​"بۆ کێ شەڕ دەکەین؟".. نامە توندەکەی جۆ کێنت و بوومەلەرزە لە واشنتۆن
  2026-03-18       423       

ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەمریکا شایەتی گۆڕانکارییەکی گەورە بوون کە بە دیارترین ڕووداو دادەنرێت لە دوای دەسپێکی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران، ئەویش ڕاگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی کتوپڕی جۆ کێنت، بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بوو لە ڕۆژی سێشەممەدا.

ئاوێنە: ​ئەم دەستلەکارکێشانەوەیە تەنها جێهێشتنی پۆستێکی کارگێڕی نەبوو، بەڵکو نامەیەکی ڕاستەوخۆ بوو بۆ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕاگرتنی شەڕی سەر ئێران، کە کێنت وەک "تەڵەیەک" بۆ ئیدارەی ئەمریکا وەسفی کردووە.

​دیارترین خاڵەکانی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی کێنت:
​هەڵوێستی ویژدانی: کێنت ڕایگەیاندووە کە "بە ویژدانێکی ئاسوودەوە" ناتوانێت پاڵپشتی ئەم شەڕە بکات.

​نەبوونی هەڕەشە: ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران "هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ" نەبووە بۆ سەر ئەمریکا.
​فشاری دەرەکی: هۆکاری شەڕەکەی بۆ فشارەکانی ئیسرائیل و گروپە فشارە (لۆبی) ئەمریکییەکانی سەر بەو وڵاتە گەڕاندووەتەوە.

​یەکەم: جۆ کێنت کێیە؟
​جۆزێف کێنت (٤٥ ساڵ) سەربازێکی پێشووی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکایە و بەشداری لە ١١ ئەرکی جەنگیدا کردووە. دوای خزمەتی سەربازی لە دەزگای هەواڵگری ناوەندی (CIA) کاری کردووە. کێنت لە ساڵی ٢٠١٩دا هاوسەری یەکەمی (شانۆن کێنت) کە ئەندازیاری کۆدشکێن بوو لە سوپای ئەمریکا، لە هێرشێکی خۆکوژیدا لە سووریا لەدەستدا، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دیدگای ئەو بۆ شەڕ هەبووە.

​دووەم: کێنت و فاکتەری "ئەمریکا یەکەمجار"
​کێنت یەکێک بوو لەو کەسانەی لەگەڵ تۆڵسی گابارد و جەی دی ڤانس (جێگری سەرۆک) وەک باڵێکی ناو ئیدارەکە دەبینران کە گومانیان لە دەستوەردانی سەربازی ئەمریکا لە دەرەوە هەبوو. بەڵام هەڵگیرسانی شەڕی ئێران بووە هۆی درزکەوتنە ناو ئەم باڵە؛ کێنت دەستی لەکار کێشایەوە لە کاتێکدا ڤانس و گابارد بەردەوام بوون لە پاڵپشتیکردنی ترەمپ.

​سێیەم: کاردانەوەکان
​دۆناڵد ترەمپ: بە توندی هێرشی کردە سەر کێنت و وتی: "پێم وابوو پیاوێکی باشە، بەڵام دەرکەوت لە پرسە ئەمنییەکاندا لاوازە.. باش بوو کە ڕۆیشت."
​کۆنگرێس: مایک جۆنسۆن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، هەڵسەنگاندنەکەی کێنتی بە "هەڵەیەکی ڕوون" وەسف کرد.
​تاکەر کارڵسۆن: ڕۆژنامەنووسی ناسراوی ئەمریکی ستایشی کێنتی کرد و بە "ئازاترین پیاو" ناوی برد کە دەستبەرداری پۆستێکی باڵا بووە لەپێناو مەبدەئەکانیدا.

​چوارەم: تۆمەتی دژە جوو 
​بەهۆی ئەوەی کێنت ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە ئەمریکا کێش دەکات بۆ ناو شەڕێکی "کارەساتبار"، هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێس (لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات) تۆمەتباریان کرد بەوەی "قسەی دژە جوو" دەکات و ئیسرائیل دەکاتە "قوربانی" بۆ پاساوی دەستلەکارکێشانەوەکەی.

