سەبارەت بەو هەواڵانەی دوێنێ لە چەند میدیایەکی کوردییەوە دەربارەی ڕۆمانی "دیوارەکان دەچرپێنن" نووسینی خاتوو چۆمان هەردی بڵاوکرانەوە، بە پێویستمان زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بخەینە ڕوو:
١. ڕاستکردنەوەی زانیارییەکان
لە هەندێک پۆست و هەواڵدا وا بڵاوکراوەتەوە کە گوایە ئەم کتێبە بووەتە یەکێک لە پڕفرۆشترین کتێبەکان لەسەر ئاستی بەریتانیا. ئێمە لە "ئەفسانە پرێس" و خودی نووسەریش، بە هیچ شێوەیەک بانگەشەیەکمان لەو شێوەیە نەکردووە. بنەمای ئەم هەواڵە تێگەیشتنێکی هەڵە بووە بۆ پۆستێکی سۆشیاڵ میدیای ئێمە، کە تێیدا ئاماژەمان بەوە دابوو: "ئەم ڕۆمانە دوای سێ ساڵ لە بڵاوبوونەوەی، هێشتا یەکێکە لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی دەزگای ئەفسانە پرێس خۆی"، نەک لەسەر ئاستی بازاڕی گشتیی بەریتانیا.
٢. ناسنامەی ئەفسانە پرێس
هەرچەندە ناوەندەکەی ئێمە لە بەریتانیا جێگیرە و وەک کۆمپانیایەکی بەریتانی کار دەکات، بەڵام هەرگیز بانگەشەی ئەوەمان نەکردووە کە ناوەندێکی گەورە و باڵادیستی کولتووریی ئەو وڵاتەین. ئێمە پڕۆژەیەکی نوێین و لە هەنگاوی سەرەتاداین؛ ئامانجمان خزمەتکردنی کولتووری کوردی و گەیاندنی بەرهەمە ئەدەبییەکانە بە خوێنەرانی جیهان، هەر وەک چۆن نیوەی بڵاوکراوەکانمان تایبەتن بە کورد و نووسەرانی کورد (لەوانە چاپی بەریتانیی ڕۆمانی 'دواهەمین هەناری دونیا'ی بەختیار عەلی).
٣. گلەیی و داواکاری
جێگای داخی زۆرە کە لە پەراوێزی ئەم هەواڵەدا، هەندێک کەس لە سۆشیاڵ میدیا پەنایان بۆ ناوزڕاندن و هێرشکردنە سەر دەزگاکەمان و نووسەرەکانمان بردووە. ئێمە دەستخۆشی لەو میدیایانە دەکەین کە لە خەمخۆرییەوە هەواڵەکەیان بڵاوکردووەتەوە، بەڵام داوایان لێدەکەین بەپێی ئەم ڕوونکردنەوەیە زانیارییەکان ڕاست بکەنەوە.
٤. پەیامی کۆتایی
ئەفسانە پرێس خەونێکی گەورەی ئەدەبی و کولتوورییە کە لە شارۆچکەی (فۆڵکستن)ی بەریتانیاوە لەلایەن گۆران باباعەلی و ئەلێکساندرا مارکۆڤیچـەوە بەڕێوە دەبرێت. ئێمە پێویستمان بە پشتگیریی نووسەران، خوێنەران و میدیاکانە بۆ ئەوەی پێکەوە کارەکانمان بگەیەنینە ئاستی جیهانی، نەک هێرشکردن و ساردکردنەوەی دەزگایەک کە خزمەت بە ناسنامەی کوردی دەکات.
بۆ وردەکاری زیاتر لەسەر کار و پڕۆژەکانمان، لە داهاتوویەکی نزیکدا زانیاری زیاتر بڵاو دەکەینەوە.
لەگەڵ ڕێزدا..
گۆران باباعەلی
دامەزرێنەری ئەفسانە پرێس