رێكخراوی مافی مرۆڤی ههنگاو رایگهیاند، تاوهكو ئێستا 112 هێرشی موشەکی و درۆنی لەلایەن سوپای پاسداران و هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق كراونهته سهر پێگەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە شارو شارۆچكهكانی ههرێمی كوردستان.
ئاوێنه: رێكخراوی مافی مرۆڤی ههنگاو، ئهمرۆ پێنجشهممه، له راپۆرتێكی ئاماری هێرشهكانی سوپای پاسدارانی ئێران و میلیشیاكانی سهربهو وڵاتهی له عێراق بۆ سهر پێگهی حزبهكانی رۆژههڵاتی كوردستان له ههرێم ئاشكراكرد.
رێكخراوهكه وتویهتی، بەپێی ئامارەكان تا ئێستا 112 هێرشی موشەکی و درۆنی لەلایەن سوپای پاسداران و هێزە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق بۆ سەر پێگەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە شارەکانی سلێمانی، دوکان، کۆیە، دێگەڵە، بەحرکە، سۆران و خەبات تۆمار کراون.
ههنگاو وتوشیهتی، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، باڵەخانەکانی شوێنی نیشتەجێبونی بنەماڵەکان، قوتابخانەکان، ناوەندە تەندروستییەکان و کتێبخانە کراونەتە ئامانج.
بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، لە کۆی 112 هێرشی تۆمارکراو، زۆرترین ژمارەی هێرشەکان ڕویان لە کەمپەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوە. پارتی ئازادیی کوردستان (PAK)، حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستانی ئێران، حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێرانیش بەپێی ڕیزبەندی کراونەتە ئامانجی زۆرترین هێرشەکان.
هێمای بۆ ئهوهش كردوه، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا تا كۆتایی ئهمڕۆ لانیکەم پێنج پێشمەرگە شههیدبون و زیاتر لە 20 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بون کە باری تەندروستییان بە جێگیر ڕاگەیەندراوە.
بهگوێرهی راپۆرتهكهی روداو، ناسنامەی ئهو پێنج پێشمهرگهیهی كه شههیدبون بهم جۆرهیه:
١. جەلال ڕەشیدی: خەڵکی سەقز، خێزاندار و پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک). شوێنی گیانبەختکردن: هەولێر.
٢. ئیسماعیل ڕەحیمی: خەڵکی سەقز، سەڵت و پێشمەرگەی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران. شوێنی گیانبەختکردن: سلێمانی.
٣. ئومێد وەیسی: خەڵکی ڕوانسەر، سەڵت و پێشمەرگەی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران. شوێنی گیانبەختکردن: سلێمانی.
٤. ئیقباڵ ساڵحی: خەڵکی سەقز، خێزاندار و پێشمەرگەی ڕێکخراوی خەباتی کوردستان. شوێنی گیانبەختکردن: هەولێر.
٥. فەخرەدین مرادی: خەڵکی سنە، خێزاندار و پێشمەرگەی ڕێکخراوی خەباتی کوردستان. شوێنی گیانبەختکردن: هەولێر.
بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، لە ماوەی شەپۆلی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی ئەمدوایییەدا چەندین کەمپی مەدەنی و شوێنی نیشتەجێبونی بنەماڵەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر کراونەتە ئامانج. لەوانە: کەمپی مەدەنیی سورداش لە شاری دوکان، پارێزگای سلێمانی. کەمپە مەدەنییەکانی ئازادی، ئەمیرییە و زەوییەسپێ لە شاری کۆیە لە پارێزگای هەولێر. ئۆردوگا مەدەنییەکان لە زڕگوێز و زڕگوێزەڵە لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی. کەمپی مەدەنی لە شارۆچكهی دێگەڵە، پارێزگای هەولێر. کەمپی مەدەنیی جێژنیکان لە شارۆچكهی بەحرکە سەر بە پارێزگای هەولێر. کەمپی مەدەنیی پاکشار لە شاری دێگەڵە، پارێزگای هەولێر. کەمپی مەدەنیی باشیکی سازمانی خەبات لە هەولێر.
وتوشیهتی، هەروەها یەکێک لە ئامانجە دیارەکانی ئەم شەپۆلە لە هێرشەکان، ماڵی بنەماڵەی یەکێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی تەها دادلی لە شاری سۆران بو کە بە درۆنێکی خۆکوژی سوپای پاسداران کراویە ئامانج. ئەمە یەکەم جارە کە لە ناو شارەکان و ناوچە نیشتەجێبونەکاندا، ماڵی ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان بە درۆن دەکرێتە ئامانج و ئەمەش نیشاندەری گۆڕینی ڕێکاری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە کردنه ئامانجی ڕاستەوخۆی ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان لە هەرێمی کوردستاندا.
راپۆرتە مەیدانییەکانی هەنگاو پشتڕاستی دەکەنەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاساکانی شەڕ، دەیان شوێنی نیشتەجێبون، لەوانە ماڵی بنەماڵەکان، قوتابخانەی منداڵە پەنابەرەکان، ناوەندە تەندروستییەکان و کتێبخانەی کردوەتە ئامانج و دەستڕاگەیشتنی بە خزمەتگوزارییە سەرەتایییەکانی وەک پەروەردە و چارەسەری بۆ منداڵان و بنەماڵەکان و ئەندامانی ئەم حیزبانە پەکخستوه.
هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامیی ئەم هێرشانە و کردنە ئامانجی پەنابەرە سیاسییەکان، نمونەی بەرچاوی تاوانی جەنگی و پێشێلکردنی ڕاشکاوی کۆنڤانسیۆنی چوارەمی ژنێڤە. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان وەک گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ ناوچەیییەکان، ئاسایشی گیانی هەزاران مرۆڤ لەوانە ژنان و منداڵانی خستوەتە مەترسییەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی، ڕاپۆرتنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە کاروباری ئێران و ناوەندە داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤ دەکات، بەرانبەر بە دەستدرێژییە سنوربەزێنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کاردانەوەی خێرایان هەبێت و بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان هەنگاوی خێرا بنێن.