وەزارەتی پێشمەرگە، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە یەکێک لە بارەگاکانی لە قەزای چەمچەماڵ سەر بە پارێزگای سلێمانی، ڕووبەڕووی هێرشێکی نوێ بووەتەوە لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە.
ئاوێنە: وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا، ئاماژەی بەوە کردووە: "شەوی ڕابردوو گروپە تیرۆریستییە لەیاسا دەرچووەکان جارێکی دیکە دەستیان داوەتە کارێکی تێکدەرانە و لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگەیان لە سنووری قەزای چەمچەماڵ کردووەتە ئامانج."
هەروەها ڕایگەیاندووە: "ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە دەکەین کە ئامانجی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە"، جەختیشی کردووەتەوە کە "دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرگە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە گشتی بە قۆناغێکی هەستیار و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت."
وەزارەتی پێشمەرگە جارێکی دیکە داوای لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد کە سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە بێ پاساوانە دابنێت کە بارەگاکانی پێشمەرگە دەکەنە ئامانج.