پێنجەم: بۆچی کێنت بە "دژە جوو"  تۆمەتبار کرا؟
​قسەکانی کێنت کە تێیدا ئیسرائیلی بە بەرپرسیار دەزانی لە پاڵنانی ئەمریکا بەرەو شەڕ، لەلایەن نەیارەکانییەوە بێدەنگی لێ نەکرا. ئەوان پێیان وایە ئەم قسانە ئاماژەی "دژە جوو"ی تێدایە، چونکە سەرکردەکانی ئیسرائیل وەک لایەنێک وێنا دەکات کە هەژموونێکی چەواشەکارانەیان بەسەر بڕیاری ئەمریکاوە هەیە.
​دۆن بیکۆن (پەرلەمانتاری کۆماری): لە یەکەمین ڕەخنەگرەکان بوو و لە پلاتفۆرمی (X) نووسی: "دژە جوو بوون شەڕێکە کە ڕقم لێیەتی، و بێگومان نامانەوێت لە ناو حکومەتەکەماندا هەبێت."
​جۆش گۆتایمەر (پەرلەمانتاری دیموکرات): کێنتی تۆمەتبار کرد بەوەی ئیسرائیلی کردووەتە "قوربانی"  و کەوتووەتە ناو "گوتارێکی قێزەونی دژە جوو"، هەروەها وتی کورتکردنەوەی شەڕەکە وەک "هەڵەی ئیسرائیل" تەحریفێکی دەمارگیرانەیە نەک ڕەفتارێکی سەرکردانە.

شەشەم: ئایا دەستلەکارکێشایەوەکەی کێنت کار دەکاتە سەر سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر ئێران؟
​شیکەرەوەکان پێیان وایە ئەم هەنگاوەی کێنت گەورەترین ڕەخنەی ناوخۆییە تا ئێستا دژی سیاسەتەکانی شەڕی ئەمریکا، بەڵام ڕەنگە بە تەنها نەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی کتوپڕ لە ستراتیژی سەربازیدا.
​پۆڵ کوێرک (پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان): ئاماژە بەوە دەکات کە ڕۆیشتنی کێنت دەریدەخات ڕەفتارەکانی ترەمپ "دژی ئامۆژگارییەکانی پسپۆڕانی سوپا و هەواڵگری و کاروباری دەرەوەیە". بەڵام گومانی هەیە کە کێنت بە تەنها بتوانێت بڕیاری ترەمپ بگۆڕێت.
​کاریگەرییە سیاسییەکان: کوێرک بۆ کەناڵی جەزیرە دەڵێت: "بە ئاسایی، دەستلەکارکێشایەوەی کەسایەتییەکی باڵا و دژایەتیکردنی ڕاستەوخۆی پاساوەکانی سەرۆک، گورزێکی بەهێزە بۆ ئیدارەکە. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەندامانی پارتەکەی خۆی لە کۆنگرێس گومان لە بڕیارەکانی سەرۆک بکەن."
​کایەی گشتی: دەستلەکارکێشانەوەکە لە کاتێکدایە کە ڕەخنەکان لە زیادبووندان؛ کوێرک پێی وایە قسەکانی کێنت بەڵگەیەکی نوێیە کە پاساوەکانی ترەمپ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران "لاواز بوون" و شەڕەکە بەبێ پلان و بە سەرکێشی هەڵگیرساوە. ڕەنگە ئەمە وەک "ئەو چڵە پووشە بێت کە پشتی وشتر دەشکێنێت" و کاریگەری لەسەر ئاستی جەماوەری ترەمپ و شەڕەکەش هەبێت.

حەوتەم: دەنگدەران چۆن دەڕواننە ئەم دەستلەکارکێشانەوەیە؟
​هەرچەندە پێناچێت دەستلەکارکێشانەوەی کێنت ستراتیژی سەربازی ئەمریکا بگۆڕێت، بەڵام شیکەرەوەکان دەڵێن ڕەنگە لێکەوتەی سیاسی هەبێت، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنە چارەنووسسازەکانی نیوەی خول.
​کاردانەوەی ڕەوتی ڕاستڕەو: چاودێران پێیان وایە ڕەخنەگرتنی کەسایەتییەک کە لە تەیاری لایەنگری ترەمپ بێت، کاریگەری دەبێت لەسەر ئاستی پشتیوانی لە هەندێک بازنەی ڕاستڕەودا.
​پێگەی کێنت لەناو "ماگا": مایک حەنا، پەیامنێری جەزیرە، ئاماژەی بەوە کردووە کە کێنت پێگەیەکی دیاری لەناو بزووتنەوەی (MAGA)دا هەیە. ئەمەش وای کردووە هەڵوێستەکەی بەرامبەر شەڕی ئێران ببێتە ئاماژەیەک بۆ بێ ئومێدبوونی لایەنگرانی ترەمپ بە گشتی.
​وتەی مایک حەنا: "کێنت تەنها فەرمانبەرێکی ئاسایی نییە کە ترەمپ داینابێت، ئەو جەنگاوەرێکی دێرینە و هەمیشە پشتیوانێکی سەرسەختی ترەمپ بووە. تۆمەتبارکردنی ئیسرائیل بەوەی کاریگەری لەسەر ترەمپ هەبووە بە زانیاری ناڕاست بۆ چوونە ناو ئەم شەڕە، لێدوانێکی زۆر توندە."

