پارتی کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراقی هەڵپەسارد
  2026-03-17       346       

فراکسیۆنی پارتی بەشداری کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق ناکات و بە "نایاسایی" وەسفی دەکات.

 

ئاوێنە: شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی بەشداری کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق ناکەین، چونکە کۆبوونەوەکە نایاساییە و جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان لەسەر کۆبوونەوەکە رەزامەند نەبووە".

لەبارەی هۆکارێکی دیکەوە، ناوبراو وتی "پێمانوایە پشکی هەرێمی کوردستان و هەناردەی نەوت بەهێز یەکلا ناکرێتەوە و قبووڵ ناکرێت، ئێمە بە تەواوی ئەو شێوازە رەتدەیکەنەوە".

وتیشی "پێویستە بەغدا راگەیەندراوی سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا بکاتە بنەمای هەر بڕیارێک و ئێمە ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای راگەیەندراوی سەرۆک بارزانی".

ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت، بڕیارە ئەمشەو پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەناردەی نەوتی عێراق بکات و داوایکردووە هەردوو وەزیری نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەبن.

جێی ئاماژەشە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق پێویستە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کەلە سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی پێکدێت؛ رەزامەندی بدەن. 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×