حکومەتی هەرێم هۆکاری هەناردەنەکردنەوەی نەوت ئاشکرا دەکات
  2026-03-17       584       

وێڕای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد کە دەسەڵاتی وەستانی شەڕەکەیان نییە ئاماژە بەوەش دەکات کە "مان و مردنمان بەیەكەوە دەبێت"، لەبارەی نەوتیشەوە مەسرور بارزانی دەڵێت "هەرێم لەگەڵ ئەوەیە نەوت هەناردە بكرێت، بەڵام حكومەتی عێراق داوا دەكات لەرێگەی كوردستانەوە نەوتی كەركوك بنێردرێت بۆ جەیهان، ئەوەش ناگاتە نیو ملیۆن بەرمیل".

 

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێکدا وتی "كوردستان لە دەستێكی ئەمین و ئارامدایەو سەقامگیری و ئاسایش لە كوردستان بەردەوام دەبێت. وەكو چۆن پێشتر لە خۆشی و ناخۆشی پێكەوەبووین، ئێستاش مان و مردنمان بەیەكەوە دەبێت".

وتیشی "ئەم شەڕە نە ئێمە دەستمان پێكردووەو نە دەتوانین بیوەستێنین، بەڵام هەوڵ دەدەین خەڵكی ئێمە پارێزراو بن. چاوەڕوانی ئەوە لە حكومەتی فیدراڵی دەكەین لە ئاستی بەرپرسیارێتی خۆیاندا بن و نەهێڵن ئەم گروپانە بەمشێوەیە پەلاماری كوردستان بدەن".

لەباری دۆخی ئابووری عێراق و نەوتەوە، ناوبراو دەڵێت "وەكو هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەموو كەسێك پەرۆشی دۆخی ئابووری عێراقین، پەرۆشی دابینكردنی بودجەو بژێوی خەڵكی كوردستانین".

وەکو ئەو دەڵێت "هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەیە نەوت هەناردەی دەرەوە بكرێت، بەڵام هەندێك راستی هەیە دەبێت بگوترێ، حكومەتی عێراق داوا دەكات لەرێگەی كوردستانەوە نەوتی كەركوك بنێردرێت بۆ جەیهان، بە هەموو نەوتی كوردستان و كەركوكەوە ناگاتە نیو ملیۆن بەرمیل، ئەمە بە هیچ جۆرێك قەرەبووی ئەو نەوتە ناكات كە عێراق نەیتوانیوە لەرێگەی ترەوە هەناردەی بكات".

مەسرور بارزانی زیاتری ئاشکراکرد "هەرێمی كوردستان رێگر نییە لە هەناردەی نەوت، تەنیا داوای ئەوەی كردووە گەرەنتی هەبێت بتوانین لە كێڵگەكانی خۆشمان نەوت بەرهەمبهێنین، بەداخەوە لەو ماوەی رابردوو بەهۆی بۆردومانكردنی كێڵگەكانی نەوت و غاز، بەرهەم وەستاوە و تاڕادەیەك كەمیكردووە، داوامان لە حكومەتی فیدراڵی كردووە ئەم هێرشانە بوەستێت بۆ ئەوەی نەك تەنیا نەوتی كەركوك نەوتی هەرێمی كوردستانیش هەناردە بكرێت".

ئەمەش کۆمەڵێک لە وتەکانی دیکەی سەرۆکوەزیرانە لەبارەی مووچە و سیستەمی ئەسیکۆدا:

ـ خەڵكی هەرێمی كوردستان شایستەی ئەوەن موچەكانیان لەكاتی خۆیدا وەربگرن، هیوادارین حكومەتی عێراق ئەم كارە بكات. 
ـ پێویست ناكات هیچ كەسێك یان هیچ لایەنێك موزایەدەمان بەسەرەوە بكات یان بەیانی تەهدیدو بە زمانێكی تر قسەكان لەگەڵ بكات. 
ـ ئێمە پێشنیاری خۆمان ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدراڵ كردووە، چاوەڕێی ئەوەین كۆبوونەوە بكرێت و هیوادارم ئەمڕۆ ئەو كۆبوونەوەیە بكرێت و لەو قەیرانە دەربچین. 
ـ بۆ جێبەجێكردنی ئیستەمی ئیسكۆدا تەنیا داوای كاتمان لە حكومەتی فیدراڵی كردووەو داوای 9 مانگ كراوە بۆ ئەوەی بتوانین سیستمەكە جێگیر بكەین. 
ـ حكومەتی عێراق هیچ پاساوێكی نییە بۆ ئەوەی رێگری لە بازرگانی لە سنوری ئێمەدا بكرێت و دۆلار بۆ بازرگانی ئێمە دابین بكرێت، بە بیانووی ئەوەی سیستەمی ئەسكیۆدا جێگیر نەكراوە، ئێمە رازین لەسەر ئەو سیستەمە.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×