جێگری وەزیری بەرگری سوریا رایگەیاند، لە حەلەب بەشێک لە هاوڵاتییانی شارۆچکەکانی ئەو ناوچەیە تووشی لێدان و سوکایەتی کردن بوونەتەوە، دەشڵێت "هەرکەسێک سوکایەتی بە ئاڵای سوریا بکات یان هێرش بکاتە سەر کورد و سیمبولەکانیان؛ لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت".
ئاوێنە: سیپان حەمۆ، جێگری وەزیری بەرگری سوریا لەسەر ڕووداوەکانی ئەم ئێوارەیەی عەفرین کە هێرش کرایەسەر ژمارەیەک هاوڵاتیی کورد و سوکایەتییان بە سیمبولەکانی کورد کرد ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "بەهۆی ڕووداوێکی تاکەکەسی، گەلی کورد لە حەلەب و بەشێک لە قەزاکانی تووشی لێدان و سوکایەتی کردن بووە، ڕوونبووەتەوە کە هەندێک چاوەڕێی ڕووداوی تاکەکەسی لەم جۆرەن بۆ ئەوەی ناتەبایی لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی سوریادا بچێنن".
حەمۆ وتوشیەتی "داوا لە نیشتمانپەروەران دەکەم کە ئارام بگرن و پابەندبن بە ڕۆحی نەتەوەییەوە و نەکێشرێنە ناو ململانێ".
ئاماژەی بەوەشداوە، "پشتڕاستی دەکەینەوە کە ئەوانەی ئاڵای سوریایان لە شاری کۆبانی دابەزاند و ئەوانەی سوکایەتی بە گەلی کورد و سیمبولەکانیان دەکەن هەمان بیرکردنەوەیان هەیە کە ئامانج لێی دووبەرەکی و ناتەباییە".
لە راگەیەندراوی جێگری وەزیری بەرگری سوریادا ئەوەش هاتووە "پێویستە هەموومان پێکەوە دژی ئەو کارە قبوڵنەکراوانە بووەستین و کاربکەین بۆ بەهێزکردنی یەکێتی نەتەوەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان هەموو سوورییەکاندا".
هاوکات داواش لە هەموو لایەک دەکات کە لە ماڵەوە بمێننەوە، بەردەوام بن لە سەردانکردنی ئازیزانیان و ڕێز لە یەکتر بگرن سەرەڕای جیاوازی نەتەوە و ئایینەکان.
سیپان حەمۆ جەختیشیکردووەتەوە، هەرکەسێک سوکایەتی بە ئاڵای سوریا بکات یان هێرش بکاتەسەر کورد و سیمبولەکانیان لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.