ئایا بۆرخێس بەڕاستی بوونی هەبوو؟
  2026-03-31       221       
ئەنتۆنیۆ تابوکی

نووسینی: ئەنتۆنیۆ تابوکی

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

ماوەیەکی کەم لەمەوبەر، گۆڤارێکی فەڕەنسی هەواڵێکی سەرنجڕاکێشی بڵاو کردەوە، هەواڵی ئەوەی خۆرخێ لویس بۆرخێس، بوونی نییە. ئەو کەسایەتییەی بەو ناوە ناسراوە، لە ڕاستیدا لە داهێنانی ژمارەیەک لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی ئەرژەنتینی زیاتر نەبوو (بێگومان لەناویشیاندا بیۆی کاسارێس)، لە کاتێکدا کە خۆیان لە پشت دەمامکی کەسایەتییەکی خەیاڵییەوە شاردبووەوە، کارێکی ئەدەبیی هاوبەشیان بڵاو کردەوە. ئەو کەسایەتییەش کە بە بۆرخێس ناسراوە، ئەو کابرا کوێری پیری گۆچان بە دەستەی خەندەیەکی تاڵ لەسەر ڕووخسارێتی، هونەرمەندێکی نمرە سێی بە بنەچە ئیتاڵییە (خودی گۆڤارەکە خۆی، ناوی هونەرمەندە ئیتاڵییەکەی هێناوە، بەڵام من ناوەکەیم لە بیر چووەتەوە )، لە بنەڕەتدا پەیوەندیی بە گاڵتەیەکەوە هەبوو، لە دواییدا کەوتە داوی کەسایەتییەکەیەوە و، بەم شێوەیە خۆی دا بە دەستەوە و لە کۆتاییدا بوو بە بۆرخێسێکی ڕاستەقینە.

هەواڵەکە بە شێوازێکی بۆرخێسییانە گێڕدرایەوە و، ڕەنگە خۆی لە خۆیدا سەرنجڕاکێش بێت ئەگەر دەسبەجێ بیرت بۆ ئەوە بچێت کەسی دیکە لە پشت ئەم پڕوپاگەندەیەوە نییە خودی بۆرخێس خۆی نەبێت کە پڕوپاگەندەکەی بڵاو کردەوە. وێڕای ئەوە، لەو کاتەدا مشتومڕێک دروست بوو بۆ ڕۆژگارێکی کۆن دەگەڕێتەوە، کاتێک دۆخەکەی بۆرخێس لە ئەوروپا تەقییەوە، وەک ئاشکرایە لە بنەڕەتی ڕووداوەکاندا ڕۆژێ کایوا-ی گەورە ئاشکراکاری ئەدەب هەبوو: لە کۆتاییدا نووسەرێکی سەرسوڕهێننووسی ئاشکرا کرد، دەتوانێت شتانێکی زۆر جیاواز سەبارەت بە هەندێک بابەتی ناوخۆیی و، کەشێکی تایبەت، پێشنیاز بکات، وا دیارە لەو کاتەدا ئەدەبی فەڕەنسی لەبارەیەوە هەژار بوو. چونکە ئەو سەرکەوتنەی فەڕەنسا ڕایگەیاند، دەسبەجێ وەک سەرکەوتنێکی ئەوروپی راگەیەندرا و، بۆرخێسیش، بەو شۆخییە باوەی بەرامبەر بە خۆی پێی ناسراو بوو، ڕایگەیاند من داهێنراوی ڕۆژێ کایوام. ئەو شتەش کە بە "تەقینەوەی ئەدەبی ئەمەریکای باشوور" ناودێر دەکرێت، پاشماوەی کارەکەی تەواو کرد. بازاڕی کولتووریی "بۆرخێسی ئامادە کرد و، گێڕانەوە و چیرۆکەکانی لە ڕەگەزی ئەو فانتازیایەدا ڕێک خست، کە وەک دروشمێکی ئەدەبی ئەمەریکی لاتینی لکاندی و، خودی بۆرخێس خۆی، بە ناچاری، وەک نوێنەری شێوازی تەواوی کیشوەرێک خۆی بینییەوە".

