“میلیشاکان بۆ سەرکوتکردنی خەڵک لە شەقامەکانی ئێران جێگیرکران”
  2026-03-30       298       

بەپێی ڕاپۆرتێکی "دەنگی دەستگیراوانی کورد و ئێران"، لەم دواییانەدا جموجۆڵ و بڵاوبوونەوەی میلیشیا شیعە چەکدارەکان، لەوانەش حەشدی شەعبی و "زەینەبیون"، لە شەقامەکانی شارە جیاوازەکانی ئێران و ناوچە سنوورییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

ئاوێنە: ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم هێزانە بەتایبەتی لە شاری چابەهار لە باشووری پارێزگای سیستان و بەلوچستان بازگەیان داناوە. ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو چەکدارانە شارەزای زمانی فارسی و بەلوچی نین و بەشێوەیەکی نەشیاو و پێشێلکارانە پشکنینی جەستەیی بۆ هاووڵاتییان و ئۆتۆمبێلەکانیان دەکەن.

هەندێک جار ئەم میلیشیایانە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و هەندێک جاریش هاوشانی هێزە ناوخۆییەکان کار دەکەن. پێشتریش ئەم چەکدارانە شانبەشانی هێزەکانی "فاتمیون" لە ناوچە جیاوازەکانی سیستان و بەلوچستان بینراون و تەنانەت تێکەڵ بە هەندێک پڕۆژەی ئابووریی ناوچەکەش کراون.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، هێزەکانی حەشدی شەعبی بە بەرزکردنەوەی ئاڵای عێراق و ئێرانەوە، لە شاری بەسرەوە چوونەتە ناو خاکی ئێران و لە شارەکانی وەک خوڕەمشەهر (موحەمەرە) و ئابادان جێگیر کراون. هەرچەندە بیانووی چوونی ئەم هێزانە بۆ ناو ئێران وەک "گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی" ناسێنراوە، بەڵام چاودێران پێیان وایە پاڵنەری پشت ئەم هەنگاوە لە دابینکردنی فریاگوزاری زیاترە و ئامانجی دیکەی لە پشتە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لە ڕژێمی ئێران و حەشدی شەعبی، پێشینەیەکی خوێناوی و ئاشکرایان لە سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەرانی کورد و ئێرانیدا هەیە. پێشتریش ڕۆڵیان پێدرابوو لە چاودێریکردنی خوێندکاران لە ناو زانکۆکانی ئێران و سەپاندنی فشاری زیاتر و سووکایەتیکردن بە ژنان بە بیانووی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشیی زۆرەملێ.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×