سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، گەیشتنی هەڵبژاردەی عێراقی بۆ یارییەکانی کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٦ بە "مژدەیەکی خۆش" و "دەستکەوتێکی مێژوویی" وەسف کرد و جەختی کردەوە کە ئەمە جێگەی شانازییە بۆ هەموو عێراقییەکان.
ئاوێنە: بارزانی لە پەیامێکی پیرۆزباییدا ڕایگەیاند: "بۆبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی عێراق بۆ مۆندیال لە مەکسیک، دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردەی بۆلیڤیا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی عێراق و وەرزشوانان و یاریزانانی هەڵبژاردەکە دەکەم".
هەروەها وتیشی: "ئەم دەستکەوتەی کە دوای چاوەڕوانییەکی ٤٠ ساڵە هاتە دی، مژدەیەکی خۆش و جێگەی شانازییە بۆ هەموو عێراقییەکان. دەستخۆشی لە سەرجەم ئەندامانی هەڵبژاردەکە دەکەم کە بەهۆی هەوڵ و دڵسۆزییانەوە، خەونی گەیشتن بە مۆندیالیان کردە ڕاستی".
سەرۆکی هەرێم لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "هیوای بەردەوامیی سەرکەوتن و سەرکەوتنی زیاتر بۆ هەڵبژاردەی عێراق لە مۆندیالدا دەخوازم، ئومێدەوارم ئەم سەرکەوتنە ببێتە هاندەرێک بۆ تەبایی و شادی زیاتر بۆ هەمووان".