بەڵام، هەروەها دوور لەم پێودانانە، پێویستە من بە تایبەتی بڵێم ئەو ڕەتکردنەوەیەی بۆرخێس شوناسی کەسیی خۆی ڕەت کردەوە (ڕازی نەبوو کەسێک بێت لە کەسەکان) تەنها هەڵوێستێکی بوونگەرایانەی پڕ لە گاڵتە نییە، بەڵکو بابەتی سەرەکیی ناو گێڕانەوەکانێتی، ئەو ناوەڕۆکەیە هەموو ئەو مەبەستە گەورانە ڕێک دەخات، کە تایبەتمەندیی کارەکەیەتی: کات بازنەییە (بۆ نموونە وەک لە چیرۆکی ئەلف- دا) شەقڵی جاویدانیی یادگە (فۆنیس یاخود یادگە)، وێڵگەرد (چیرۆکی نەمرەکە)، ئاوێنە (چیرۆکی کتێبخانەی بابل)، دژواریی دیاریکردنی چاکە و خراپە (چیرۆکی سێ ڕۆمانی لیهوا)، بابەتی ناپاک و پاڵەوان و هەموو خوازەکانی دیکەی ئەو دۆخەی بۆ ڕوونکردنەوەی ڕوانگەی خۆی بۆ جیهان دایهێنان، یاخود، با قسەکەی شۆپنهاوەری فەیلەسووفی دڵخوازی خۆی بە نموونە وەربگرین؛ جیهان وەک ویست و وێناکردنێک.

بۆرخێس، لە چیرۆکی شێوەی شمشێردا، لە ڕێگەی کەسایەتییەکەیەوە کە ناوی جۆن ڤینسنت مۆنە، جەختی لەسەر ئەمە کردووەتەوە: "ئەو کارەی مرۆڤێک دەیکات، وەک ئەو کارەیە هەموو خەڵک دەیکەن، هەر بۆیە ڕەوایە یاخیبوونی کەسێک لە بەهەشت، هەموو چەشنی مرۆڤ بگرێتەوە، وەک چۆن ڕەوایە چوارمێخەکێشانی جوویەک بەسە بۆ ڕزگاربوونی چەشنی مرۆڤ"، پێدەچێت شۆپنهاوەر ڕاستی بۆ چووبێت، کاتێک گوتویەتی: "من هەموو ئەوانی دیکەم، هەر مرۆڤێک، هەموو خەڵکە..."، شکسپیریش تا ڕادەیەک، لە جۆن ڤینسنت مۆنی بەدبەخت دەچێت.

ئاخۆ بۆرخێس بێباوەڕ بوو؟ ئەو شتەی من بۆی دەچم ئەوەیە، بۆرخیس بێباوەڕ نەبوو (یاخود ڕەنگە بە ڕەهایی بێباوەڕ نەبووبێت). لەوانەیە زیاتر لە شۆپنهاوەر بێباوەڕ بووبێت، بە گوێرەی دوایین دەقەکانی شۆپنهاوەر: چونکە لەناو ئەو کارانەیدا، ڕۆحێکی گەورەی سپینۆزاییانە و، چەشنێک لەو کەرەستە سەرەتاییە بە کۆمەڵە هەیە، کە پێشوازیی لە تەواوی چەشنی مرۆڤ دەکات. لە ئەدەبدا پێشوازیی لە هەموو ئەدەب (یاخود کرۆکی ئەدەب) دەکات، دوور لە ڕیزبەندیی هاودەمی: ڕیزبەندییەک کە دەتوانێت وا لە هۆمیرۆس بکات، پاش لیۆپاردی یاخود پاش پڕۆست بێت.

