ماکرۆن پلانی ئاشتیانە بۆ گەرووی هورمز ڕادەگەیەنێت و یەکەم کەشتیی فەڕەنسیش بەناویدا تێدەپەڕێت
  2026-04-03       477       

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند کە فەڕەنسا لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا پلانی هەیە بۆ پڕۆسەیەکی ئاشتیانە بەمەبەستی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز و یاوەریکردنی نەوتهەڵگرەکان و کەشتییە بارهەڵگرەکان. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "مەحاڵە ئەو کێشانەی ئێران دروستیان دەکات لە ڕێگەی بۆردومانکردنەوە چارەسەر بکرێن"، ئەمەش بەپێی ئەوەی کەناڵی "بی ئێف ئێم" (BFM)ـی فەڕەنسی گواستوویەتیەوە.

ئاوێنە: ​ڕۆژی پێنجشەممەش، ماکرۆن پێی وابوو کە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ کردنەوەی گەرووەکە "ناواقیعییە"، چونکە بابەتەکە "پێویستی بە کاتێکی زۆر درێژ دەبێت، و هەموو ئەوانەی بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن ڕووبەڕووی هەڕەشە دەکاتەوە."

​لە لایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەو دەنگدانەی دواخست کە بڕیاربوو ئەمڕۆ هەینی لەسەر پڕۆژە بڕیارێکی بەحرەین ئەنجام بدرێت، کە ڕێگە بە بەکارهێنانی "هێزی بەرگری" دەدات بۆ پاراستنی دەریاوانی لە گەرووەکەدا. لە هەمان کاتدا ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری دیپلۆماتکارێک و بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گواستییەوە کە ڕووسیا، چین و فەڕەنسا لەسەر ئەرزی واقیع هەوڵەکانی وڵاتانی عەرەبییان لەباربردووە بۆ هاندانی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ڕێگەدان بە ئەنجامدانی کارێکی سەربازی دژی ئێران لەپێناو کردنەوەی گەرووەکەدا، بە ڕاگەیاندنی دژایەتییان بۆ هەر فۆرمولەیەک کە ڕێگە بە بەکارهێنانی هێز بدات.

​کەشتییەکی فەڕەنسی بە هورمزدا تێدەپەڕێت

لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، کەشتییەکی هەڵگری کۆنتەینەر کە خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گرووپی "سی ئێم ئەی سی جی ئێم" (CMA CGM)ـی فەڕەنسی، بە گەرووی هورمزدا تێپەڕی. ئەمەش یەکەمین تێپەڕبوونی ڕاگەیەندراوە بۆ کەشتییەکی سەر بە ئەوروپا لە دوای داخرانی ئەو ڕێڕەوە گرنگەوە، کە بەدوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە پێش ٣٥ ڕۆژدا هات.

​کەشتیی "کڕێبی" (Kribi)، کە ئاڵای ماڵتای هەڵگرتووە، پاشنیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات بە گەرووەکەدا تێپەڕی، و ئەمڕۆ هەینیش لە قەراغاوەکانی شانشینی عومان بەردەوامە لە گەشتەکەی بەبێ ئەوەی ئاراستەی دیاریکراوی کەنارگیرسانی ئاشکرا بکرێت، ئەمەش بەپێی ئەو داتایانەی کە ماڵپەڕی "مارین ترافیک" (MarineTraffic) بۆ چاودێریکردنی جووڵەی دەریاوانی خستوویەتیەڕوو.

​ئەو کەشتییە کە سەر بە سێیەم گەورەترین کۆمپانیای گواستنەوەی کۆنتەینەرە لە جیهاندا، بە باکووری دوورگەی لارک و لە نزیک کەناراوەکانی ئێراندا تێپەڕیوە، لە ڕێڕەوێکی دەریاییدا کە پێدەچێت لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێراندا لەسەری ڕێککەوتبن.

​پێشتریش کۆمپانیای "لۆیدز" (Lloyd's)ـی تایبەتمەند بە بواری دەریاوانی، ڕایگەیاندبوو کە ئەو کەشتییانەی دەیانەوێت بۆ دەرچوونی سەلامەت لە گەرووەکە ئەو ڕێڕەوە بەکاربهێنن، دەبێت بڕێک پارە وەک باج بە تاران بدەن.

​دۆستەکانی ئێران تێدەپەڕن

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، چین پشتڕاستی کردەوە کە سێ کەشتیی کۆنتەینەرهەڵگر بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، لە کاتێکدا مالیزیا جەختی لەوە کردەوە کە ئێران ڕێگەی بە نەوتهەڵگرەکانی مالیزیا داوە بەبێ پێدانی هیچ باجێک بە گەرووەکەدا تێپەڕن.

​چەندین جاریش ئێران ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە ڕێگە بە تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانە نادات کە پەیوەندییان بەو وڵاتانەوە هەیە کە شانبەشانی ئەمریکا و ئیسرائیل تێوەگلاون لە هێرشکردنە سەری، هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە کە ڕەنگە لەسەر بنەمای هەماهەنگیی پێشوەختە ڕێگە بە تێپەڕبوونی کەشتیی وڵاتانی دۆست بدات.

​دوێنێ پێنجشەممە بەریتانیا میوانداریی کۆبوونەوەیەکی کرد کە زیاتر لە ٤٠ وڵات تێیدا بەشداربوون بۆ تاوتوێکردنی ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووەکە و زامنکردنی تێپەڕبوونی سەلامەت بەناویدا. هەروەها پشتیوانی خۆیشی بۆ هەوڵەکانی بەحرەین سەبارەت بە دەرکردنی بڕیارێک لەسەر ئەو پرسە ڕاگەیاند.

​داخرانی گەرووی هورمز - کە نزیکەی ٢٠٪ـی دابینکردنی نەوت و گازی شلی جیهان بەناویدا تێدەپەڕێت - بووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی تیژی نرخی وزە و تێکچوونی زنجیرەکانی دابینکردن.

​جووڵەی دەریاوانی بە گەرووی هورمزدا بە شێوەیەکی بێپێشینە پاشەکشەی کردووە، بەجۆرێک ژمارەی ئەو کەشتییانەی تێپەڕیون بە ڕێژەی ٩٣٪ بە بەراورد لەگەڵ قۆناغەکانی پێش جەنگ کەمی کردووە، ئەمەش بەپێی داتاکانی کۆمپانیای "کپلەر" (Kpler) بۆ شیکارییەکانی گواستنەوەی دەریایی. هەروەها کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە، نزیکەی ٢٢٥ کەشتیی گواستنەوەی کەرەستەی خاو بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×