نرخەکانی زێڕ لە مامەڵە سەرەتاییەکانی ڕۆژی دوشەممەدا بە ڕێژەی زیاتر لە 3% دابەزینیان بەخۆوە بینی، و نزمترین ئاستی خۆیان لە ماوەی نزیکەی چوار مانگی ڕابردودا تۆمارکرد. ئەمەش بەهۆی هەڵکشانی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بوە هۆی دروستبونی مەترسی سەبارەت بە هەڵاوسان و پێشبینییەکان بۆ بەرزبونەوەی ڕێژەی سودی بانکی لەسەر ئاستی جیهان.
ئاوێنە: نرخی زێڕ لە مامەڵە دەستبەجێکاندا (Spot) بە ڕێژەی 3.3% دابەزی بۆ 4340 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک تا کاتژمێر ٠1:00 بەکاتی گێرێنتش، بەمەش بۆ نۆیەمین دانیشتن لەسەریەک بەردەوام بو لە دابەزین.
ئەم کانزا زەردە کە ئەمڕۆ دوشەممە بۆ نزمترین ئاستی لە دوای 2ی کانوونی دوەمەوە دابەزی، لە هەفتەی ڕابردودا زیاتر لە 10%ی بەهای خۆی لەدەستدا. هەروەها گرێبەستە دواخراوەکانی ئەمریکا (Futures) بۆ مانگی (نیسان/4) بە ڕێژەی 5% دابەزی بۆ 4347 دۆلار، بەپێی داتاکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز.
لە پەرەسەندنێکی جەنگی سێ هەفتەی ڕابردودا، ئێران دوێنێ یەکشەممە ڕایگەیاند کە تۆڕەکانی وزە و ئاوی وڵاتانی دراوسێی لە کەنداو بۆردومان دەکات، وەک وەڵامێک بۆ هەڕەشەکەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ کە ڕۆژی پێشتر گوتبوی لە ماوەی 48 کاتژمێردا هێرش دەکاتە سەر تۆڕی کارەبای ئێران.
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر وێستگەکانی کارەبای ئێران بکرێنە ئامانج، گەروی هورمز بە تەواوی دادەخرێت و ناکرێتەوە تاوەکو ئەو وێستگە مەدەنیانەی وێرانکراون سەرلەنوێ بونیاد دەنرێنەوە.
هاوکات نرخەکانی نەوت لە سەروی 110 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مانەوە، لەکاتێکدا وەبەرهێنەران هەڵسەنگاندن دەکەن بۆ هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ کردنە ئامانجی دامەزراوەکانی وزە کە ڕەنگە ببێتە هۆی پەرەسەندنی جەنگ، و لەلایەکی تریشەوە ئەگەری خستنەبازاڕی ملیۆنان بەرمیل نەوتی ئێرانی کە لەناو دەریاکاندایە.
داخستنی گەروی هورمز بووە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوتی خاو، ئەمەش هەڵاوسانی زیاتر کرد بەهۆی بەرزبونەوەی تێچوی گواستنەوە و پیشەسازی.
لە کاتێکدا کە بەرزبونەوەی هەڵاوسان بە شێوەیەکی ئاسایی سەرنجڕاکێشیی زێڕ زیاد دەکات وەک ئامرازێک بۆ خۆپاراستن، بەڵام بەرزبونەوەی ڕێژەی سودی بانکی داواکاری لەسەر ئەو سەرمایانە کەمدەکاتەوە کە سودیان (Yield) نییە.
لە هەمان کاتدا، پێشبینییەکانی بازاڕ بۆ ئەوەی بانکی ناوەندی ئەمریکا (فیدراڵ یەدەگ) ڕێژەی سود لەمساڵدا بەرز بکاتەوە زیادیان کردوە، بەپێی ئامرازی (FedWatch)ی سەر بە گرووپی CME، ئێستا ئەمە وەک ئەگەرێکی زۆر بەهێزتر دەبینرێت وەک لە کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود، چونکە گرێبەستە دواخراوەکانی ڕێژەی سوود ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودیان تا مانگی کانوونی یەکەم بە ٢٧٪ خەمڵاندووە.