ئه‌حمه‌د شه‌رع: نه‌ورۆز جه‌ژنێكی نیشتمانییه‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی پێكهاته‌ی كورده‌
  2026-03-22       370       

ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی راگوزه‌ری سوریا له‌میانی پێشوازیكردنیدا له‌ وه‌فدێكی چین و توێژه‌كانی پێكهاته‌ی كورد رایگه‌یاند، نه‌ورۆز جه‌ژنێكی نیشتمانییه‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی پێكهاته‌ی كورده‌.

ئاوێنه‌: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری سوریا، رۆژی شه‌ممه‌، ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی راگوزه‌ری سوریا له‌ كۆشكی گه‌ل له‌ دیمه‌شق، به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی ره‌مه‌زان و جه‌ژنی نه‌وروزه‌وه‌ پێشوازی كردوه‌ له‌ وه‌فدێكی پێكهاته‌ی كورد به‌ ئاماده‌بونی پارێزگاره‌كانی حه‌ڵه‌ب و ره‌ققه‌و حه‌سه‌كه‌ و هره‌وه‌ها نێرده‌ی سه‌رۆكایه‌تی سوریا بۆ چاودێریكردنی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ی 29ی كانونی دوه‌م له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، ئه‌حمه‌د شه‌رع وتویه‌تی، نه‌ورۆز جه‌ژنێكی نیشتمانییه‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی گه‌لی كورده‌و گه‌لی سوریاش یه‌كه‌.

شه‌رع جه‌ختی كردۆته‌وه‌ كه‌ گه‌ره‌نتیكردنی مافه‌كانی پێكهاته‌ی كورد، مافێكی سروشتییه‌و فره‌چه‌شنی كولتوری له‌ سوریا، سه‌رچاوه‌ی هێزه‌. هه‌روه‌ها پشتیوانی خۆیشی بۆ په‌ره‌پێدانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی وڵات نیشاندا.

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، لای خۆیانه‌وه‌ وه‌فده‌كه‌ی پێكهاته‌ی كورد ستایشی ئه‌و مه‌رسومه‌ كۆمارییه‌یان كرد كه‌ بۆ گه‌ره‌نتیكردنی مافه‌كانی كورد له‌ سوریا ده‌رچوه‌و جه‌ختیان له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی و به‌هێزكردنی به‌شداریی و كۆنترۆڵكردنی چه‌ك له‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا كرده‌وه‌.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×