هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی رۆژهه‌ڵات: نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ بۆ خه‌ڵكی كوردستان مزگێنیده‌ری سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه‌
  2026-03-19       218       

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران له‌ په‌یامێكدا به‌ بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی نه‌ورۆزه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، هێرشه‌كانی رژێمی ئێران بۆ سه‌ر بنكه‌و باره‌گاكانیان، دوا په‌له‌قاژه‌كانی ئه‌و رژێمه‌یه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌دات كه‌ نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ بۆ خه‌ڵكی كوردستان مزگێنیده‌ری سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه‌ و ده‌شڵێت، نه‌ موشه‌كباران و تیرۆر و نه‌ هیچ چه‌شنه‌ گوشارێكی سیاسی و ئه‌منی، هه‌نگاوه‌كانیان شل ناكات.

ئاوێنه‌: هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، له‌ په‌یامێكدا به‌ بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی نوێی كوردییه‌وه‌، وتویه‌تی، رژێمی ئێران، ڕۆژانە بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە موشەک و درۆن بەئامانج دەگرێ؛ بەو مەبەست و خەیاڵەی ڕێی خەبات و تێکۆشان بۆ ڕزگارییان لێ بەربەست بکات. بەدڵنیاییەوە ئەو هێرشانە دوا پەلەقاژەکانی ڕژێمن لە قۆناغی سەرەمەرگدا، نەک نیشانەی بەهێزبون بەڵکو سەلمێنەری زەبونی و داماوییەتی.

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، نەورۆزی ئەمساڵ بۆ خەڵکی کوردستان مزگێنیدەری سەرکەوتنێکی گەورەیە. لە لایەک حیزبە خەباتکارەکانیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی سیاسیدا هێز و وزەی خەباتگێڕێیان ڕێکخستوە، لە لایەکی دیکەش هەمو چینوتوێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بەتایبەت ژنان بە لێبڕاوی و شێلگیرییەوە پشکی زیاتریان خستۆتە سەر خەرمانی دەسکەوتی خەباتی مافخوازانەمان.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌، لە بەرەبەری نەورۆزدا جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، نە موشەکباران و تێرۆر و نە هیچ چەشنە گوشارێکی سیاسی و ئەمنییەتی و تەنگپێهەڵچنین پێ بە هەنگاوەکانمان شل ناکا. هەروەها بە یەکڕیزی و هاوپەیمانیی سیاسیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات پێ دەنێینە قۆناغێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشانی پێکەوەییمان کە ئاسۆکانی سەرکەوتنمان بۆ نیزیکتر و ڕونتر دەکاتەوە.

هاوپه‌یمانییه‌كه‌ داواشی لە خەڵکی کوردستان بە هەمو چینوتوێژەکان كردوه‌ لە خەبات و تێکۆشانی خۆیان دژ بە کۆماری ئیسلامی بەردەوام و لە قۆناغی هەستیاری ئێستادا پارێزەری دەسکەوتەکانی خەباتی دەیان ساڵی ڕابردومان بن.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

پەیامی نەورۆزیی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

ئازادیخوازان و ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی!

نەورۆز بۆ کورد هەر وەرزی نوێبونەوەی سروشت نییە، بەڵکو ڕەمزی خەبات و خۆڕاگری، هەستانەوە و ژیانەوەیە. بۆنە نەورۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەمێژساڵە دەرفەتێک بوە بۆ بە گژداچونەوەی سیاسەت و نەریتەکانی کۆماری ئیسلامی و هەمو ساڵێك خەڵکی کوردستان بە هیممەتی چیایی و خۆڕاگریی ئازایانە و لەبڕاننەهاتویان چۆکیان بە خواست و ئیرادەی ڕێژیم داداوە. دەسکەوتەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەڕێوەبردنی بۆنە نەورۆزییەکان گرینگ و بەبایەخ بون، دەسکەوتێک کە ئاکامی خەبات و بەربەرەکانییەکی بەردرێژ و کۆڵنەدەرانەی دەیان ساڵەی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکانییەتی کە لەبەرانبەر هیچ چەشنە زەبروزەنگ و سەرکوت و بەکارهێنانی هەر جۆرە سیاسەت و پیلانێکی کۆماری ئیسلامیدا سەریان نەوی نەکردوەو کۆڵیان نەداوە.

