​١٩ ڕاسپاردە بۆ ڕووماڵی میدیایی لە کاتی جەنگدا؛ ناوەندە میدیاییەکانی هەرێم لە سلێمانی کۆدەبنەوە
  2026-03-19       307       

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ ڕێکخستنی کاری میدیایی لە کاتی تەنگژە و جەنگدا، ڕێکخراوی (جاسەنە) ڕۆژی ١٦ی ئاداری ٢٠٢٦، بە بەشداریی بەڕێوەبەر و سەرنووسەرانی کەناڵە گەورەکانی ڕاگەیاندن، ئەکادیمیان و لایەنە ئەمنییەکان، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لە "کارگەی کولتوور"ی سلێمانی ئەنجامدا. کۆبوونەوەکە بە چەند ڕاسپاردەیەکی گرنگ کۆتایی هات کە ئاڕاستەی میدیاکاران و حکومەت کران:

​یەکەم: ڕاسپاردەکان بۆ میدیا و میدیاکاران (١٢ خاڵی سەرەکی)

​١. پاراستنی بێلایەنی: دەبێت میدیاکان وەک لایەنێکی بێلایەن بمێننەوە و هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە جەنگەکە وێنا نەکەن.

٢. ڕووماڵی نیشتمانی: ڕووماڵەکان دەبێت دوور بن لە ئەجێندای لایەنە بەشەڕهاتووەکان و بەرژەوەندی نیشتمانی لەبەرچاو بگرن.

٣. بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی: دوورکەوتنەوە لە بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و بەکارهێنانی زمانی هێورکەرەوە لەبری زمانی توندوتیژی.

٤. ڕووبەڕووبوونەوەی جەنگی دەروونی: میدیای پیشەیی نابێت ببێتە سەکۆی بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و زانیارییە ناڕاستەکانی ناو جەنگ.

٥. وردبینی لە سەرچاوە: دڵنیابوونەوەی تەواو لە ڕاستی زانیارییەکان پێش بڵاوکردنەوەیان.

٦. پاراستنی نهێنییە سەربازییەکان: قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی شوێنە هەستیارەکان و زانیارییە جوگرافییەکان کە دەبنە هۆی ئاسانکردنی ئامانجگرتنیان.

٧. ڕێزگرتن لە شکۆی مرۆیی: بڵاونەکردنەوەی وێنەی خوێناوی و پاراستنی ناسنامەی قوربانیان و ڕێزگرتن لە خێزانەکانیان.

٨. هاوسەنگی لە کاتی پەخش: تەرخانکردنی کاتی کەمتر بۆ جەنگ و گرنگیدان بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و کاتبەسەربردن بۆ ڕێگری لە پەککەوتنی سیستم و دەروونی کۆمەڵگە.

٩. بەرژەوەندی گشتی: دوورکەوتنەوە لە ململانێیە ناوخۆییە بچووکەکان کە زیان بە یەکڕیزی نیشتمانی دەگەیەنن.

١٠. گرنگیدان بە زیانە مەدەنییەکان: تیشک خستنە سەر ئەو زیانانەی بەر موڵک و ماڵی هاووڵاتیان و کەرتی خزمەتگوزاری دەکەون.

١١. پێگەیاندنی پەیامنێری جەنگ: ئەنجامدانی خولی تایبەت بۆ ئامادەکردنی ڕۆژنامەنووسان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی نائاسایی.

١٢. نیشانەی جیاکەرەوە: پۆشینی جلوبەرگی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسی (Press) بۆ پاراستنیان و جیاکردنەوەیان لە مەدەنی و سەربازی.

​دووەم: ڕاسپاردەکان بۆ حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان

​هەماهەنگی پێشوەختە: پێویستە حکومەت پێش دەرکردنی ڕێنماییە میدیاییەکان، ڕاوێژ بە دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن بکات.

​پەیڕەوکردنی یاسا: مامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان تەنها بەپێی یاسای ژمارە (٣٥)ی ساڵی ٢٠٠٧ی کاری ڕۆژنامەگەری بێت.

​پارێزبەندی یاسایی: پاراستنی ڕۆژنامەنووسان وەک "فەرمانبەری خزمەتی گشتی" و پەیڕەوکردنی ڕێککەوتننامەی جنێف کە وەک هاووڵاتی مەدەنی دەیانپارێزێت.

​نەکردنی جەنگ بە پاساو: نابێت بارودۆخی سەربازی بکرێتە بیانوو بۆ سەرکوتکردنی ئازادیی ڕادەربڕین.

​دەستڕاگەیشتن بە زانیاری: دابینکردنی زانیاری ڕاست و خێرا بۆ هەموو کەناڵەکان بەبێ جیاکاری.

​میدیای جەنگ لە زانکۆکان: وەزارەتی خوێندنی باڵا وانەی "میدیای جەنگی" بخاتە ناو پرۆگرامی بەشەکانی ڕاگەیاندن.

​چالاککردنی وتەبێژەکان: وتەبێژانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دەبێت بەردەوام زانیاری بدەنە میدیاکان بۆ ڕێگری لە دەنگۆ.

 

لایەنە بەشداربووەکان:

 

1- تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان

2- كەناڵی NRT

3- نوێنەری كەناڵی رووداو

4- نوێنەری كەناڵی 24

5-كەناڵی كوردسات

6- بەڕێوەبەری سەنتەری میدیاكانی پارتی لە سلێمانی

7- دەزگای میدیایی شارپرێس

8- رۆژنامە‌و ماڵپەڕی ئاوێنە

9- دامەزراوەی میدیایی خەندان 

10-كەناڵی ئاسمانیی SPEDA و رادیۆی  SPEDA FM

11- كەناڵی ئاسمانیی پەیام

12- دەزگای میدیایی وێستگە نیوز

13- تۆڕی میدیایی میدیایی خەڵك

14- دیجتاڵ میدیای KNN

15- دامەزراوەی میدیایی زەمەن پرێس

16- كۆمپانیای چەتر

17- سەنتەری راگەیاندنی روناكبیری ژنان

18- ماڵپەر‌و سۆشیاڵ میدیای تاف

19- كارگەی كولتووری سلێمانی

20- رادیۆ‌و تەلەفزیۆنی سلێمانی

21- دەزگای راگەیاندنی سپی

• نوێنەری دامەزراوەكان:

22- وتەبێژی ئاسایشی هەرێم.

23- بەرپرسرسی راگەیاندن‌و پەیوەنیدییەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت.

24- سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان.

  

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×