سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر ئەوان بێدەنگ ببن لەئاست ناڕەزایەتییەکان؛ ناڕازییەکانیش بێدەنگ دەبن، هەروەها دەشڵێت "پارتی و ئەوانەی سەر بە پارتین دژی رێککەوتنی نێوان ئێمە و یەکێتییە".
ئاوێنە: شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی "کە من بێدەنگ بم هەموو هێزە ناڕازیی و بەناو ناڕازییەکانیش بێدەنگ دەبن کە قسەش دەکەم هەموویان قسە بە ئێمە دەڵێن لەبری بە یەکێتی و پارتی بڵێن".
وتیشی "پارتی حەزدەکات هەرچی جومگەکانی وڵاتە بەدەست خۆیەوە بێت و نەوت بفرۆشێت پارەکەی نەگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت و حەزدەکات هەموو دامەزراوەکان بەدەست خۆی بێت و پەرلەمان نەبێت و کەسیش لێی نەپرسێتەوە".
سەرۆکی جوڵانەوەکە باسی ئەو رێککەوتنەیان دەکات کە لەگەڵ یەکێتی کردوومانە و دەڵێت بۆ "بەرژەوەندیی خەڵکە و نەکرێت ئێمە بە سەربەرزانە لە رێککەوتنەکە دەچینەدەرێ، پارتی و ئەوانەی سەر بە پارتین دژی رێککەوتنی نێوان ئێمە و یەکێتییە".
"رۆژانە لە بەغداوە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت دێتە هەرێمی کوردستان بۆی بکرێت بە بەنزین و لیتری بدرێت بە ٤٥٠ دینار، بەڵام نەکراوە و دەدزرێت، فراکسیۆنەکەمان لە بەغدا کار بۆ گێڕانەوەی ئەو نەوتە دەکات". شاسوار عەبدولواحید وای وت