بە تێپەڕین بە هیگڵ و نیتچە و ماکس ڤیبەردا، ڕێگەی بەرەو هۆرکهایمەر و ئادۆرنۆ خۆش کرد. ئەوەی سەرنجڕاکێشە، ئەوەیە فوکۆ لە کۆتا ڕستەی وانەکەیدا، ناوی خۆی دەخاتە پاڵ ناوی ئەو فەیلەسووفانە.
فوکۆ، ئەم دەقەی ساڵی١٧٨٤: "کێشەوبەرەی کۆلێژەکان" کە لە دوای کانت خۆی بە چواردە ساڵ بڵاو کرایەوە، بەو کاتەوە دەبەستێت کە کانت بیر لە ڕووداوەکانی شۆڕشی فەڕەنسی دەکاتەوە. گومانی تێدا نییە کێشەوبەرەی نێوان کۆلێژی فەلسەفە و کۆلێژی ماف، لە پرسی ئەوە دەکۆڵێتەوە ئاخۆ چەشنی مرۆڤ بە شێوەیەکی پەیتا پەیتا گەشە دەکات. هەروەها کانت لە کتێبی "فەلسەفەی ئاکار"دا ئەو خاڵە یەکلاکەرەوەیە ڕوون دەکاتەوە، کە ئەم پێشکەوتنەی پێ دەپێوێت. چونکە هەر دەستوورێکی کۆماریی، ڕۆڵی یاسا لە ناوخۆ و لە دەرەوەدا دەستەبەر دەکات. واتە سەربەخۆیی هاونیشتمانی لە سایەی بڕێک یاسادا دەستەبەر دەکات کە بە شێوەیەکی خودیی داڕێژراون و، کۆتاییهێنان بە جەنگ لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا مسۆگەر دەکات. هاوکات کانت بە دوای شوێنپێیەکی ئەزموونییدا دەگەڕێت تا بنەماکانی "ئەقڵی زانستیی پەتی" بچەسپێنێت، تا بە ڕاستی پشتگیریلێکراو بە ئاراستەی ئاکاریی چەشنی مرۆڤی لە ڕووی مێژووییەوە تێبینیکراو بیخاتە ڕوو. بە دوای ڕووداوێکی سەردەمەکەماندا دەگەڕێت، خواستی سروشتیی مرۆڤایەتی ڕووەو باشتربوونی ئاکاریی پیشان بدات. لێرەدا ئەوەی تەواو ئاشکرایە، ئەوەیە ئەم ئاماژە مێژووییە لە شۆڕشی فەڕەنسیدا خۆی نادۆزێتەوە، بەڵکو لەو پەرۆشییە ڕوون و ئاشكرایەدا خۆی دەدۆزێتەوە، کە زۆرینەی گەل لەو پێشوازییە بوێرانەیدا دەریبڕی کە ئەم ڕووداوانەی وەک هەوڵێک لەپێناو بەدیهێنانی بنەماکانی یاسای سروشتی پێشوازی لێ کرد. کانت پێی وایە ئەم چەشنە دیاردەیە ناتوانرێت لە بیر بکرێت، لەبەر ئەوەی نموونەی ئەم چەشنە ڕووداوە هێندە مەزنە و هێندە زۆر تێهەڵکێشی ئەو بابەتانەیە کە جێی بایەخی چەشنی مرۆڤن، گەلانی جیهان لە بیریان ناکەن و، هەر کات هەلومەرج لەبار بێت، هەنگاوی لەو جۆرە نانێن.
فوکۆ نموونە بە ڕستە بەناوبانگەکان دەهێنێتەوە بەبێ ئەوەی بە تەواوی لە "خواست بۆ ئەنجامدانی چاکەی ئاکاریی" بەتاڵ بێت. شایانی باسە کانت لە دەقی یەکەم سەبارەت بە ڕۆشنگەریی و، بەو جۆرەی لە کێشەوبەرەی نێوان کۆلێژەکاندا پێ دادەگرێت، جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە شۆڕش هەرگیز ناتوانێت ئەو چاکسازییە ڕاستەقینەیە بەرهەم بهێنێت لەو بیرکردنەوەیەدا هەیە کە بە تەواوی لە پەرۆشیی بۆ ئەو شۆڕشەوە هەڵدەقووڵێت کە لە دواییدا ڕووی دا. فوکۆ هەردوو دەقەکە بە شێوازێک بە یەکدییەوە گرێ دەدات، دەتوانرێت بە هۆیەوە ئەنجامێک پێکبهێنرێت. لەم ڕوانگەیەشەوە، پرسیاری ڕۆشنگەریی چییە؟ لەگەڵ پرسیاری "ئەم شۆڕشە بۆ ئێمە چ واتایەکی هەیە؟" تێهەڵکێش دەبێت و، بەم شێوەیە فەلسەفە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە لەگەڵ ئەو بیرکردنەوەیەدا تێهەڵکێش دەبێت، کە بوویەری ڕاستەقینەی مێژوویی نوێ دەیبزوێنێت. کاتێک ڕوانگەی بونیادنراو بەرمەبنای ڕاستییە نەمرەکان، نوقمی وردەکارییەکانی چرکەساتی دیاریکراوی بارگران بە دڵنیایی و فیچقە کردوو بە کارکردی فشاری توانا پێشبینیکراوەکان دەبێت.