وانە گەورەکەی ئەو، وانەی ئەو مامۆستایەیە کە هەمیشە بە شێوازێکی گاڵتەجاڕانە ڕازی نابێت لەم شتەوە سەرەوخوار بووبێتەوە: ئەدەبیش بە هەمان شێوەی چەشنی مرۆڤ، بیرۆکەیەکی بە کۆمەڵە، چەشنێکە لە ڕۆح هەموو ئەوانە بەشداریی تێدا دەکەن کە دەنووسن. چونکە ئەو شتەی بۆرخێس کتومت بەکاریدەهێنێت، ئەمەیە: متمانەیەکی زۆری بە ئەدەب هەیە، هاوکات، بە شێوازێکی دژواز، بە شێوەیەکی ڕیشەیی ئەدەب ڕەت دەکاتەوە. وانەیەکی بەرزە لەبارەی نازانمخوازییەوە.

هەربۆیە بۆرخێس لە لایەن لایەنگرانی بەرەی ڕاست و چەپەوە سەرکۆنە و ڕەخنە دەکرا، لەبەر ئەوەی لە ڕێگەی خوازە ئەدەبییەکانی خۆیەوە، زۆر چاک ئەوەی ڕوون کردەوە کە لە هیچ باوەڕ و بۆچوونێکدا بەشدار نییە، لە سەرەتادا پشت بە نازانمخوازیی نابەستێت. کەواتە کتومت ئەو شتە چییە کە بۆرخێس تێیدا بەشدار بوو؟ من هەمیشە دوور لە بژاردە سیاسییە ناکاوەکانی پرسیارم کردووە، بڕێک بژاردەی هەمیشە تووڕە و بەبێ دوودڵی بزوێنەرن.

بۆرخێس تەنها سەر بە ژیریی خۆی بوو. لەمە بترازێت، من لە قووڵاییدا هیچ پەیوەندییەک نابینم. هەمیشە بەو جۆرە بیرم کردووەتەوە کە ئەو مرۆڤێکی سەر بە سەردەمی ڕۆشنگەرییە بە شێوازێکی "پێچەوانە".

من زۆر چاک دەزانم ئەو شتەی کە گوتم ڕەنگە ئاڵۆز بێت، هەر بەو جۆرەشە، بەڵام لەو شێوازەدا کە بۆرخێس مەزەندەی جیهان دەکات، تەوژم و نیشانەیەک هەیە کتومت ئەم واتایەیان هەیە: خواستێک بۆ ئەقڵانیکردنی بابلی ڕاستی، بەبێ بڕوابوون بە بیرۆکەی پێشکەوتن، بە لای منەوە قووڵ و پێشوەختەیە. جێگیربوونی ئەو لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە، وێڕای هەندێک پەیوەندیی لە ماوەی ژیانیدا، توانای ئەوە بە نەوەکانی دیکە دەبەخشێت، ئەو شتە بکات ئەگەر جیهان ئەم چەشنە مەزەندانەی پێویست بوو. چونکە ئەوەی دەرهەق بەو بڵێین نووسەرێکی گرنگە، ئەمە بەڵگەنەویستە و هیچ بەهایەکی نییە. لە بەرامبەردا، بایەخی ئەو لە ڕووی ڕەخنەییەوە، ئەوانە ناتوانن نکوڵی لێ بکەن (ژمارەشیان زۆرە) کە سەرکۆنەی دەکەن. بەم پێیە، شتەکە واتایەکی ڕەخنەیی هەیە. خواستی ئەو بۆ داهێنان و دژبەریی و، شارەزایی و لێهاتوویی لە بە قسەهێنانی هەر شتێک کە وا دیارە بە تەواوی دەستمان پێیان ڕا دەگات و، یاریکردن بە پێوەرە ئیستاتیکی و ئاکارییەکان، بەڵگەی بیرتیژییەکن مشتومڕ هەڵناگرێت. لە کۆتاییشدا ڕێزێکی تایبەت بە توانای سەبارەت بە ئاشکراکردنی ناوچەی تاریکی ڕاستی و، ئەو گواستنەوەیە دەبەخشرێت، کە بیرۆکەی ئەوەی بۆ گواستینەوە، دیار و بەرهەست و بەڵگەنەویست- بە دەربڕینێکی دیکە بەرجەستە- بڕێک دیاردەی تاریک و بێ گومانیان شاردووەتەوە، دەشێت ئەم بەرجەستەیە بهەژێنن و بگۆڕن و بخەنە دۆخی شکستەوە.