​دەقی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی جۆ کێنت:
​دوای بیرکردنەوەیەکی قووڵ، بڕیارم دا لە پۆستی بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەست لەکار بکێشمەوە، کە لە ئەمڕۆوە دەست پێ دەکات.
​من ناتوانم بە ویژدانێکی ئاسوودەوە پاڵپشتی ئەم شەڕە بکەم کە لە ئێران بەڕێوە دەچێت. ئێران هیچ هەڕەشەیەکی کتوپڕی بۆ سەر نەتەوەکەمان دروست نەکردبوو، و ڕوونە کە ئێمە بەهۆی فشارەکانی ئیسرائیل و گروپە فشارە ئەمریکییە بەهێزەکانی سەر بەوان، ئەم شەڕەمان دەست پێ کرد.
​من پاڵپشتی ئەو بەها و سیاسەتە دەرەکییانە دەکەم کە تۆ لە کەمپەینەکانی ٢٠١٦، ٢٠٢٠ و ٢٠٢٤ جەختت لێ کردەوە. تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥، تۆ دەزانیت کە شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەڵەیەک بوون کە ژیانی ڕۆڵە ئازیزەکانمانیان لێ سەندینەوە و سامانی نەتەوەکەمانیان بەفیڕۆ دا.
​لە ئیدارەی یەکەمتدا، لە هەموو سەرۆکەکانی تر باشتر تێگەیشتبوویت چۆن هێزی سەربازی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بەکاربهێنیت بەبێ ئەوەی تێوەمان بگلێنیت لە شەڕی بێکۆتایی؛ وەک کوشتنی قاسم سولەیمانی و تێکشکاندنی داعش.
​بەڵام لە سەرەتای ئەم ئیدارەیەدا، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و ئەندامانی کاریگەر لە میدیاکانی ئەمریکا کەمپەینێکی چەواشەکارییان دەست پێ کرد کە بەرنامەی "ئەمریکا یەکەمجار"ی تۆی لاواز کرد، تەنها بۆ ئەوەی هانت بدەن بۆ شەڕ دژی ئێران. ئەوان تۆیان فریودا تا وا بزانیت ئێران هەڕەشەیەکی کتوپڕە. ئەمە هەمان ئەو تاکتیکە بوو کە ئیسرائیلییەکان بەکاریان هێنا بۆ تێوەگلانی ئێمە لە شەڕی کارەساتباری عێراق. ناکرێت جارێکی تر ئەو هەڵەیە دووبارە بکەینەوە.
​وەک جەنگاوەرێکی دێرین کە بەشداری ١١ ئۆپەراسیۆنی قەتڵوبەندیم کردووە، و وەک هاوسەری "ئەستێرەی زێڕین" کە هاوسەرە ئازیزەکەم (شانۆن)م لە شەڕێکدا لەدەستدا کە ئیسرائیل دروستی کردبوو، ناتوانم پاڵپشتی ناردنی نەوەی داهاتوو بکەم بۆ شەڕ و مردن لە پێناو شتێکدا کە خزمەتی بەرژەوەندی گەلی ئەمریکا ناکات.
​داوات لێ دەکەم بیربکەیتەوە لەوەی لە ئێران چی دەکەین، و بۆ کێی دەکەین؟ کاتی بڕیاری بوێرانەیە. دەتوانیت ڕێڕەوەکە بگۆڕیت، یان ڕێگە بدەیت زیاتر بەرەو داڕمان و پشێوی بڕۆین. بڕیارەکە لە دەستی تۆدایە.
​جێگەی شانازی بوو بۆم کە لە ئیدارەکەتدا خزمەت بە نەتەوە گەورەکەمان بکەم.

​جۆزێف کێنت

بەڕێوەبەری دژەتیرۆری ئەمریکا

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×