لە ئەنجامدا فوکۆ لە کانتدا فەیلەسووفی یەکەم دەدۆزێتەوە، واتە ئەو تیرهاوێژەی تیرەکەی ئاراستەی کرۆکی کردەییترین سیماکانی ئێستا دەکات، بە شێوازێک کە گوتاری نوێگەریی دەست پێ دەکات. کانت دەستبەرداری کێشمەکێشی کلاسیکی سەبارەت بە لە پێشتریی پێوانەیی دێرینەکان و شوێن و پێگەی هاوشێوەی هاوسەردەمان دەبێت. لە بریی ئەوە، سەرگەرمی هزری دەستنیشانکردن دەبێت. کە لای ئەو ئەرکێکی نوێ بۆ ڕەوتی شڵەژاو لە چەسپاندنی خود وەردەگرێت کە ئاسۆیەکی هۆشیاریی مێژوویی نوێ دەبێت نوێگەریی تا کاتی ئێستا لە جووڵەیەکی بەردەوامدا هێشتەوە. هەر فەلسەفەیەکی گرێدراو بە بوویەرەوە گرنگی بە پەیوەندییە چوونیەکەکانی خۆی دەدات لەگەڵ بوویەردا، واتە لەگەڵ نوێگەرییدا. هۆڵدەرلین و هیگڵی لاو و مارکس و هیگڵییە لاوەکان و بۆدلێر و نیتچە و باتای و سوریالییەکان و لوکاچ و میرلۆ پۆنتی و پێشینەکانی مارکسیزمی خۆرئاوا بە شێوەیەکی گشتی و، هەروەها خودی فوکۆ خۆی، هەموویان بەشدارییان لە چالاککردنی هۆشیاریی نوێی ئەو سەردەمێتییەدا کرد کە لە فەلسەفەدا لەگەڵ پرسیاری "ڕۆشنگەریی چییە؟" دا پەیدا بوو، لێرەشدا فەیلەسووف بوو بە هاوسەردەم و لە غەفڵەتی کۆششی نادیار دەرچوو و وەک مرۆڤێک لە گۆشت و خوێن دەرکەوت بۆ هەر ماوەیەکی نوێ کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، پشکنینی جەستەیی پشتی پێ دەبەستێت. تەنانەت ئەگەر بۆ ئەوە بگەڕێینەوە کە ڕابوورد، هێشتا سەردەمی ڕۆشنگەریی ئەو شرۆڤەیە دەخاتە ڕوو کە بۆ خودی خۆیی کرد: ئەویش چوونە ناو چەشنێک لە نوێگەرییە، پێی وایە ناچارە هۆشیاریی خودیی خۆی و پێوەرەکانی لە خودەکەی خۆیەوە دابڕێژێت.
تەنانەت ئەگەر ئەمە داڕشتنێکی نوێی بیرکردنەوەی تایبەتی فوکۆش بێت، بەڵام ئەو پرسیارەی دێتە پێشەوە ئەمەیە: ئەم تێگەیشتنە ئەرێنییە هەڵاوێردەی بیرکردنەوەی فەلسەفیی نوێ، کە هەمیشە ڕوو بەرەو بوویەری تایبەتمانە کە تایبەتمەندیی شوێن و کاتی ئێستای هەیە، چۆن دەتوانێت لەگەڵ ئەو ڕەخنە ڕوونەی ئەودا لە هەمان شێوەی زانینی نوێگەریی بگونجێت؟ ئایا پێویست نییە هەر بەشێک لە فەلسەفەی مێژوو لای کانت و بیرکردنەوەی سەبارەت بە دۆخی ئازادیی و سەبارەت بە هاونیشتمانێتیی جیهانی و ئاشتیی هەمیشەیی و هەروەها لێکدانەوەی لەبارەی پەرۆشیی شۆڕشگێڕانەوە وەک پەیوەندیی پێشکەوتنی مێژوویی بەرەو باشتر، فوکۆی تیۆریسێنی زمان وا لێ بکەن گاڵتەی پێ بێت؟ ئایا مێژوو چەقی نەبەست و نەبوو بە پارچە سەهۆڵێکی داپۆشراو بە گەردیلەکانی پێکهاتنی خۆبەخۆی گوتار بە پێش چاو و تەماشای فوکۆی شوێنەوارناسی ڕەواقییەوە؟ (ئەمە بۆچوونی پۆڵ ڤینی-ی هاوڕێی فوکۆیە) . ئایا ئەم پارچەیە کە ملکەچی ئەو شتەیە پێدەچێ تەماشای تەواوەتیی فوکۆی ژینیالۆژیست بێت، دینامیکێکی جیاوازی نییە لەو شتەی بیرکردنەوەی نوێگەریی گرێدراوی بوویەر دەیەوێت ددانی پێدا بنێت: مەبەست لە ڕەوتە بزواو و بەتاڵ و نادیارەکانی ملکەچپێکردنە، کە تیایدا دەسەڵات نەک شتێکی دیکەی بێجگە لە دەسەڵات، لە شێوەی هەمیشە گۆڕاودا دەردەکەوێت؟ ئایا فوکۆ لە کتێبی "سیستەمی شتەکان" دا، بە پشتبەستن بە کانت، وەک نموونەیەک، دینامیکی تایبەتی ئەو ویستی ڕاستییەی ڕوون نەکردووەتەوە کە لەگەڵ هەر نائومێدبوونێک لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی زانین و بەم پێیە لە شکستهێنانیدا، سەرلەنوێ دەبزوێنرێتەوە؟ شێوەی زانینی نوێگەریی، ئەم ڕیزبەندییە دۆشدامێنەی هەیە: پاش ئەوەی بابەتی زانین دەبێتە خۆگەڕانەوەیی، لە وێرانەی میتافیزیکەوە هەڵدەستێتەوە تا - لە کاتێکدا کە بە تەواوی دەرک بە سنوورداریی دەسەڵاتەکانی خۆی دەکات- پڕۆژەی دەسەڵاتێکی بێسنوور وەربگرێت. بەو جۆرەی فوکۆ دەیسەلمێنێت، کانت ئەم شێوەیە دەگۆڕێت و دەیکات بە بنەمای پەیکەرەیی زانستی زانین لای خۆی، لەبەر ئەوەی سەرلەنوێ سنوورەکانی دەزگا دەرکسنووردارەکەمان ڕاڤە دەکاتەوە و ئەم ڕاڤەکردنەوەیە دەبێتە مەرجە لەڕادەبەدەرەکان لەپێناو زانینێکدا کە بەردەوام پێش دەکەوێت. لەبەر ئەوە هەر بابەتێکی لە ڕووی پەیکەرەییەوە کشێنراو تا ئەوپەڕی ڕادە، دەبێت بە داوی شێوازێک لە زانینەوە، گریمانی ئەوە دەکات مرۆڤ دوائامانجی گەردوونە. ئەمەش بوارێکە سەرلەبەری "زانستەکانی مرۆڤ" داگیری کردووە، کە فوکۆ وەک دەسەڵاتێکی سزادەر دەیبینێت بە چۆنایەتییەکی فێڵبازانە کار دەکات. بەهەرحاڵ و، وێڕای هەموو بانگەشە پڕ لە ژاوەژاو و هەرگیز نادڵنیاکانی، وێنەیەکی ساختەی مەترسیداری زانینێکی دروستە بە شێوەیەکی گشتی و، لە ڕاستیدا باڵادەستیی زانینی بنجداکوتاو لە ویستی دەسەڵاتدا لە پشت خۆیەوە دەشارێتەوە. تەنها لە دوای ئەم ویستی زانینە بێسنوورە ئەو خودێتی و هۆشیارییە خودییە پەیدا دەبن، کە کانت لێیانەوە دەست پێ دەکات.