ئەم چەشنە ڕێکارە وردە، بۆرخێس بە تایبەتی لەو چیرۆکانەیدا بەرجەستەی کردووە کە بە "ڕاستەقینە" ناودێر دەکرێن، لەناو ئەو چیرۆکانەشدا من باسی چیرۆکی ئێما زۆنز لە کۆمەڵەچیرۆکی ئەلف و، کابرای خاوەنماڵە سوورەکە لە هەمان کۆمەڵەچیرۆک و، ئینجیل بە گوێرەی قەشە مەرقەس لە کۆمەڵەچیرۆکی دەستنووسی برودی دەکەم. ئەم چیرۆکە ڕاستەقینانەی بۆرخێس، کە زۆربەیان لە گۆڤاری باشوور لە بۆینس ئایرس بڵاو کرانەوە و، بەشێکی زۆریانی لە هەواڵەکانەوە وەرگرتووە (پێم وایە زۆر گرنگە ئەو بایەخە تۆمار بکەین کە بۆرخێس بە هەواڵەکان Fatis divers ی دەدات، بە بڕوای من ئەم بایەخە جوانترین لایەنی گێڕانەوەکانی بۆرخێسن، چونکە لە ڕێگەی شێواز و ڕێگەکانی کابرایەکی لێکۆڵەری نامۆوە، گومان سەبارەت بە ڕاستی گواستووەتەوە وەک چۆن درمێک یاخود پەتایەکمان بۆ دەگوازرێتەوە، هەروەها ترس و پارێزی بەرامبەر بە بەڵگەنەویستی و، بیرۆکەی ڕاستیی یەکسان بە ژیانی گواستووەتەوە).

با ئێمە چیرۆکی ئێما زۆنز بە نموونە بهێنینەوە: بۆرخێس چیرۆکی کیژێکی جووی (ئەم چیرۆکە ڕاستەقینەیە و لە بۆینس ئایرس ڕووی داوە) بە نەژاد ئەڵمانمان بۆ دەگێڕێتەوە، بۆ ئەوەی تۆڵەی مردنی باوکی خۆی بستێنێتەوە، خۆی دەبەخشێت بە دەریاوانێکی نەناس لاقەی بکات، تەنها لەپێناو ئەوەی بتوانێت ئەو پیاوە بکوژێت کە خێزانەکەی پایەماڵ کرد، لەو بارەیەشەوە چەندین پاساوی قایلکەری دا بە دەست پۆلیسەوە. چیرۆکەکە بەم وشانە کۆتاییان دێت: "گومانی تێدا نییە چیرۆکی ئێما زۆنز چیرۆکێکی سەرسوڕهێنەرە، بەڵام خۆی بەسەر هەموواندا دەسەپێنێت، لەبەر ئەوەی لە ناوەڕۆکدا ڕاستەقینە بوو. تۆنی دەنگی ڕاستەقینە بوو، وەک چۆن شەرم و قینەکەشی ڕاستەقینە بوون، تاکە شتی هەڵە، هەلومەرج و کات و هەندێک لە ناوەکانە".

من پێم وایە کاتێک بۆرخێس دژوازیی ژیان بەکاردەهێنێت و لەسەر ئەدەب تاقی دەکاتەوە، لە ڕاستیدا دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت کە نووسەر، پێش هەر شتێک، کەسایەتییەکە داهێنراوی دەستی ئەو خۆیەتی، ئەگەر بمانەوێت بەشداری لە دژوازییەکەی ئەودا بکەین و یارییەکەی پەسەند بکەین، بۆمان هەیە بڵێین خۆرخێ لویس بۆرخێس کەسایەتییەکە داهێنراوی کەسێکە ناوەکەی خۆی هەڵگرتووە، ئەو وەک خۆی بوونی نەبوو. ژیانی ئەو کتێبێکە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×