نارین ئاخین، ئەو شەڕڤانە گەنجەی یەکینەکانی پاراستنی ژن (YPJ)، کە بۆ ماوەی دوو مانگ لە زیندانەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە "جۆلانی" لە دێرەزوور بەدیل گیرابوو، دوای ئازادبوونی بە جلوبەرگی سەربازییەوە دەرکەوتەوە و پەیامێکی پڕ لە ئیرادەی ئاراستەی جیهان و ژنانی تێکۆشەر کرد.
ئاوێنە: نارین و هاوڕێکەی "ئامارە ئینتیقام"، دوو کچی عەرەبی خەڵکی منبجن کە لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو لە کاتی هێرشەکانی دێرەزووردا بەدیل گیران. لەو کاتەدا گرتە ڤیدیۆییەکانیان بڵاوکرایەوە کە تێیدا چەتەکان بە شێوازێکی دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆیی، نارینیان وەک "دیارییەک بۆ ئەبو موجاهید" ناودەبرد، بە ئامانجی شکاندنی شکۆی ژن و ئیرادەی شەڕڤانان.
نارین دەربارەی ئەو ساتانە دەڵێت: "ئەوان پێیان وابوو بەو ناوزەدکردنە دەمانوەستێنن و ئیرادەی ژن لەناودەبەن، بەڵام من لەناو زینداندا هەرگیز هیوام لەدەستنەدا و دەمزانی دەگەڕێمەوە ئەو شوێنەی کە تێیدا خۆم دۆزیوەتەوە."
نارین ئاخین کە لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە بڕیاریدا پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەپەژەوە بکات، ئەم هەنگاوەی وەک ڕاپەڕینێک دژی ژیانی نەریتی و ئەو چوارچێوە چەقبەستووانە دەبینێت کە بەسەر ژناندا دەسەپێنران. ئەو دەڵێت: "ویستم ببمە پارێزەری وڵاتەکەم و لەناو یەپەژەدا دەرفەتم بۆ ناسینی خۆم و بونیاتنانی ناسنامەیەکی نوێ دۆزییەوە."
دوای ئەوەی لە ١٩ـی ئادار و لە پرۆسەی گۆڕینەوەی دیلەکاندا ئازاد کرا، نارین یەکسەر گەڕایەوە ناو ڕیزەکانی یەپەژە. ئەو ئێستا بە سەربەرزییەوە دەڵێت: "ئەو رۆژە بە منیان دەگوت 'دیاری'، بەڵام ئەمڕۆ بە جلوبەرگی سەربازی و بە هێزێکی زیاترەوە لەبەردەم ئێوەدام. پەیامم بۆ هەموو ژنانی تێکۆشەر لە کایە جیاوازەکاندا ئەوەیە: با باوەڕبەخۆبوونتان لە هەموو شتێک بەهێزتر بێت."
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا و جۆلانی، لە کاتی هێرشەکانیاندا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، چەندین تاوانی جەنگیان دژ بە ژنان ئەنجامداوە، بەڵام نموونەی وەک نارین ئاخین نیشانی دەدات کە ناسنامەی ژنی ئازاد بە گرتن و هەڕەشە تێناشکێت.