ئەگەر بۆ دەقی وانەکەی فوکۆ بگەڕێینەوە و هەموو ئەم پێودانانەشمان لە بیر بێت، ڕێ و شوێنەکانی خۆپاراستن لە دژی ئەم دژوازییە ئێجگار بزوێنەرانە دەبینین. گومانی تێدا نییە ئەو ڕۆشنگەرییەی نوێگەریی دەست پێ کرد، بۆ ئێمە تەنها ماوەیەکی ناکاو لە مێژووی بیروڕاکاندا ناگەیەنێت. لەگەڵ ئەوەشدا فوکۆ بە ڕوونی لەبارەی هەڵوێستی ساختەی ئەو کەسانەوە هۆشداریی دەدات، کە تەنها بۆ پاراستنی پاشماوەکانی ڕۆشنگەریی هەن. هەروەها فوکۆ بە ڕوونی (بەڵام بە شێوەیەکی پێچەوانە) پەیوەندیی لەگەڵ هەندێک لێکدانەوەی کۆنتردا دادەمەزرێنێت. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا- بەو شێوەیەی فوکۆ تێبینی دەکات- چیی دیکە ئەرکی ئێمە پاراستنی ڕۆشنگەریی و شۆڕش نییە وەک دوو وێنەی نموونەیی. لەوە گرنگتر تاقیکردنەوەی ئەو هێزە پاڵنەرە مێژووییانەیە، کە لە دوادواییەکانی سەدەی هەژدەوە بەسەر بیرکردنەوەی گشتیدا زاڵە و هاوکات خۆی تێدا حەشار دەدات. فوکۆ ئەو بیرمەندانە دەداتە دواوە لە گەڕانیان بە دوای سیستەمدا تەنها گریمانە زانینەکییەکەی کانت ڕەچاو دەکەن و، لە گەڕانیان بە دوای ئەو مەرجە گشتییانەشدا کە دەتوانرێت بە هۆیانەوە بە ڕاستی گریمانەکان ببنە گریمانەی دروست یاخود چەوت، دەبنە دیلی "لێکدانەوەی ڕاستی". وێڕای ئەم ڕێ و شوێنانەی خۆپاراستن، مرۆڤ سەری ئەوەی لە فوکۆ سوڕ دەمێنێت، بانگهێشتی ئەو بیرمەندە تێکدەرانە دەکات کە دەیانەوێت سەردەمێتیی خۆیان بە میراتگرانی یاسایی ڕەخنەی کانتی ڕاڤە بکەن. ئەو بیرمەندانە ئەو پێشنیازە توێکارییە سەرەکییە پات دەکەنەوە، کە کانت یاخود کەسێک سەبارەت بە نوێگەریی لە هەوڵدان بەرەو دڵنیایی خودیی لە چوارچێوەی هەلومەرجی گۆڕاوی سەردەمەکەیاندا پێشنیازی کردبوو. فوکۆ وەک پەیخوازێکی ئەم نەریتە خۆی دەبینێت. ئاڵنگارییەکە لای فوکۆ لەو دەقەی کانتدا کە فوکۆ هەڵیبژارد، ڕاڤەکردنی ئەو ویستەیە کە جارێکیان ئەو پەرۆشییە بۆ شۆڕشی فەڕەنسی لەخۆی گرت، واتە ئەو ویستی زانینەی "لێکدانەوەی ڕاستی" ئارەزووی نەدەکرد ددانی پێدا بنێت. فوکۆ تا ئێستا لەو پێکهاتانەی دەسەڵاتی نوێدا تەنها لەپێناو ڕەخنەکردنیان بە دوای ویستی دەسەڵاتدا چووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا بە شێوەیەکی تەواو جیاواز دەیخاتە ڕوو، واتە وەک پاڵنەرێکی ڕەخنەیی شایستەیە بپارێزرێت و پێویستی بە نوێکردنەوەیە. هەر ئەم شتەشە بیرکردنەوەی تایبەتی ئەو بە سەرەتاکانی نوێگەرییەوە گرێ دەدات.
ڕەنگە لەناو دەستەی فەیلەسووفانی نەوەی خۆیدا کە لێکدانەوە بۆ سەردەمەکەمان دەکەن، فوکۆ لە هەموویان زیاتر بە شێوەیەکی بەردەوام کاریگەریی لەسەر ڕۆحی سەردەمەکەی خۆی بەجێ هێشتبێت، هۆکاری ئەوەش بۆ چەند شتێک دەگەڕێتەوە هەوڵی هەمیشەیی ئەو لە سایەی بڕێک دژوازیی بەرهەمهێندا، یەکێک نییە لە کەمبایەخترین ئەو شتانە. چونکە تەنها بیرکردنەوەی ئاڵۆز، دژوازیی زانینەکی بەرهەم دەهێنێت. کانتیش خۆی دووچاری دژوازییەکی زانینەکی کرد، کاتێک پەرۆشیی شۆڕشگێڕانەی وەک ئاماژەیەکی مێژوویی بڵاو کردەوە، کە ڕیزبەندییەکی ڕوونی چەشنی مرۆڤ لە جیهانی دیاردەکاندا دەردەخات. هەرچی ئەو دژوازییەی دیکەیە کە فوکۆ بوو بە تەڵەیەوە، بە چەشنێکی هاوشێوە زانینەکییە. چونکە ڕەخنەکەی خۆی لە دەسەڵات بە شێوەیەک لەگەڵ "لێکدانەوەی ڕاستی" دا بەرهەڵستی پێ دەکات، ڕەخنەکەی لە پێوەرە پێوانەییەکان بێبەش دەکات و ناچارە "لێکدانەوەی ڕاستی" گریمان بکات. ڕەنگە هێزی ئەم دژوازییە لە دوایین ئەم دەقانەیدا دوای فوکۆ کەوتبێت و، سەرلەنوێ بەرەو ئەو بازنەی گوتاری نوێگەریی فەلسەفییە پەلکێشی کردبێتەوە، کە پێی وا بوو دەتوانێت بنکۆڵی بکات.