ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان ٢١ مەتر بەرزبووەتەوە و ٢٠ بەنداوی دیکە سەرڕێژ بوون
  2026-03-29       338       

شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین کە ماوەی چەند ڕۆژێکە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، گۆڕانکاریی گەورەی لە سەرچاوە ئاوییەکاندا دروست کردووە، بەپێی ئامارەکان، رێژەی بارانبارین لە هەندێک ناوچە گەیشتووەتە سێ هێندەی ساڵی ڕابردوو، ئەمەش بووەتە هۆی ڕەوینەوەی تەواوەتی مەترسی وشکەساڵی و نزیکبوونەوەی بەنداوە گەورەکان لە قۆناغی سەرڕێژبوون.

ئاوێنە: ​سەبارەت بە دۆخی گەورەترین بەنداوی هەرێم، کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان ڕایگەیاند: "لە دوای ١٥ی ئەم مانگەوە، ئاستی ئاوی بەنداوەکە بەهۆی شەپۆلە دوایەیەکەکانەوە زیاتر لە ٥ مەتر زیادی کردووە." ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سەرەتای وەرزی پایزەوە تا ئێستا، کۆی گشتی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو گەیشتووەتە ٢١ مەتر، و لە ئێستاشدا تەنها ١٠ مەتری ماوە بۆ ئەوەی بەنداوەکە بە تەواوی سەرڕێژ بێت.

​بەڕێوەبەری بەنداوەکە روونیشیکردەوە کە لە ئێستادا زیاتر لە (٣.٧) ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی دوکاندا کۆبووەتەوە و بەهۆی بەردەوامی بارانبارین و توانەوەی بەفر، ڕۆژانە ئاستی ئاوەکە (٤٠ بۆ ٥٠) سانتیمەتر زیاد دەکات. پێشبینیش دەکرێت لە مانگی نیساندا (مانگی ٤) ئەگەر شەپۆلی دیکەی باران روو لە ناوچەکە بکات، بەنداوەکە بگاتە لوتکەی توانای گلدانەوەی خۆی.

​ئەوەشی خستەڕو، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ٢٠ بەنداوی بچووک و مامناوەند لە سەرتاسەری هەرێم بە تەواوی سەرڕێژ بوون. هەروەها بەنداوی دەربەندیخان (٢.٣) ملیار مەتر سێجا و بەنداوی دهۆک (٤٧) ملیۆن مەتر سێجا ئاویان تێدایە و هەردووکیان لە ژێر پلانێکی زانستیدا بەرەو پڕبوون دەچن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×