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

ڕۆژەکانی کۆتایی ئەمساڵ لە کاتێکدا بەڕێ دەکەین کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاگری شەڕێکی ناوچەیی هەڵگیرساندوە. پێش ئەو شەڕەش هەزاران خۆپێشاندەری ناڕازیی لەسەر شەقامەکانی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران کوشت و هەزاران هەزار کەسی دیکەشی خستە بەندیخانەوە. ئەوە لە تەنیشت بەردەوامیی لە پێشێلکاریی سیستماتیکی هەمو مافە سیاسی، نەتەوەیی و مەدەنییەکانی کورد و بەوەش ژیانی کوردی لە سەر خاک و نیشتمانی خۆی کردوەتە دۆزەخ. هەر ئێستاش کە لە سۆنگەی سیاسەتە چەوتەکانی و پاڵپشتی لە تێرۆریزمی دەوڵەتی و هەڵگرتنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەو جیهان شەڕێکی گەورەی هەڵگیرساندوە؛ ڕۆژانە بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە موشەک و درۆن بەئامانج دەگرێ؛ بەو مەبەست و خەیاڵەی ڕێی خەبات و تێکۆشان بۆ ڕزگارییان لێ بەربەست بکات. بەدڵنیاییەوە ئەو هێرشانە دوا پەلەقاژەکانی ڕێژیم لە قۆناغی سەرەمەرگەو نەک نیشانەی بەهێزبون بەڵکو سەلمێنەری زەبونی و داماوییەتی.

نەورۆزی ئەمساڵ بۆ خەڵکی کوردستان مزگێنیدەری سەرکەوتنێکی گەورەیە. لە لایەک حیزبە خەباتکارەکانیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی سیاسیدا هێز و وزەی خەباتگێڕێیان ڕێکخستوە، لە لایەکی دیکەش هەمو چینوتوێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بەتایبەت ژنان بە لێبڕاوی و شێلگیرییەوە پشکی زیاتریان خستۆتە سەر خەرمانی دەسکەوتی خەباتی مافخوازانەمان.

لە بەرەبەری نەورۆزدا جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، نە موشەکباران و تێرۆر و نە هیچ چەشنە گوشارێکی سیاسی و ئەمنییەتی و تەنگپێهەڵچنین پێ بە هەنگاوەکانمان شل ناکا. هەروەها بە یەکڕیزی و هاوپەیمانیی سیاسیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات پێ دەنێینە قۆناغێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشانی پێکەوەییمان کە ئاسۆکانی سەرکەوتنمان بۆ نیزیکتر و ڕونتر دەکاتەوە.

وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێ لە خەڵکی کوردستان و نوێکردنەوەی پەیمانی وەفا لەگەڵ شەهیدانی کوردستان، بەتایبەت شەهیدانی ئەمدواییانەی ڕاپەڕینی بەفرانبار لە کرماشان و ئیلام و ناوچەکانی خواروتری کوردستان و هەروەها هێرشە موشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی داوا لە خەڵکی کوردستان بە هەمو چینوتوێژەکان دەکەین لە خەبات و تێکۆشانی خۆیان دژ بە کۆماری ئیسلامی بەردەوام و لە قۆناغی هەستیاری ئێستادا پارێزەری دەسکەوتەکانی خەباتی دەیان ساڵی ڕابردومان بن.

لە نەورۆزی ئەمساڵدا پەیمانی خەبات و خۆڕاگری نوێ دەکەینەوە، بە سەردانی بنەماڵەی شەهیدان یاد و ناوی ڕۆڵە جوامێرەکانی نیشتمانمان بەرز ڕادەگرین و بە پێداگری لەسەر ڕوحی یەکگری و هاوپەیمانیمان بەرەو لوتکەی سەرکەوتن هەنگاو دەنێین.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران

نەورۆزی ١٤٠٥ی هەتاوی به‌رامبه‌ر به‌  ٢٧٢٦ی کوردی

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×