بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرۆسەی دابەشکردنی سەبەتەی دووەمی بەشەخۆراکی ئەمساڵ دەست پێ بکات و لە سبەینێوە ڕێکارە کارگێڕی و داراییەکان بۆ ئەو مەبەستە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاوێنە: دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراکی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە ٣١ی ئادار، ڕایگەیاند: "بەمنزیکانە دەست دەکرێت بە دابەشکردنی سەبەتەی دووەمی بەشەخۆراکی ساڵی ٢٠٢٦ و بۆ ئەم مەبەستەش بریکارەکان ئاگادار کراونەتەوە."
بەڕێوەبەری بازرگانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، کە بریکارەکانی خۆراک دەتوانن لە سبەی چوارشەممەوە سەردانی "بانکی جنوب ئیسلامی" بکەن، بە مەبەستی خستنە سەرەو و بارگاوی کردنی ڤیزە کارتەکانیان بە پارەی پێویست.
سەبارەت بە بڕی تێچووەکەش، دلێر عەبدولواحید ڕوونی کردەوە کە ڕێژەی ئەو پارەیەی دەخرێتە سەر ڤیزە کارتەکان، هاوشێوەی مانگی ڕابردوو دەبێت و هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نەکراوە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە سبەی یەکی نیسانە و دەچینە مانگی چوارەمەوە، بەڵام حکومەتی عێراق تا ئێستە تەنیا یەک سەبەتەی بەشەخۆراکی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش کردووە.